- ئایا تا چه‌ند دروسته وشه‌ی عیشق و مه‌عشووق له‌گه‌ڵ خوای په‌روه‌ردگاردا به‌کار بهێنرێت؟
-
تا هیچ! عیشق و مه‌عشووق هه‌مووی عیلاقه‌ی به دڵداری و خۆشویستنی دوو جنسی به‌رانبه‌ر یه‌که‌وه هه‌یه. جا ئه‌گه‌ر نه‌شێت به‌ینی قوتابی و مامۆستایه‌کی خۆی عیشق و مه‌عشووق به کار بهێنرێت و پێی ده‌ڵێین جنسێکی مونحه‌ریف، مامۆستایه‌کی پیاو کوڕێکی گه‌نجی خۆش بوێت یان مه‌لایه‌ک فه‌قێیه‌کی خۆیی خۆش بوێت یان مامۆستایه‌کی ئافره‌ت کچێکی ته‌له‌به‌ی خۆی خۆش بوێت به‌و شێوه‌یه، که بۆ ئه‌وانه نه‌شێت بڵێین عیشق و مه‌عشووق، ده‌ی بۆ خوای په‌روه‌ردگار چۆن ده‌شێت؟! دوای ئه‌وه ئه‌م وشه‌ی عیشق و مه‌عشووقه بۆچی رۆژێک له رۆژان نه‌مانبینیوه له هیچ به‌ڵگه‌یه‌کدا، نه له قورئاندا‌و نه له فه‌رمووده‌داو نه له ئه‌و هه‌موو ئیمامه به‌ڕێزانه که ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستی خوای په‌روه‌ردگاره‌یان له دڵ و ده‌رووندا بووه، هه‌رگیز به کاریان نه‌هێناوه.
له‌به‌ر ئه‌وه جه‌نابیشت به کاری مه‌هێنه؛ واللّه تعالی أعلم.
- ئایا بینینی خوای گه‌وره له خه‌وندا شیاوه؟ یه‌عنی که‌سێک خه‌وتووه‌و خوای په‌روه‌ردگار له خه‌ودا ببینێت؟
-
به‌ڵێ شیاوه به‌و مه‌رجه‌ی جسمی تێدا ده‌ر نه‌که‌وێت، واته هیچ جۆره په‌یکه‌رێک، لاشه‌یه‌ک، جه‌سته‌یه‌ک، شتێکی تێدا ده‌ر نه‌که‌وێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگێکه هه‌رچه‌نده ده‌نگیش بۆ خۆی وزه‌یه‌و له ماده‌وه هاتووه یان نوورێکه‌و له نووره‌که‌وه دێت، ئه‌وه ده‌شێت به‌وه ته‌فسیر بکرێت؛ واللّه تعالی أعلم.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بزانین که ئه‌حکامی شه‌رعی له‌سه‌ر دانامه‌زرێت؛ ناشێت یه‌کێک بڵێت وه‌ڵا خوای په‌روه‌ردگاری به خه‌ون بینیوه‌و فه‌رمانی شتێکی پێ کردووه‌و ئه‌ویش ئه‌و فه‌رمانه بکات، ئه‌مه ناشێت و ئه‌وه ته‌نها بۆ پێغه‌مبه‌رانه (سه‌لامی خوایان لێ بێت).
- ئایا خوای گه‌وره له حه‌شردا ده‌بینرێت؟
-
له حه‌شردا نییه، بینینی خوای په‌روه‌ردگار له به‌هه‌شتدایه؛ زۆر ده‌لیل له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه‌و پێغه‌مبه‌ری نازداریش (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێت: «ئێوه خوای خۆتان ده‌بینن له به‌هه‌شتدا هه‌روه‌کو که مانگه‌شه‌وی چوارده ده‌بینن له نیوه شه‌ودا» [له زۆر فه‌رمووده‌ی بوخاری و موسلیمدا ئه‌مه هاتووه؛ بۆ نموونه: البخاري: 573؛ مسلم: 299].
- ئایا عوزر به جه‌هل له عه‌قیده‌دا هه‌یه؟
-
به‌ڵێ عوزر به جه‌هل له عه‌قیده‌دا هه‌یه، هه‌روه‌کو به به‌ڵگه‌ی سه‌حیح و دروست سه‌لماوه که هه‌ندێک جار شوێنکه‌وتووانی پێغه‌مبه‌رانی به‌ڕێز سه‌یدنا مووسا‌و سه‌یدنا عیسا‌و سه‌یدنا موحه‌ممه‌د (سه‌لامی خوایان لێ بێت) تووشی جه‌هل بوون به جه‌هله‌که‌ی خۆیان که‌وتوونه‌ته هه‌ڵه‌ی عه‌قائیدییه‌وه؛ بۆ نموونه:
یه‌که‌م: ئه‌وانه‌ی له خزمه‌تی سه‌یدنا مووسادا بوون وتیان: «اجْعَل لَّنَا إِلَهاً كَمَا لَهُمْ آلِهَةٌ»؛ «خوایه‌کمان بۆ دابنێ بیپه‌رستین وه‌کو که ئه‌و هۆزه کۆمه‌ڵه خوایه‌کیان هه‌یه‌و ده‌یپه‌رستن!»، گوێره‌که‌یه‌کمان بۆ دانێ ئێمه ده‌یپه‌رستین! ده‌ی ئه‌مه شیرکێکی گه‌وره‌یه‌و له‌مه زیاتر بۆ کوێ؟ جا سه‌یدنا مووسا هه‌ڵه‌که‌ی راست کردنه‌وه‌و باسی جه‌هله‌که‌شیانی کرد: «قَالَ إِنَّكُمْ قَوْمٌ تَجْهَلُونَ» [الأعراف: 138]؛ «به‌ڕاستی ئێوه هۆزێکی نه‌زان و جاهیلن».
دووه‌م: ئه‌وانه‌ی له‌خزمه‌ت سه‌یدنا عیسادا بوون، شوێنکه‌وتووی ئه‌و بوون عه‌رزیان کرد: «هَلْ يَسْتَطِيعُ رَبُّكَ أَن يُنَزِّلَ عَلَيْنَا مَآئِدَةً مِّنَ السَّمَاءِ» [المائدة: 112]؛ «ئایا خواکه‌ی تۆ ئه‌توانێت خوانێک له ئاسمانه‌وه بنێرێته خواره‌وه بۆ سه‌ر ئێمه؟» که ئێمه لێی بخۆین و ببێت به خواردن بۆ ئێمه‌ش و بۆ ئه‌وانه‌ی دوای ئێمه‌ش؟ ئێ ئه‌مه شک کردنه‌و له رووی جه‌هل و نه‌زانینیشه‌وه بوو.
سێیه‌م: ئه‌وانه‌ی له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بوون (علیه الصّلاة والسّلام) که له فه‌رمووده‌ی ئه‌بو واقیدی له‌یسیدا هاتووه که ده‌فه‌رموێ: له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بووین (علیه الصّلاة والسّلام) پێش له حونه‌ین، موشریکه‌کان دره‌ختێکیان هه‌بوو شمشێره‌کانیان پێدا هه‌ڵده‌واسی بۆ پیرۆزکردنی به ئۆمێدی سه‌رکه‌وتن! ئێمه‌ش عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوامان کرد (علیه الصّلاة والسّلام): جه‌نابیشت سیدره‌یه‌ک بۆ ئێمه دیاری بکه! فه‌رمووی: «اللَّهُ أَكْبَرُ، هَذَا كَمَا قَالَتْ بَنُو إِسْرَائِيلَ لِمُوسَى: «اجْعَلْ لَنَا إِلَهًا كَمَا لَهُمْ آلِهَةً».» [أحمد: 21897 و 21900؛ الترمذي: 218؛ النسائي: 11121؛ ابن حبّان: 6702؛ ئه‌لبانی به سه‌حیحی داناوه (صحیح موارد الظمآن: 1540)]؛ «اللّه أکبر! به‌ڕاستی ئه‌مه‌ی ئێوه ده‌یڵێن رێک وه‌ک ئه‌وه وایه که به‌نی ئیسڕائیل به مووسایان وت: خوایه‌کمان بۆ دابنێ بیپه‌رستین وه‌کو که ئه‌و هۆزه کۆمه‌ڵه خوایه‌کیان هه‌یه‌و ده‌یپه‌رستن!». ئه‌وه یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ری خوان (علیه الصّلاة والسّلام) که‌وتوونه‌ته ئه‌و جه‌هله‌وه که جه‌هلی عه‌قیده‌شه.
له سه‌حیحی موسلیمیشدایه [فه‌رمووده‌که ئاوایه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «قَالَ رَجُلٌ لَمْ يَعْمَلْ حَسَنَةً قَطُّ، لِأَهْلِهِ: إِذَا مَاتَ فَحَرِّقُوهُ، ثُمَّ اذْرُوا نِصْفَهُ فِي الْبَرِّ وَنِصْفَهُ فِي الْبَحْرِ، فَوَاللهِ لَئِنْ قَدَرَ اللهُ عَلَيْهِ لَيُعَذِّبَنَّهُ عَذَابًا لَا يُعَذِّبُهُ أَحَدًا مِنَ الْعَالَمِينَ، فَلَمَّا مَاتَ الرَّجُلُ فَعَلُوا مَا أَمَرَهُمْ، فَأَمَرَ اللهُ الْبَرَّ فَجَمَعَ مَا فِيهِ، وَأَمَرَ الْبَحْرَ فَجَمَعَ مَا فِيهِ، ثُمَّ قَالَ: لِمَ فَعَلْتَ هَذَا؟ قَالَ: مِنْ خَشْيَتِكَ، يَا رَبِّ وَأَنْتَ أَعْلَمُ، فَغَفَرَ اللهُ لَهُ» (مسلم: 2756)] که کابرا‌یه‌ک وه‌سیه‌ت ده‌کات و به کوڕه‌کانی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر مردم بمسووتێنن، سووتووه‌که‌م هه‌ڵبگرن و له رۆژێکی ره‌شه‌بای به‌هێزدا بیده‌ن به ده‌م باکه‌وه با هه‌ر تۆزه‌ی ببات بۆ شوێنێک، چۆنکه ئه‌گه‌ر خوای په‌روه‌ردگار بتوانێت کۆم بکاته‌وه ئه‌وه دیاره موحاسه‌به‌یه‌کی زۆرم ده‌کات! ده‌ی خۆ ئه‌مه گومانه له قودره‌تی خوای په‌روه‌ردگار، له ئه‌ساسیاتی ئیمان هێنان که ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه که خوای په‌روه‌ردگار ئه‌م وجووده‌ی دروست کردووه‌و به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا به‌توانایه، ده‌ی ئه‌م کابرایه گومانی له‌وه بوو؛ ئه‌مه گومانه به‌ڵام له‌ڕووی جه‌هله‌وه بوو له عه‌قیده‌که‌دا، بۆیه خوای په‌روه‌ردگاریش لێی خۆش بوو، چونکه له ترسی خوای گه‌وره ئه‌مه‌ی کردبوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ جه‌هل و نه‌زانیندا.
که‌واته به‌ڵێ حوزر به جه‌هل له عه‌قیده‌دا هه‌یه؛ واللّه تعالی أعلم.
- که‌رامه‌تی ئه‌ولیا چیه؟
-
یه‌که‌م خاڵ ئه‌وه‌یه که وا نه‌زانین ئه‌ولیا بوون به شاڵی سه‌وزو که‌شیده‌و به‌م جۆره مه‌لامیحانه ده‌بێت یان به جیببه‌و عه‌مامه‌و ریشی درێژ و ...، نا ده‌شێت ته‌له‌به‌یه‌کی جامیعه بێت! ئه‌ولیا خۆی جه‌معه، هه‌رچه‌نده کورد هه‌ر به یه‌ک که‌سیش ده‌ڵێت ئه‌ولیایه به‌ڵام خۆی ئه‌ولیا جه‌معی وه‌لییه، وه‌لیش ئه‌و که‌سه‌یه که خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: «الَّذِينَ آمَنُواْ وَكَانُواْ يَتَّقُونَ» [یونس: 63]؛ «ئه‌وانه‌ن که باوه‌ڕیان به خوای گه‌وره هێناوه‌و به ده‌ره‌جاتی ته‌قواکارییه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوون».
وه‌لییه‌که ده‌شێت ئافره‌تێکی موسوڵمان بێت؛ خه‌ڵکی لای ئێمه وا ده‌زانن ته‌نها رابێعه‌ی عه‌ده‌وی له ئافره‌تاندا وه‌لی بووه، یان که ده‌وترێت پیاوی چاک و پیاوی ساڵح و وه‌لی خوا وا ده‌زانن ته‌نها شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئه‌حمه‌دی شێخ و ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه! به‌ڵام له راستیدا ده‌شێت وه‌لییه‌که کابرایه‌کی کرێکاری حه‌ڵالخۆرو ره‌نجده‌ر بێت که به ده‌ره‌جه‌کانی ته‌قوایا سه‌ر که‌وتووه‌و ئیماندارێتییه‌کی باشی پاراستووه. ئه‌مه پێناسه‌ی وه‌لی که که‌رامه‌تیش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م روو ده‌دا.
پاشان که‌رامه‌ت خۆی بریتییه له چی؟ که‌رامه‌ت وه‌کو موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران وایه له‌و رووه‌وه که شتێکی نائاساییه؛ بۆ نموومه ئێمه له موعجیزاتی پێغه‌مبه‌ری خوادا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌بینیین بۆ نموونه که له ژێر په‌نجه‌کانیه‌وه ئاو هه‌ڵقوڵیوه. یان ئوسه‌یدی کوڕی خوزه‌یر له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بوو (علیه الصّلاة والسّلام) که ته‌شریفی برده ده‌ره‌وه قامچیه‌که‌ی تیشکی بۆ دروست کرد و شه‌وه‌که‌ی بۆ رووناک کردبۆوه که ئه‌مه موعجیزه‌یه. پاشان له ئه‌ولیادا بۆ نموونه ده‌بینین خالیدی کوڕی وه‌لید زه‌هری خوارده‌وه‌و هیچ ته‌ئسیرێکی تێ نه‌کرد! که‌رامه‌تی ئه‌ولیا تایبه‌تیش نه‌بووه به یاوه‌ران و تابیعین و غه‌یری ئه‌وانیشه‌وه، که‌رامه‌ت بۆ ئه‌ولیایه هه‌روه‌کو چۆن موعجیزه بۆ پێغه‌مبه‌رانه. جا که پێغه‌مبه‌رایه‌تی کۆتایی پێ هاتووه، ئه‌ولیا هه‌ر به‌رده‌وامن و که‌رامه‌تیشیان به‌رده‌وامه.
که‌وابوو که‌رامه‌ته‌که بریتییه له نێعمه‌تێکی گه‌وره‌ی خوای په‌روه‌ردگار که «خَرقٌ لِلعادة»یه یه‌عنی له رێساکان به‌ده‌ره؛ ئه‌مه‌ش له ژیانی رۆژانه‌دا خه‌ڵکێک حه‌تمه‌ن ده‌یبینێت، ئه‌وانه‌ی که ده‌ره‌جاتیان له‌لای خوای گه‌وره به‌رزه‌و ئیماندار‌و پاکن زۆر شتی له‌و بابه‌تانه ده‌شێت ببینن؛ واللّه تعالی أعلم.
- که‌رامه‌تی ئه‌ولیای خوای گه‌وره چۆن به ده‌ست ده‌هێنرێت؟ یه‌عنی چ شتێک بکات؟
-
که‌رامه‌تی ئه‌ولیا شتێکی رۆشن و مه‌علوومه؛ ئیمامی ته‌حاوی (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) له کتێبه ناسراوه‌که‌ی خۆیدا که هه‌ر به عه‌قیده‌ی ته‌حاوی ناسراوه‌و کتێبێکه که هه‌موو ئوممه‌تی ئیسلام له پاش نووسینی وه‌ریان گرتووه‌و قبووڵیان بووه‌و کتێبێکه سه‌ر جه‌م بیر و باوه‌ڕه‌کانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌تی تێدایه، له لاپه‌ڕه ٨٤دا فه‌رموویه‌تی: « وَنُؤْمِنُ بِمَا جَاءَ مِنْ كَرَامَاتِهِمْ وَصَحَّ عَنِ الثقات من رواياتهم»؛ «باوه‌ڕمان به‌و که‌رامه‌تانه هه‌یه که له وه‌لیه‌کانه‌وه گێڕراوه‌ته‌وه‌و که‌سانی جێمتمانه ریوایه‌تیان کردوون». که‌واته باوه‌ڕمان به که‌رامه‌تیان هه‌یه ئه‌وانه‌ی که له سه‌نه‌دی راسته‌وه‌و له مه‌تمانه‌پێکراوانه‌وه گێرراوه‌ته‌وه.
ئه‌ولیا ئه‌وانه‌ن که باوه‌ڕیان به خوای په‌روه‌ردگار هه‌یه‌و پاشان به پله‌کانی ته‌قواکاریدا سه‌رکه‌وتوون: «أَلا إِنَّ أَوْلِيَاء اللّهِ لاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ . الَّذِينَ آمَنُواْ وَكَانُواْ يَتَّقُونَ» [یونس: 62-63]؛ «ئاگادار بن که به‌ڕاستی چاکان و خۆشه‌ویستانی خوای میهره‌بان نه ترس و بیم روویان تێده‌کات نه غه‌م و په‌ژاره و دڵته‌نگی دایان ده‌گرێت. ئه‌و که‌سانه‌ن باوه‌ڕی به‌تین و دامه‌زراوو پڕسۆزیان هێناوه به په‌روه‌وردگاریان و خۆشیان ده‌پارێزن له خه‌شم و قینی خوا». بۆیه وه‌ک پێشتریش وتوومانه وه‌لی بریتی نییه له‌وه‌ی شاڵی له پشتا بێت یان عه‌مامه‌که‌ی گه‌وره بێت یان ریشی درێژ بێت یان ته‌زبێحێکی گه‌وره‌ی پێ بێت، ئه‌مانه شه‌رت نین، ئه‌وانه مه‌زهه‌ری عیباداتن.
جا ده‌شێت که‌سه‌که خۆی نه‌زانێت که وه‌لییه‌و ره‌نگه بشزانێت به‌ڵام سیتری خۆی ده‌کات و نایه‌وێت وای پێ بڵێن و نایه‌وێت له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی شت ئاشکرا بکات؛ وه‌کو ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) که قوتابییه‌کانی چه‌ند جار شتیان لێ بینیوه وه‌ک ئیبنولقه‌ییمیش باسی ده‌کات و ده‌شڵێت چه‌ند جار پرسیارم لێکرد و وتم: ئه‌گه‌ر فڵان شتم پێ بڵێی! فه‌رمووی: نا پێویست ناکات. ئه‌م که‌رامه‌ته هه‌ر بۆ ئه‌ویش نییه‌و ئه‌ومان وه‌ک نموونه باس کرد، ده‌نا که‌رامه‌تی ئه‌ولیا به درێژایی تاریخ هه‌ر هه‌بووه؛ ئێمه‌ش بینیومانه له موجاهیدانی پێشمه‌رگه‌و له ئافره‌تان و له مامۆستا مه‌لا عوسمانی ره‌حمه‌تی، له گه‌وره‌پیاوانی رۆژهه‌ڵات، له یه‌کێکی وه‌کو کاک ناسری سوبحانی (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت)، هه‌روه‌ها له پاکستان و ئه‌فغانستانیش بینیومانه.
پاشان ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ده‌فه‌رموون که وه‌لی له ئینسیشدا هه‌یه‌و له جننیشدا، یه‌عنی له‌ناو جنۆکه‌شدا ئه‌هلی ته‌قوایان هه‌یه له پیاو و ژنان. نموونه‌ی که‌رامه‌ته‌کانیش ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه خۆی نه‌خۆش بووبێت و خوای گه‌وره به شتێکی زۆر ئاسان و بچووک چاکی کربێته‌وه، له‌وانه‌یه تووشی کێشه‌یه‌کی گه‌وره بووبێت خوای گه‌وره یه‌کسه‌ر بۆی حه‌ل کردووه، له‌وانه‌یه ده‌ستی به‌سه‌ری منداڵێکا هێنابێت خوای گه‌وره به‌ره‌که‌تی خستبێته سه‌رده‌ستی، له‌وانه‌یه دوعایه‌کی بۆ نه‌خۆشێک کردبێت که نه‌خۆشه‌که ته‌واو مه‌ئیووس و بێهیوا بوون له‌وه‌ی که چاک ببێته‌وه به‌ڵام چاک بۆته‌وه، له‌وانه‌یه خۆی موعه‌ووه‌ق و که‌مئه‌ندام بووبێت و چووه بۆ عومره بۆ خزمه‌ت که‌عبه خوای گه‌وره ره‌حمی پێ کردووه‌و چاک بۆته‌وه؛ ئه‌مانه هه‌مووی رووی داوه.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ی باسمان کرد په‌یوه‌ندییان هه‌یه به‌سه‌ر راده‌ی ئیمان و دیندارێتییه‌که‌وه که ئیمان و دینداریی چه‌ند به قووه‌ته؟ له ته‌قواکاریدا چه‌ند چۆته پێشێ؟ له حه‌رام چه‌ند خۆی دوور خستۆته‌وه؟ چه‌ند سلووکی پارسه‌نگه به دینه‌که؟ هه‌موو ئه‌وانه ته‌بعه‌ن کاریگه‌رییان هه‌یه.
بۆیه نابێت وا بزانین ئه‌ولیا ته‌به‌قه‌یه‌کن وه‌کو سۆفییه‌کان ده‌ڵێن؛ کردوونیان به چه‌ند ده‌سته‌وه: ئه‌تقیاو ئه‌ولیاو ئه‌قتاب و ئه‌بدال و ئه‌مانه! به‌ڕاستی ئه‌مانه هه‌مووی شتێکه بێ ده‌لیل و به‌ڵگه دروستیان کردووه‌و هیچ ده‌لیلێکی له قورئان و سوننه‌تدا نییه‌و له ئه‌خلاق و سلووکی سه‌حابه‌شدا نه‌بووه. بۆ نموونه ئه‌بوبه‌کری سددیق، له ریزی سددیقینه‌و پێشه‌وایه‌تی هیدایه‌تدانه، به‌ڵام خۆ ئه‌م پیاوه به‌ڕێزه هیچ شتێکی تری غه‌یری ته‌بیعه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی تر نه‌بووه، نه‌شیکردووه. ئه‌و یاوه‌ره به‌رێزانه‌ی تریش که هه‌موویان عه‌دل و دادپه‌روه‌رو جێی سیقه‌ن و شتیان لێ وه‌ر ده‌گیرێت و که‌رامه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستیان ده‌رکه‌وتووه وه‌کو خالیدی کوڕی وه‌لید (خوا لێی رازی بێت) که شتێکیان دایێ وتی ئه‌مه چییه؟ وتیان زه‌هره! بیسمیللای لێ کرد و خواردی و هیچیشی لێ نه‌هات وه‌ک له «البدایة والنهایة»دا [ابن کثیر، البداية والنهاية: 6/347]و هه‌روه‌ها له شه‌رحی ئوسوولی ئیعتیقادی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌تدا [سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی فه‌رمووده‌که‌ش: أحمد: 1478؛ الطبراني: 3809] هاتووه که کتێبێکی شه‌ش به‌رگییه‌و زۆر نایاب و چاکه له‌م بواره‌دا‌و له‌مانه‌ی زۆر وه‌ر‌گرتووه‌ته‌وه‌و ئیمامێکی به‌ڕێز نووسیوێتی که ناوی لاله‌کائییه. هه‌روه‌ها ئیمامی ئیبنوکه‌سیر و زۆر زانای تریش. «حلیة الأولیاء»یش پڕه له‌و بابه‌تانه به‌ڵام پێویسته سه‌نه‌دیان بزانین که سه‌حیحن یان نا.
پاشان ئه‌وه‌ی که چۆن ده‌گه‌ین به‌م پله‌و مه‌قامه؟ ئه‌مه به‌ڕاستی ئێمه نازانین چۆن ده‌گه‌ین، خۆ ئه‌مه شتێک نییه بڵێیت ئیمتیحانێکه‌و ده‌ره‌جات و پله‌یه‌که‌و ده‌که‌وینه سه‌ری و ده‌یهێنین! ناشزانین به چ عیباده‌تێک ده‌گه‌ینه ئه‌و پایه‌و ناشزانین ئایا ده‌یگه‌ینێ یان نا؟ ناشزانین ئایا گه‌یشتووین یان نا؟ له‌به‌رئه‌وه ئه‌مانه شتێکن هه‌ر لای خوای په‌روه‌ردگار دیاری کراوه‌و ئێمه موکه‌لله‌ف و مه‌سئوولین به‌وه‌ی ته‌قواکاریمان به‌رز که‌ینه‌وه‌و بگه‌ینه راده‌یه‌ک که خوای گه‌وره ئێمه‌ی قبووڵ بێت و وه‌ک قورئان ده‌فه‌رموێت لێمان رازی بێت و ئێمه‌ش له‌و رازی بین. ئائه‌مه‌یه ئه‌و لووتکه‌یه‌ی که یاوه‌ران پێی گه‌یشتوون؛ خوای گه‌وره له ئێمه‌ش رازی بێت و بمانگه‌یه‌نێه ئه‌و ده‌ره‌جه‌یه که خۆی پێی قبووڵه؛ ئامین.
- ئه‌گه‌ر پیاوێک دوور بێت له خوا ئایا دروسته ژنه‌که‌ی له‌گه‌ڵی بژی؟
-
ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێی «دوور بێت له خوا» ئه‌مه که‌لیمه‌یه‌کی گشتییه؛ که‌سێک دوور بێت له خوا ده‌شێت شه‌رابخۆر بێت، ده‌شێت داوێنپیس بێت، ده‌شێت فاجرو فاسق بێت. ئه‌گه‌ر له‌مانه بێت، ئه‌وه به‌ڵی دروسته له‌گه‌ڵی بژییێت و ورده‌ورده نه‌سیحه‌تی ده‌کات و عیباده‌تی خۆی و دیندارێتی خۆشی ده‌کات به‌و هیوایه‌ی ئه‌ویش چاک بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کافر بوو جنێوی به خوا ده‌دا، جنێوی به ئیسلام ده‌دا، جنێوی به نوێژی هاوسه‌ره‌که‌ی دهه‌دا ته‌واو لێی جیا ده‌بێته‌وه، مناڵی هه‌بێت یان نه‌یبێت، زۆر بن یان که‌م، گه‌وره بن یان بچووک بن، هه‌ر چییه‌ک بن لێی جیا ده‌بێته‌وه‌و ژیانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کافرێکی مولحیدی وادا ناباته سه‌ر.
- ناوی چه‌ند کتێبێکمان پێ بڵێ که له‌سه‌ر عه‌قیده بێت.
-
من پێم وایه پوخته‌ی پایه‌کانی باوه‌ڕ زۆر باشه که ئێمه‌ش کردوومانه به مه‌نهه‌جی خوێندنی پۆلی یه‌که‌می ئاماده‌یی ئیسلامی له زانکۆی زادیداو له کوردستانیش چاپ کراوه به ناوی پوخته‌ی پایه‌کانی باوه‌ڕ که کاک کاوان کوردی نووسیوێتی و کتێبێکی نایابه. به عه‌ره‌بیش کتێبی «الإیمان»ی موحه‌ممه‌د نه‌عیم یاسین زۆر باشه ده‌سپێک بێت. پاشان کتێبی «فتح المجید» که شه‌رحی کیتابی ته‌وحیدی موحه‌ممه‌دی کوڕی عه‌بدولوه‌ههابه زۆر باشه؛ به‌مه به ته‌فسیل له ته‌وحیدی ئولووهیه‌ته‌که‌و شیرکی ئولووهیه‌ته‌که زیاتر تێ ده‌گه‌یت. پاشان «معارج القبول»ی حافز حه‌که‌می که دوو به‌رگه‌و به ته‌حقیقی ئه‌بوقه‌تاده‌ی فه‌له‌ستینی کردوێتیه سێ به‌رگ، زۆر کتێبێکی نایاب و چاکه. پاشان ده‌که‌ویته سه‌ر خوێندنی عه‌قیده‌ی ته‌حاوی وئینجا شه‌رحه‌کانی که کۆمه‌ڵێکی زۆر له زانایان شه‌رحیان کردۆ‌ته‌وه‌و باشترینیان به لامه‌وه شه‌رحه‌که‌ی ئه‌بوبه‌سیری ته‌ڕتووسییه‌و هه‌روه‌ها عه‌بدولئاخیر حه‌مماد که ئه‌میش زۆر باشه.