X

گەڕان




باوەڕناسی [عەقیدە] >>  ته‌وحیدی ربوبییه‌ت
  •    ئایا خودا بوونی هه‌یه؟
  • ئایا خودا بوونی هه‌یه؟ به‌ڵگه‌کانیشم ده‌سه‌لمێنم به‌ڵام هه‌ر دوو دڵم! کاتی خۆی له په‌یجێکی عه‌لمانی بووم ویستم رێگای راستیان نیشان بده‌م که‌چی خۆم تێ که‌وتم؛ له‌وێ چوومه ده‌ره‌وه ئێستا هیچ وه‌زعێکم نییه. مامۆستا گیان ئامۆژگاریێکم که چی بکه‌م خوا ئیمانم لێ وه‌ر بگرێت؟ فکری زۆر سه‌یرم بۆ دێت؛ ده‌بێت تووڕه نه‌بێت؟ ده‌بێت به به‌نده قبووڵم بکات؟  زۆر بێزار بوومه مامۆستا خه‌ریکه تووشی نه‌خۆشی نه‌فس و شێتی ببم تکایه وه‌ڵامم بده‌نه‌وه.

    برا به‌ڕێزه‌که‌م ئه‌توانیت له سه‌ر وجوودی خوای په‌روه‌ردگار کتێبی تر بخوێنیته‌وه تا زیاتر بگه‌یته یه‌قین؛ بۆ نموونه کتێبی «اللّه» که سه‌عید حه‌ووا نووسیوێتی (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) و کراوه به کوردی و ئێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌و ئه‌توانی بیخوێنێته‌وه، کتێبێکی زۆر نایاب و چاکه. کتێبی تر ئه‌گه‌ر به عه‌ره‌بی بتوانیت بیخوێنیته‌وه ئه‌وه کتێبی «كُبرى اليقينيات الكونية»‍یه که نووسه‌ره‌که‌ی بووتییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت)، ئه‌میش بخوێنیته‌وه زۆر زۆر باشه. کتێبی «قِصّة الإیمان» که به کوردیش هه‌یه بخوێنیته‌وه زۆر باشه. کتێبێکی چاکی تر خوڕافه‌ی ئێلحاده که عه‌مر شه‌ریف نووسیوێتی که به کوردییه. زۆر کارێکی باش و کاریگه‌ر ده‌بێت له‌م کتێبانه بخوێنیته‌وه‌. پاشان ته‌سلیم به خوای گه‌وره‌ش به‌و یه‌قینیشت بۆ درووس ئه‌بێت. جارێ وجوودی خوای گه‌وره خه‌ڵکانێکی ئێجگار که‌م نکووڵییان لێ کردووه؛ ئه‌وه کۆمۆنیستی به زۆر دای به سه‌ر خه‌ڵکییا ئه‌گینا هه‌ر له رووسیا خه‌ڵک باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو که خوا نییه، هه‌ر باوه‌ڕی وا بوو که خوا هه‌یه‌. جه‌نابیشت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه ئه‌توانیت ئه‌و کتێبانه بخوێنیته‌وه، کتێبه‌کانی موسته‌فا مه‌حموودیش هه‌ر بخوێنه‌ره‌وه ان شاء اللّه.


  •    جیاوازی ته‌وحیدی ربووبییه‌ت و ته‌وحیدی ئولووهییه‌ت چییه؟
  • ربووبییه‌ت یه‌عنی په‌روه‌ردگارێتی خوای په‌روه‌ردگارو ئولووهییه‌ت یه‌عنی خوایه‌تی خوای په‌روه‌ردگار یان عوبوودییه‌ت و په‌رستنی خوای په‌روه‌ردگار.

    ته‌وحیدی ربووبییه‌ت: ته‌وحیدی ربووبییه‌ت یه‌عنی باوه‌ڕهێنان به‌و سیفه‌تانه‌ی خوای په‌روه‌ردگار که فیعلن؛ بۆ نموونه ده‌ڵێین خوای گه‌وره بوونه‌وه‌رانی خه‌لق کردووه، یان موڵکه‌که هی ئه‌وه. یه‌عنی باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی که خوای په‌روه‌ردگار خالقه، مالکه، ‌زاڕڕ و نافێع و ئه‌مانه‌یه. باوه‌ڕبوون به خه‌لق و موڵک و زه‌ره‌رو نه‌فع و مرداندن و زیندوو کردنه‌وه‌و ته‌سویر و جه‌عل و ئینشاء و ئیبداع و ئه‌مانه‌ که خوای په‌روه‌ردگار باسی کردووه‌و فیعل و کرده‌وه‌ی زاتی پاکی خۆین؛ خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَهُوَ الَّذِي خَلَق السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ» [هود: ٧]؛ «ئه‌و (خوایه‌) زاتێکه‌ که‌ ئاسمانه‌کان و زه‌وی دروست کردووه‌». ئه‌م خه‌لقه، ئه‌م سیفه‌تانه سیفه‌تی کرده‌وه‌یی خوای په‌روه‌ردگارن؛ خه‌لقی کردووه ئه‌ژییێنێت، ئه‌مرێنێت، رزق ده‌دات، ئه‌گرێته‌وه له‌و، ئه‌به‌خشێت به‌و، ئه‌مانه سیفه‌تی په‌روه‌ردگاریێتی خوای په‌روه‌ردگارن.

    ته‌وحیدی ئولووهییه‌ت: به‌ڵام ئولووهییه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که له ئێمه‌وه چ کرده‌وه‌یێک بۆ خوای گه‌وره ئه‌نجام ده‌درێت؟ سادقانه‌و سه‌رڕاستانه که ده‌بێت عیباده‌ت بێت. عیباده‌ته‌کان یان به دڵ ده‌کرێن یان به زمان یان به کرده‌وه؛ عیباده‌تێک که به دڵ ده‌کرێت وه‌کوو ته‌وه‌ککول و ئومێد و ئیخلاس بۆ خوای په‌روه‌ردگار به‌وه‌ی که هه‌ر کارێک که ده‌یکه‌ین له‌به‌ر خاتری خوای په‌روه‌ردگار بیکه‌ین، یان ؛ ئه‌مه عیباده‌ته، ئه‌مه ته‌وحیدی ئولووهییه‌ته‌که‌یه که ئێمه بۆ ئه‌و زاته پاکه ده‌یکه‌ین، چونکه باوه‌ڕمان وایه که خوای گه‌وره کردگاره‌و په‌روه‌ردگاره‌و ئه‌م سیفه‌تانه‌ی هه‌یه‌و که‌واته ته‌نها ئه‌و شایانی ئه‌م په‌رستنانه‌یه بۆی ئه‌نجام بدرێت. ئه‌م په‌رستنانه‌ش یان له قورئاندا یا له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا (علیه الصلاة و السلام) باس کراون. عیباده‌تی زمانیش وه‌کوو وتنی «سُبحَانَ اللَّهِ وَالحَمدُ لِلَّه وَلَا إِلهَ إلَّا اللَّهُ وَاللَّهُ أَکبَرُ» یان تیلاوه‌تی قورئان و ئه‌مانه. ئه‌و عیباده‌ته‌ش به کرده‌وه ده‌کرێت وه‌کوو نوێژ و رکووع و سجوود و ته‌واف و ئه‌مانه. عیباده‌تیش هه‌یه به پاره ده‌کرێت، پاره‌ی ئه‌وه زه‌کاته‌ی له‌به‌ر خاتری خوای په‌روه‌ردگار داومانه یان خێرو خێراتێکه ئه‌یکه‌ین یان ئه‌چین بۆ حه‌ج. ئه‌مه پێی ده‌وترێت ئولووهییه‌ت یه‌عنی ئه‌نجامدانی عه‌بدایه‌تی خۆمان بۆ خوای پاک و تاک به ته‌نها ئه‌و و به‌و شێوه‌ش که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاةُ وَالسّلام) ئه‌نجامی داوه‌و فێری کردووین.