- ئایا ئینسان ئه‌توانێت جن ببینێت؟ ئایا ده‌چێته له‌شه‌وه؟
-
زاهیره‌ن ناتوانێت بیبینێت، هه‌رچه‌نده ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) بۆچوونێک ده‌هێنێته‌وه که ده‌فه‌رموێ: به‌ڵێ ده‌شێت بیبینێت، به‌ڵام به گشتی زانایانی ئیسلام فه‌رموویانه که نایبینێت چونکه ئایه‌تی له سه‌ره‌و خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: ئه‌وان ئێوه ده‌بینن و ئێوه ئه‌وان نابینن. واته له‌سه‌ر شکڵی جنه‌که خۆی نابینرێت، به‌ڵام که ده‌چێته سه‌ر شێوازی تر ده‌شێت ببینرێت؛ شێوازی تر واته هه‌ر جۆر هه‌یکه‌ل و په‌یکه‌رێک بێت، هه‌ر جۆر سیفه‌تێکی حه‌یوانی بێت یان هه‌ر جۆرێکی تر بێت ده‌شێت ببینرێت و ده‌شێت کامێره‌ش ره‌سمی بگرێت. واللّه تعالی أعلم.
ئایا ده‌چێته له‌شه‌وه؟ به‌ڵێ من پێم وایه ده‌چێت چونکه یه‌کێک له ئیعتیقاده‌کانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ئه‌وه‌یه که به‌ڵێ جن ده‌چێته له‌شی ئینسانه‌وه، ژن بێت یان پیاو. جنه‌که‌ش خۆی نێرینه‌و مێیینه‌ی هه‌یه‌و موسوڵمان و کافری هه‌یه‌و ئه‌نواع و ئه‌شکالی تری هه‌یه. حه‌تتا ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێ: جنی شیعه هه‌یه‌و جنی سوننیش هه‌یه.
بۆیه به‌ته‌ئکید پێم وایه ده‌چێته له‌شه‌وه‌و ئه‌وانه‌ش که نکووڵیان لێ کردووه له قه‌دیمه‌وه، بۆ نموونه و هه‌روه‌ها له سه‌رده‌مانی ئێمه‌شدا خه‌ڵکانێک هه‌ن که نکووڵی لێ ده‌که‌ن، به‌ڵگه‌کانیان لاوازن و به‌ڵگه له‌سه‌ر چوونه له‌شه‌وه زۆرترن و فه‌رمووده‌ش له سه‌حیحی موسلیمدا هه‌یه که به‌ڵێ ده‌چێته له‌شه‌وه.
- ئایا جن ده‌چێته له‌شی ئینسانه‌وه‌و ده‌توانن زیانمان پێ بگه‌یه‌نن یان بمانکوژن؟
-
ئایا جن ده‌چێته له‌شی ئینسانه‌وه‌و ده‌توانن زیانمان پێ بگه‌یه‌نن یان بمانکوژن؟
زۆرینه‌ی زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت وه‌کو ئیمامی ئه‌بولحه‌سه‌نی ئه‌شعه‌ری نه‌قڵی کردووه‌و هه‌روه‌ها ئیمامی ئیبنو ته‌یمیه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) له مه‌جمووعی فه‌تاوادا له‌سه‌ری دوواوه [١٩: ٩-٦٥] فه‌رموویانه که زانایانی ئیسلام له سه‌ر ئه‌وه کۆن و بۆچوونیان یه‌که که به‌ڵێ جن ئه‌چێته له‌شی ئاده‌میزاده‌وه‌و زیانیشمان پێ ده‌گه‌یه‌نن و ئه‌مه گومانی تێدا نییه‌و ده‌شمانکوژن. ده‌لیلێک له سه‌حیحی موسلیمدا هه‌یه [مسلم: 2236؛ فه‌رمووده‌که ئاوا ده‌ست پێ ده‌کات: «أَخْبَرَنِي أَبُو السَّائِبِ، مَوْلَى هِشَامِ بْنِ زُهْرَةَ أَنَّهُ دَخَلَ عَلَى أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ فِي بَيْتِهِ، قَالَ: فَوَجَدْتُهُ يُصَلِّي، فَجَلَسْتُ أَنْتَظِرُهُ حَتَّى يَقْضِيَ صَلَاتَهُ، فَسَمِعْتُ تَحْرِيكًا فِي عَرَاجِينَ فِي نَاحِيَةِ الْبَيْتِ، فَالْتَفَتُّ فَإِذَا حَيَّةٌ فَوَثَبْتُ لِأَقْتُلَهَا، فَأَشَارَ إِلَيَّ أَنِ اجْلِسْ فَجَلَسْتُ، فَلَمَّا انْصَرَفَ أَشَارَ إِلَى بَيْتٍ فِي الدَّارِ، فَقَالَ: أَتَرَى هَذَا الْبَيْتَ؟...»] که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) باس له‌وه ده‌کات که یه‌کێک گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه مارێکی ره‌ش له ماڵه‌که‌یدا بوو و ژنه‌که‌ی به‌په‌له رای کردۆ‌ته ده‌ره‌وه؛ جا له یه‌ک کاتدا که کابرا هه‌وڵی کوشتنی ماره‌که‌ی کرد له هه‌مان کاتدا خۆیشی کوژرا، هه‌ردووکیان پێکه‌وه مردن، یه‌عنی ماره‌که‌ش کوژراو کابرایش هه‌ر کوژرا! که دیاره سه‌به‌به‌که‌ی وه‌کو عوله‌ماو یاوه‌رانیش ته‌فسیریان کردووه ئه‌وه بوو که جنی تێدا بوو ماره‌که.
بۆیه ده‌توانن زه‌ره‌ریشمان پێ بگه‌یه‌نن؛ به‌ڵام ئه‌مه مه‌عنای وا نییه هه‌رچی شتێک تووشمان دێت له حاڵه‌تی نه‌فسی به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا که هه‌موو رۆژێک تۆ گوێ له ئیخبار ده‌گریت، هه‌ر که‌ناڵی ته‌له‌فزوێنی کوردستان بکه‌یته‌وه جێی خه‌فه‌ته! بۆیه نابێت بیگه‌ڕێنینه‌وه بۆ جن، به‌ڵکو هۆکاری سه‌ره‌کی، ناحیه‌ی نه‌فسی و ده‌روونی خۆمانه‌و کێشه‌کانمان زۆر بوو دروست ده‌بێت، بۆیه له‌و لایه‌نه‌وه وا حیساب ده‌که‌ین که جن چۆته له‌شمانه‌وه.
- ئایا جن ده‌چێته له‌شی ئینسانه‌وه؟ ده‌توانن زیانمان پێ بگه‌یه‌نن یان بمانکوژن؟
-
به‌ڵێ جن ده‌چێته له‌شی ئینسان وه‌کو عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت وه‌هایه، به‌پێچه‌وانه‌ی موعته‌زیله‌و هه‌ندێک له ئه‌شعه‌ریه‌کان؛ ده‌چێته له‌شی ئینسان و ده‌توانێت زه‌ره‌رمان پێ بگه‌یه‌نێت. ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) به سێ شێوه باسی ده‌کات:
یه‌که‌م: هه‌ندێک له جن ده‌چنه له‌شی ئینسانه‌کانه‌وه له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و جنس و حه‌ز لێکردنی، جا جنی نێرینه بێت بچێته جه‌سته‌ی مرۆڤی مێیینه‌وه یان مێیینه بێت و بچێته جه‌سته‌ی نێرینه‌وه؛ ئه‌مه جۆرێکیانه.
دووه‌م: جۆرێکی تر ئه‌وه‌یه که ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی ئازاری پێ بگه‌یه‌نێت له‌به‌ر ئه‌وه شتێکی به‌رانبه‌ر کردووه.
سێیه‌م: جۆرێکی تر ناچێته ناوی به‌ڵام هه‌ر ئازاری پێ ده‌گه‌یه‌نێت چونکه ئه‌و زه‌ره‌ری لێداوه، بۆ نموونه ئاوی گه‌رمی رشتووه له مه‌غریبداو کردوێتی به سه‌ر ئه‌وانداو سووتاون یان لێی کوشتوون بێ ئه‌وه‌ی بزانێت.
به ته‌ئکیدیش جن ده‌توانن بمانکوژن وه‌ک له پرسیاره‌کانی پێشوودا روونمان کرده‌وه به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌نه
- هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ساحیر‌و بکوژ ته‌وبه‌یان قبووڵ نییه، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
-
من ماوه‌یه‌ک خووم دابووه کاری سیحر‌و بانگکردنی جنۆکه، ئێستا وازم له‌و کاره هێناوه، به‌س تا ئێستاش هه‌وڵی دیتنی جنۆکه ده‌ده‌م و ئاواته‌خوازم بیانبینم و زۆر بێزم له‌و کاره‌ش ده‌بێته‌وه‌و بڕیارم داوه چی تر نه‌چم به لایدا ته‌نها دیتنی جنۆکه‌که نه‌بێت که سووکه هه‌وڵێکی بۆ ده‌ده‌م؛ ئایا جائیزه؟ هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ساحیر‌و بکوژ ته‌وبه‌یان قبووڵ نییه، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
یه‌که‌م: ئه‌وه‌ی که ماوه‌یه‌ک خووت دابووه کاری سیحر‌و بانگکردنی جنۆکه‌و ئه‌وانه‌و ئێستا وازت لێ هێناوه ئیشێکی باشت کردووه که وازت لێ هێناوه‌و سووکه هه‌وڵه‌که‌ش مه‌ده، چونکه شتێکی قورسه‌و هه‌وڵیشی بۆ مه‌ده تا جنۆکه ببینیت، چونکه جنۆکه له‌سه‌ر شێوازی ئه‌سڵی خۆی نابینرێت وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «إِنَّهُ يَرَاكُمْ هُوَ وَقَبِيلُهُ مِنْ حَيْثُ لاَ تَرَوْنَهُمْ» [الأعراف: 27]؛ «بێگومان شه‌یتان و دار‌و ده‌سته‌ی ئێوه ده‌بینن به شێوازێک که ئێوه ئه‌وان نابینن». که‌واته جن له سه‌ر شێوه‌ی خۆی نابینرێت. بۆیه ئه‌مه‌ی له فه‌یسبووک و ئینته‌رنێت و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو ده‌کرێته‌وه که گوایه ئه‌مه ره‌سمی حه‌قیقی جنه‌و ئه‌مانه، ئه‌مه وا نییه چونکه جن له‌سه‌ر شێوه‌ی حه‌قیقه‌تی خۆی نابینرێت به‌ڵام ده‌چێته سه‌ر شێوازی تر، ده‌چێته سه‌ر شێوه‌ی ئینسانێک و ئه‌مه ده‌بینرێت، وه‌کو له فه‌رمووده‌ی بوخاریدا هاتووه که شه‌یتان هات بۆ لای ئه‌بوهوڕه‌یڕه! پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئه‌بوهوڕه‌یڕه‌ی دانابوو که حه‌ر‌ه‌سی زه‌کات بێت، شه‌یتان هات و هه‌ندێک گه‌نمی لێ برد، دوایی ئه‌بوهوڕه‌یڕه گرتی و فه‌رمووی شکاتت لێ ده‌که‌م لای پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام). وتی شکاتم لێ مه‌کهو منداڵم هه‌یه و زوڕڕیه‌تم هه‌یه‌و ئه‌وه بۆ ئه‌وانی ده‌دزم. به‌ڵام شه‌وی دووه‌م و سێیه‌م دیسان هه‌روا تیکراری کرده‌وه. دوایی ئه‌م جاره گرتی و وتی ده‌تبه‌م بۆ لای پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام). دیاره که به شێوه‌ی ئینسان هاتۆته لای. پاشان به ئه‌بوهوڕه‌یڕه‌ی وت: ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌ڵام که‌یت شتێکت فێر ده‌که‌م که ئیستیفاده‌ی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئایه‌ته‌لکورسی بخوێنیت هه‌موو شه‌وێک شه‌یتان توخنت ناکه‌وێت. که ئه‌بوهوڕه‌یره بۆ پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) گێڕایه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: تۆ ده‌زانیت ئه‌وه سێ شه‌وه کێت گرتووه‌و قسه له‌گه‌ڵ کێ ده‌که‌یت؟ عه‌رزی کرد: نه‌خێر نازانم. فه‌رمووی ئه‌وه شه‌یتان بوو [البخاري: 3275؛ ده‌سپێکی فه‌رمووده‌که: «وَكَّلَنِي رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِحِفْظِ زَكَاةِ رَمَضَانَ...»]. که‌وابوو ده‌شێت له سه‌ر شێوه‌ی ئینسانیش بێت.
ئیمامی ئیبنوته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێ [ابن تیمیة، مجموع الفتاوی: 19/44]: «وَالْجِنُّ يَتَصَوَّرُونَ فِي صُوَرِ الْإِنْسِ وَالْبَهَائِمِ فَيَتَصَوَّرُونَ فِي صُوَرِ الْحَيَّاتِ وَالْعَقَارِبِ وَغَيْرِهَا وَفِي صُوَرِ الْإِبِلِ وَالْبَقَرِ وَالْغَنَمِ وَالْخَيْلِ وَالْبِغَالِ وَالْحَمِيرِ وَفِي صُوَرِ الطَّيْرِ وَفِي صُوَرِ بَنِي آدَمَ»؛ «جن ده‌توانن بێنه سه‌ر شێوه‌ی ئینسان و ئاژه‌ڵه‌کان، ده‌توانن بچنه سه‌ر سه‌ر شێوه‌ی مار، دووپشک و غه‌یری ئه‌وان، یان شێوه‌ی حوشترو مانگا‌و مه‌ڕو ئه‌سپ و ئێسترو گوێدرێژ‌و که‌ر، هه‌روه‌ها شێوه‌ی باڵنده‌و شێوه‌ی به‌نی ئاده‌میش».
پاشان که ده‌ڵێی ئێستا سووکه هه‌وڵێکی بۆ ده‌ده‌م، من ده‌ڵێم ئه‌و سووکه هه‌وڵه‌شی بۆ مه‌ده‌و وازی لێ بێنه چونکه چ ئیستیفاده‌یه‌کت لێ نه‌کردووه بۆ دین و دنیا تاکو به‌رده‌وام بی له سه‌ری. پێویسته ئینسان هه‌وڵ بدات به‌ڕاستی که‌ڵک له وه‌خته‌که‌ی وه‌ربگرێت بۆ فێربوونی زانستی شه‌رعی، بۆ دینداری، بۆ هه‌وڵێکی تر که زیاتر به‌ره‌و ته‌قواکاریت ببات، ئه‌مه باشتره له‌وه.
ئه‌مما به نیسبه‌تی ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن ساحیر‌و بکوژ ته‌وبه‌یان قبووڵ نییه‌و ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه که بکوژ (قاتڵ) ته‌وبه‌ی قبووڵه چونکه کابرا موسوڵمانه‌و یه‌کێکی کوشتووه‌و خوێنه‌که‌ی له‌سه‌ره‌و که‌فاره‌تیشی ده‌دات و ته‌وبه‌یشی لێ ده‌کات و خوای گه‌وره بیه‌وێت ته‌وبه‌ی لێ وه‌ر ده‌گرێت. ئه‌مه به فه‌رمووده‌ی سه‌حیحیش سه‌لمێندراوه که بکوژ ته‌وبه‌ی کردووه.
ئه‌مما ده‌رباره‌ی ساحر ئه‌وه هیچ ئیختیلافێک له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که هه‌ر کاتێک بسه‌لمێت که که‌سێک سیحری کردووه‌و ساحیره ده‌بێت بکوژرێت، چونکه عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب (خوا لێی رازی بێت) نامه‌ی نووسی بۆ والیه‌کانی که: «أَنِ اقْتُلُوا كُلَّ سَاحِرٍ وَسَاحِرَةٍ» [الشافعي: 1612؛ أبوداود: 3043؛ أحمد: 1657؛ ابن أبي شیبة: 30922]؛ «هه‌ر چی پیاو و ئافره‌تی ساحیر هه‌یه بیانکوژن» که دیاره ته‌نفیزیش کراوه چونکه به‌جاله‌ی کوڕی عه‌بده ده‌فه‌رموێ: «فَقَتَلْنَا ثَلاثَةَ سَوَاحِرَ»؛ «سێ ئافره‌تی سیحربازمان کوشت». هه‌روه‌ها حه‌فسه‌ی دایکی موسوڵمانان و کچی عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب جاریه‌یه‌کی بوو فه‌رمانی دا به‌وه‌ی که بکوژرێت چونکه سیحری لێکردبوو، ئیتر کوژرا [ده‌قی فه‌رمووده‌که: «أَنَّ حَفْصَةَ زَوْجَ النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَتَلَتْ جَارِيَةً لَهَا سَحَرَتْهَا... فَأَمَرَتْ بِهَا فَقُتِلَتْ» (مالك، موطأ: 14؛ البیهقي، معرفة السنن والآثار: 16457)]. ئه‌مه بۆ حوکمه دنیاییه‌که‌یه‌تی، ده‌نا ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یه‌کی راسته‌قینه بێت بێگومان له به‌ینی خۆی و خوای گه‌وره‌دا قبووڵه‌و لێی وه‌رده‌گیرێت؛ واللّه تعالی أعلم.