- ئایا زیندووبوونه‌وه هه‌ر بۆ روحه یان بۆ جه‌سته‌شه؟ ئازاری جه‌هه‌ننم خه‌ونه یان حه‌قیقیه؟
-
هه‌موو شتێکی حه‌قیقییه گومانی تێدا نییه‌و عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت و ئه‌وانی تریش ئه‌مه‌یه‌و هیچ ئیختیلافێک له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که زیندووبوونه‌وه بۆ روح و جه‌سته‌شه به گۆشت و خوێن و ئێسقان و پێست هه‌موو شتێکیه‌وه؛ خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُواْ بِآيَاتِنَا سَوْفَ نُصْلِيهِمْ نَاراً كُلَّمَا نَضِجَتْ جُلُودُهُمْ بَدَّلْنَاهُمْ جُلُوداً غَيْرَهَا لِيَذُوقُواْ الْعَذَابَ إِنَّ اللّهَ كَانَ عَزِيزاً حَكِيماً» [النساء: 56]؛ «به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێناوه به ئایه‌ت و فه‌رمانه‌کانی ئێمه، له ئاینده‌دا ده‌یانسووتێنین به ئاگری دۆزه‌خ، هه‌موو جارێک که پێستیان داوه‌شاو سووتاو هه‌ڵقرچا، پێستی تر ده‌که‌ین به به‌ریاندا، بۆ ئه‌وه‌ی به چاکی سزا‌و ئازار بچه‌ژن، به‌ڕاستی خوا هه‌میشه‌و به‌رده‌وام باڵاده‌سته‌و دانایه». که‌واته به‌پێی ئه‌م ئایه‌ته هه‌ر کاتێک که پێستی ئه‌هلی دۆزه‌خ برژا به عه‌زابی جه‌هه‌ننم و به ئاگری دۆزه‌خ، ئه‌وه پێستێکی که‌یان به به‌را ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی باش ئازاره‌که‌یان پێ بچێژن؛ چونکه خه‌ته‌رترین سووتان ئه‌وه‌یه که به‌س پێستی سووتاندبێت و رۆ نه‌چووه! که کاتێک برینه‌که رۆ ئه‌چێت و سووتاندنه‌که ئه‌چێته گۆشته‌وه، ته‌خفیف ده‌بێت له سه‌ر پێسته‌که. بۆیه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ هه‌روه‌ختێک که پێستیان سووتاو بر‌ژاو داماڵرا، ئه‌و کاته پێستێکی که‌یان به سه‌ردا ده‌که‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئازار بچێژن. ده‌ی باشه ئه‌گه‌ر خه‌ونه ئه‌ی چۆن ئازار ده‌چێژن؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها روحه چۆن باسی پێستی جه‌سته ده‌کات؟ که‌واته هیچ گومان له‌وه‌دا نییه.
پاشان خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «وَقِيلَ لَهُمْ ذُوقُوا عَذَابَ النَّارِ الَّذِي كُنتُم بِهِ تُكَذِّبُونَ» [السجدة: 20]؛ «ئاده‌ی ئه‌و سزا‌و ئازاری ئاگره بچێژن که به درۆتان ده‌زانی». که‌واته گوێ له‌وانه‌ش مه‌گره که ده‌ڵێن زیندووبوونه‌وه ته‌نها بۆ روحه یان سزا‌و ئازاری جه‌هه‌ننم خه‌ون و خه‌یاڵه! ئه‌مانه جاهیل و نه‌زانن؛ ئه‌مانه هیچ عیلمێکیان پێ نییه‌و ته‌نانه‌ت ناشزانن قورئان بخوێننه‌وه.
- شێت و منداڵ و گێلۆکه‌و ئه‌وانه‌ی که دینیان پێ نه‌گه‌یشتووه له دنیادا، له قیامه‌تدا تاقی ده‌کرێنه‌وه؟
-
رای تۆ چییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وترێت شێت و منداڵ و گێلۆکه‌و ئه‌وانه‌ی که دینیان پێ نه‌گه‌یشتووه له دنیادا، له قیامه‌تدا تاقی ده‌کرێنه‌وه؟
له پرسیاره‌که‌دا چه‌ند شتێکت پێکه‌وه هێناوه:
یه‌که‌م: منداڵ؛ مناڵ دوو به‌شن: منداڵی ئه‌هلی ئیسلام و منداڵی ئه‌هلی کوفر. منداڵی ئه‌هلی ئیسلام هیچ گۆمانێکی تێدا نییه که ئه‌هلی به‌هه‌شتن. له‌م باره‌وه پرسیار له ئیمام ئه‌حمه‌د (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) کرا، فه‌رمووی: هه‌ر وا نازانم ئه‌سڵه‌ن پرسیاری له‌سه‌ر بکرێت! یه‌عنی ئه‌وه‌نده روونه‌و پرسیارکردن لێی جێی سه‌رسووڕمانه، چونکه منداڵی موسوڵمان هه‌ر شوێنی به‌هه‌شته‌و هیچ شتێکی نه‌کردووه‌و به‌چکه موسوڵمانه‌و تابیعی خانه‌واده‌و دایک و باوکه‌که‌یه‌تی.
منداڵی ئه‌هلی کوفریش بۆچوونی ئه‌رجه‌ح و په‌سه‌ند له بۆچوونه‌کانی زانایان و ئیمامه به‌ڕێزه‌کان که رای زۆرینه‌شه ئه‌وه‌یه که ئه‌هلی به‌هه‌شتن؛ چونکه ئه‌وانیش مه‌عسوومن و گوناحیان نه‌کردووه‌و هێشتا کوفر‌و ئیمانیان پێ جیا نه‌کراوه‌ته‌وه.
دووه‌م: ئه‌وانه‌ی که شێت و گێلۆکهن؛ ئه‌مانه ئه‌و کاته‌ی که گێل یان شێت بووه تێیدا له دنیادا، وا حیساب ده‌کرێت که هه‌ر له‌و کاته‌وه مردووه؛ واته پاش گێلۆکهییهکهی هیچی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام ئه‌مه‌ی پێشووتری حیسابی له‌سه‌ره له قیامه‌تداو ئه‌مه حیساب ده‌کرێت. بۆ نموونه که‌سێک له بیست و پێنج ساڵیدا شێت بووه، حیسابی کاتی باڵغ‌بوونی تا ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵیه‌که‌ی بۆ ده‌کرێت که به‌ڵێ ئه‌م ئه‌رکانه‌ی جێبه‌جێ کردووه‌و له‌م حه‌رامانه دوور که‌وتووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شێت و گێلۆکه بووبێت ئه‌وه خوای گه‌وره تاقی ده‌کاته‌وه له رۆژی قیامه‌تدا وه‌ک له باسی کافریشدا دێت.
سێیه‌م: ئه‌و کافرانه‌ی که ئیسلامیان پێ نه‌گه‌یشتووه که پێیان ده‌وترێت ئه‌هلی فه‌تره؛ ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی فه‌تره‌ن و ئیسلامیان پێ نه‌گه‌یشتووه، له قیامه‌تدا له مه‌حشه‌ردا تاقی ده‌کرێنه‌وه به‌و شێوازه‌ی که خوای په‌روه‌ردگار پێغه‌مبه‌ریان بۆ ده‌نێرێت و ئه‌م پێغه‌مبه‌ره بۆیان روون ده‌کاته‌وه که من پێغه‌مبه‌ری خوام و خوای گه‌وره ئه‌م فه‌رمانه‌ی پێ داون که بچنه ئه‌و ئاگره‌وه! ئه‌گه‌ر چوونه ئاگره‌که‌وه، ئه‌وه بۆیان ده‌بێت به به‌هه‌شت، ئه‌گه‌ر نه‌چوون ئه‌وه به کافر حیساب ده‌کرێن.
پاشان ئه‌و پرسیاره ده‌کرێت که ئه‌ی باشه خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها به ئه‌قڵ قیاسی که‌ن ناچنه ئاگره‌که‌وه! به‌ڵام لێره ئه‌م وه‌حی و ئه‌قڵه دێته پێش؛ تۆ که زانیت ئه‌مه پێغه‌مبه‌ری خوایه، شوێنی ده‌که‌ویت و ئه‌قڵی خۆت ناکه‌یت به حه‌که‌م به سه‌ر وهحیهکهدا؛ ئه‌وانیش وا ئه‌بن له قیامه‌تدا، ناشێت بڵێت وه‌ڵا من سه‌یر ئه‌که‌م ئه‌مه ئاگره چۆن بچمه ناوی؟ له‌به‌ر ئه‌وه مادام ئه‌مری خوای په‌روه‌ردگاره به پێغه‌مبه‌رێکیشدا ناردوویه‌تی، پێغه‌مبه‌ره‌که‌ش بۆی سه‌لماندوون که نێردراوی خوای په‌روه‌ردگاره‌و ده‌فه‌رموێت: بچنه ئاگره‌که‌وه، ئه‌گه‌ر چوونه ئاگره‌که‌وه بۆیان ده‌بێت به به‌هه‌شت و ئه‌گه‌ر نه‌چوونه ئاگره‌که‌وه بۆیان ده‌بێت به جه‌هه‌ننم؛ واللّه تعالی أعلم.
- ئایا هه‌ر پیاوێک بچێته به‌هه‌شت حه‌فتا حۆری ده‌درێتێ؟
-
به‌ڵێ، فه‌رمووده‌ی هه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: حه‌فتا و له ریوایه‌تی تریشدا حه‌فتاودوو حۆری ده‌درێتێ. هه‌رچه‌نده زانایان له‌سه‌ر فه‌رمووده‌کان لێکۆڵینه‌وه‌و راجوێییان زۆره [بۆ نموونه ئه‌م فه‌رمووده‌یه: «إِنَّ أَدْنَى أَهْلِ الْجَنَّةِ مَنْزِلَةً، الَّذِي لَهُ ثَمَانُونَ أَلْفَ خَادِمٍ، وَاثْنَانِ وَسَبْعُونَ زَوْجَةً، وَيُنْصَبُ لَهُ قُبَّةٌ مِنْ لُؤْلُؤٍ، وَيَاقُوتٍ وَزَبَرْجَدٍ كَمَا بَيْنَ الْجَابِيَةِ وَصَنْعَاءَ» (أحمد: 11723)؛ شوعه‌یب ئه‌رنه‌ئووت و هاوکارانی ده‌رباره‌ی فه‌رموویانه: «سه‌نه‌ده‌که‌ی زه‌عیفه».]. ئه‌مه‌ش له بابه‌ته نهێنییهکانهو خوای گه‌وره خۆی چاکتر ده‌زانێت.
- شه‌یتان له ئاگر دروست کراوه، چۆن به ئاگر ده‌سووتێت؟
-
که‌سێک هات بۆ لای ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت)، وتی باشه شه‌یتان له ئاگر دروست کراوه ئه‌ی چۆن به ئاگر ده‌سووتێت؟ ئیمامی ئه‌بوو حه‌نیفه کڵۆگڵێکی کێشا به کابرایاو وتی ئه‌ی تۆیش له گڵ دروست کراوی ئه‌ی ئه‌و گڵه بۆ ئه‌زیه‌تی تۆی دا؟ باشه ئێمه‌یش له هایدرۆجێن دروست بووین به‌ڵام هایدرۆجێنێک بخرێته سه‌ر لووتمان ئهمانکوژێت! ئۆکسیجنمان لێ ببڕێت ئه‌مرین! یان کابرا ئاسنێک بدات به سه‌رماندا بڵێت وه‌ڵا له جه‌سته‌ی تۆدا ئاسنیش هه‌یه، ده‌ی خۆ کابرا هه‌ر ده‌مرێت.
بۆیه شتێکی سروشتی و سه‌لمێندراوه که شه‌یتان هه‌ر له ئاگر دروست بووه‌و هه‌ر به ئاگریش عه‌زاب ده‌چێژێت؛ چونکه ئه‌و هه‌سته‌وه‌رانه‌ی که هه‌ست به ژانی ئاگره‌که ده‌که‌ن، تێیدا خه‌لق کراوه هه‌ر وه‌کوو چۆن پێستی ئێمه که ئه‌گه‌ر ئاگره‌که‌ی به‌ر بکه‌وێت هه‌ڵده‌قرچێت و ژانه‌که‌ی گه‌وره ده‌بێت؛ واللّه أعلم.
- ئه‌ڵێن قیامه‌ت حه‌فتا ساڵ ده‌خایێنێت؛ ئایا بۆ ئیماندارانیش هه‌ر حه‌فتا ساڵ ده‌خایێنێت؟
-
من حه‌فتا ساڵم نه‌بیستووه، به‌ڵام خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «فِي يَوْمٍ كَانَ مِقْدَارُهُ خَمْسِينَ أَلْفَ سَنَةٍ» [المعارج: 4]؛ « له رۆژێکدا که میقدارهکهی په‌نجا هه‌زار ساڵه».
بۆیه ئه‌وه‌ی که مه‌علوومه‌و به‌ڵگه‌ی سوننه‌تیشی له‌سه‌ره‌و هه‌روه‌ها ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت له عه‌قیده‌دا باسیان کردووه وه‌کوو عه‌قیده‌ی سه‌فارینی که حه‌نبه‌لییه ده‌فه‌رموێت: «يَوْمٍ كَانَ مِقْدَارُهُ خَمْسِينَ أَلْفَ سَنَةٍ»؛ «رۆژێکه که په‌نجا هه‌زار ساڵ درێژاییهکهیهتی». پاشان هه‌ر ئه‌و له کتێبه‌که‌ی خۆیدا «لوامع الأنوار البهیة» باس ده‌کات که عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوایان کرد (علیه الصّلاة والسّلام): «مَا أَطْوَلَ هَذَا الْيَوْمَ!»؛ «ئه‌م رۆژه چه‌ند دوور‌و درێژه!»، «فَقَالَ النَّبِيُّ (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ): وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ إِنَّهُ لِيُخَفَّفُ عَلَى الْمُؤْمِنِ حَتَّى يَكُونَ عَلَيْهِ أَخَفَّ مِنْ صَلَاةٍ مَكْتُوبَةٍ» [السفاریني، لوامع الأنوار البهية : 2/169. ریوایهتهکهش ئه‌م ئیمامه به‌ڕێزانه گێڕاویانه‌ته‌وه: أحمد: 11717؛ أبو یعلی: 1390؛ ابن حبّان: 5099؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: زه‌عیفه (صعیف الترغیب والترهیب: 2095).]؛ «سوێند به‌و که‌سه‌ی که گیانی منی به ده‌سته، له‌سه‌ر موسوڵمان ئه‌وه‌نده ئاسان ده‌بێت تا وای لێ دێت سووکتر ده‌بێت له مه‌سافه‌و درێژایی نوێژێکی فه‌رز که له‌سه‌ریه‌تی و نوێژه‌که‌ی ئه‌دا ده‌کات!». یه‌عنی بۆ موسوڵمان ئاسانه، به‌ڵام بۆ کافر هه‌ر ده‌بێت به مایه‌ی سزادانی به ته‌ئکید.
- ئه‌ڵێن به‌هه‌شت چه‌ن شوێنێکی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌مه وایه؟
-
به‌هه‌شت وه‌کو پێغه‌مبه‌ری نازدار (علیه الصّلاة والسّلام) باسی فه‌رمووه ئاستئاسته، پله‌پله‌یه؛ بۆیه ده‌فه‌رموێ: که داوای به‌هه‌شتتان کرد داوای فیرده‌وسی ئه‌علا بکه‌ن و بڵێن یا ره‌ببی خوایه فیرده‌وسی باڵام به نسیب بکه‌یت. فیرده‌وسی باڵا دیاره که ئاخر پله‌ی به‌هه‌شته‌و شوێنی پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاکان و شه‌هیدان و سه‌رڕاستانی ئه‌م دینه‌یه که رۆیشتوون و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و جێگایه خوای گه‌وره به ئێمه‌و و ئێوه‌شی ببخه‌شێت دوای رووسوور بوونمان به ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره. بۆیه ده‌بێت ئه‌و شوێنه تایبه‌تانه که جه‌نابت بیستووته ئاسته‌کان بن به‌و شێوه‌یه.
- بۆچی پاداشتی خه‌ڵکی ئیماندار چێژی جه‌سته‌یه له به‌هه‌شت؟
-
با ئێمه پرسیاره‌که ئاوا لێ بکه‌ین و بڵێین باشه بۆچی هه‌موو هه‌ڵپه‌ی ئینسان له دنیادا چێژی جه‌سته‌یه‌تی؟ به‌تایبه‌تی غه‌یره موسوڵمانان؛ تۆ غه‌یره موسوڵمان حیساب که، هه‌ڵپه‌ی بۆ چییه؟ هه‌موو که‌سێک ده‌یه‌وێت خانوویه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بێت، شه‌ریکه‌یه‌کی هه‌بێت، واریداتی پاره‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ر دا‌نیشێت، به که‌یفی خۆی بڕوات ژن بهێنێت و ... . نزار قه‌بانی وتی له 63 وڵات زینای له‌گه‌ڵ ئافره‌ت کردووه! هه‌موو ئه‌مانه خه‌ریکی حه‌زو ئاره‌زوو و که‌یفی جه‌سته‌ی خۆیانن؛ زۆر ده‌خۆن، زۆر ده‌خۆنه‌وه، ئه‌نواع و ئه‌شکال حه‌رام و حه‌ڵال ده‌خۆن، ته‌نانه‌ت موخهددیراتیش هه‌ر به تاقی کردنه‌وه‌ش بێت به‌کاری ده‌هێنێت، جوانترین پۆشاک ده‌پۆشێت، ده‌گه‌ڕێ کام شه‌ریکه زۆر مه‌شهووره‌و گرانه ئه‌وه ده‌کڕێت، زه‌وی و زاری هه‌یه، فه‌خر شانازی پێوه ده‌کات، حیساب بانکی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت موقابه‌له‌ی بکه‌ن و بڵێت چه‌ندم هه‌یه. ئێ ئه‌مانه چێژی جه‌سته‌ن یان نا؟ چێژی ده‌روونن یان نا؟ ده‌ی ئینسانی موسوڵمانیش به هه‌مان شێوه ئه‌و چێژانه‌ی که لێره لێی حه‌رامه له به‌هه‌شت خوای په‌روه‌ردگار ئه‌یداته‌وه؛ سه‌رباری ئه‌م دوو چێژه، واته چێژی جه‌سته‌و چێژی ده‌روون، چێژی روحیشی له قیامه‌تدا هه‌یه که خوای په‌روه‌ردگار ده‌بینێت و ره‌زامه‌ندی خوای په‌روه‌ردگار و لێخۆشبوو‌ن له گوناهه‌کانی ده‌بینێت، ئاسووده‌یی ده‌روونی ده‌ست که‌وتووه که چووه‌ته به‌هه‌شته‌وه، چێژی جه‌سته‌شی هه‌موو ده‌ست که‌وتووه له خۆراک، له پۆشاک، له خواردنه‌وه، له هاوسه‌رگیری، له هه‌موو شتێکی تر، له دیمه‌نه جوانه‌کان، له‌وه‌ی چێژی جه‌سته‌یه به چاو، به گوێچکه، به ده‌ست لێدان، به سه‌رجێیی، به خۆراک، به هه‌موو شتێکی. وه‌کو وتیشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه خۆشه‌ویستی و ره‌زامه‌ندی و بینینی خوای په‌روه‌ردگاریشی هه‌یه‌و ده‌ستی ده‌که‌وێت.
که‌وابوو مرۆڤی موسوڵمان فه‌رقی نییه له‌گه‌ڵ مرۆڤی تردا، مرۆڤه‌کانی تریش به هه‌مان شێوه هه‌موو ره‌نجێکیان بۆ تێرکردنی حه‌زه‌کانی جه‌سته‌یانه یان ئاسووده‌یی ده‌روونیانه؛ موسوڵمانیش به هه‌مان شێوه هه‌وڵ بۆ ئه‌مه ده‌دات له‌م دنیایه، ئه‌گه‌ر ده‌ستی که‌وت وه‌کوو خه‌ڵکی تر به‌ڵام به حه‌ڵاڵی ئه‌وه شتێکی باشه؛ موسوڵمان فه‌قیر نه‌بێت باشه، موسوڵمان ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و هه‌یبێت باشه به‌ڵام قه‌ناعه‌تی هه‌بێت و سه‌روه‌ت و سامانه‌که له ده‌ستیدا بێت نه‌ک له دڵیدا؛ واللّه أعلم.