- چۆن بۆ که‌سێک بسه‌لمێنین که ئه‌و قورئانه‌ی ئێستا هه‌مانه ئه‌و قورئانه‌یه که بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصلاة والسلام) هاتووه؟
-
زۆر ئاسانه، چونکه قورئان وه‌کو ئینجیل نییه که ئێمه نه‌زانین چۆن نووسراوه؟ بۆیه له سه‌ره‌تاوه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بزانین قورئان چۆن نووسرایه‌وه؟ ئێمه ده‌زانین ئایه‌تی قورئان که هاتۆ‌ته خواره‌وه دوازده که‌س نووسیوێتیه‌وه به‌و شێوازه‌ی که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌یفه‌رموو: فڵان تۆ ئه‌م ئایه‌ته بنووسه‌ره‌وه، ئه‌م ئایه‌ته له‌و شوێنه له دوای ئه‌و ئایه‌ته‌یه له سووره‌تی فڵاندا. ئه‌مه دوازده یاوه‌ری به‌ڕێز نووسیویانه‌ته‌وه، دوایی ئه‌و یاوه‌ره به‌ڕێزانه‌ی تر له به‌ریان کردووه. نووسینه‌وه‌که‌شی هه‌موو له زه‌مانی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌کردا کۆ کراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له زه‌مانی سه‌یدنا عوسمانی کوڕی عه‌ففانیشدا کۆ کراوه‌ته‌وه. جا ئه‌و کاته‌ی سه‌یدنا عوسمانی کوڕی عه‌ففان کۆی کرده‌وه‌و یه‌کی خستن موسحه‌فێکی کۆکراوه له لای حه‌فسه خێزانی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) بوو. ئه‌م قورئانه له سه‌ره‌تایه‌وه ده‌سکاری نه‌کراو وه‌کو خۆی هاتووه جیل به جیل. پاشان هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که هاتووه نووسراوه‌و له‌به‌ر کراوه. ئه‌وانه‌ی له‌به‌ریان کردووه ملیۆنه‌هان! یه‌عنی ئێستا له شوێنێکی وه‌کو پاکستان‌دا نیو ملیۆن حافز قورئان زیاتر هه‌یه چونکه له‌وێ یان له مه‌غریب یان له به‌نگلادیش یان له هێندستان و له زۆر شوێن قبووڵ ناکه‌ن مه‌لاکه حافز قورئان نه‌بێت و ئیمامه‌تیان بۆ بکات! خۆ وه‌کو لای ئێمه نییه کابرا ته‌روایح ده‌کات و ته‌نها ئایه‌تی «إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ» ده‌خوێنێت و پاشان ده‌ڵێت: اللّه أکبر! له‌و وڵاتانه ده‌بێت هه‌موو شه‌وێک جوزئێک له ته‌راویحه‌که‌دا بخوێنێت.
بۆیه له سه‌ره‌تاوه ئه‌م قورئانه به‌م شێوه شه‌فه‌ییه هاتووه‌و خه‌ڵک له‌به‌ری کردووه هه‌تاکو ئێستا‌و به‌و شێوه ته‌حریریه‌ش نووسراوه‌ته‌وه به هه‌مان شێوه. تۆ ئێستا هیچ ئه‌رکێکی قورس نییه بڕۆیت بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان قورئانێک هه‌یه له‌وێ قورئانێکی تایبه‌ت له گوندی نیگڵ سه‌یری ئه‌و قورئانه که‌یت ده‌زانیت هه‌شتسه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش قورئانێک نووسراوه‌و له‌وێیه، خۆیشت به چاوی خۆت ده‌یبینیت و له کوردستاندایه‌و هه‌روه‌کو ئه‌م قورئانه‌ی به‌رده‌ستی ئێمه وایه بێ جیاوازی، بشته‌وێت قورئانێک ببینیت که هه‌زار ساڵ له‌مه‌و پێش نووسراوه‌ته‌وه ئه‌وه له مۆسکۆ ده‌یبینیت له وڵاتی رووسیا له مه‌تحه‌فی ئه‌وان. بته‌وێت قورئانێکیش ببینیت که هه‌زارو قوسوور ساڵ له‌مه‌و پێش نووسراوه‌ته‌وه واته یه‌که‌م موسحه‌ف، ئه‌وه ئێستا له بریتانیایه‌و نوسخه‌ی تریشی له یه‌مه‌نه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سه‌نعا که له‌م شه‌ڕه‌شدا گواستیانه‌وه‌و ته‌ئمینیشیان کرد. هه‌روه‌ها نوسخه‌ی تری له به‌حره‌ین بۆ نموونه هه‌یه‌و هه‌ر وه‌ختێکیش خوای گه‌ره بۆت ئاسان بکات ده‌توانیت جارێک ته‌حقیق له‌مه بکه‌یت؛ ئه‌مه یه‌که‌م.
دووه‌م: ئێستا له‌م ئیعجازی عه‌ده‌دیه‌ی که زۆرتر به‌هۆی کۆمپیته‌ره‌وه بۆمان رۆشن بۆته‌وه زۆرتریش سه‌لماوه‌و زانراوه که هه‌موو حه‌رفه‌کان له شوێنی خۆیاندان، زه‌ممه‌و فه‌تحه‌کانیش هه‌مووی وه‌کو خۆی ماون بێ هیچ گۆڕانکارییه‌ک. بۆیه زۆر ئاسانه‌و ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌و نه‌تیجه‌ی بیسه‌لمێنین که ئه‌م قورئانه وه‌کو چۆن بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) هاتووه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ته‌بعه‌ن ماوه‌ته‌وه. جا له‌م بابه‌ته‌دا کتێب و نووسراوه‌ش زۆرن له عه‌قیده‌دا، له عولوومی قورئاندا، له کتێبه‌کانی تر که له‌سه‌ر ئیعجازی قوئان نووسراون، بۆیه جه‌نابیشت ده‌توانیت بیانخوێنیته‌وه‌و به کوردیش ده‌ستت ده‌که‌وێت.
- حیکمه‌تی خوای گه‌وره چییه له‌وه‌ی که رێگای دا به کافره‌کان ده‌سکاری ته‌ورات و ئینجیل بکه‌ن به ئاره‌زووی خۆیان، به‌ڵام رێگای نه‌دا ده‌سکاری قورئانی پیرۆز بکرێت و خۆی بۆ هه‌میشه ده‌یپارێزێت؟
-
به نیسبه‌تی قورئانه‌وه خوای په‌روه‌ردگار وه‌عدی داوه که خۆی ده‌یپارێزێت، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌روا به‌و شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام به نیسبه‌تی ته‌ورات و ئینجیل خوای گه‌وره ئه‌و وه‌عده‌ی نه‌داوه‌و خستیه به‌رده‌ستی خۆیان، خۆیان گۆڕیان. ته‌ورات که کتێبی موقه‌دده‌سی جووله‌که‌یه‌و ئینجیلیش که کتێبی مه‌سیحیه‌کانه ئه‌وان خۆیان گۆڕیویانه. خوای په‌روه‌ردگار په‌یامی راست و دروستی خۆی و وه‌حیه‌که‌ی له کاتی هه‌بوونی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره نازدارانه‌دا (علیهم الصّلاة والسلّام) بۆ ناردوون و گومانی تێدا نییه که ته‌ورات له سه‌رده‌مانی سه‌یدنا مووسادا وه‌کو خۆیه‌تی و ساغه‌و وه‌حی و په‌یامی خوای په‌روه‌ردگاره‌و وشه‌و رسته‌کان و حوکمه‌کانی حه‌قن که تێدایه‌تی. هه‌روه‌ها ئینجیلیش له سه‌رده‌می سه‌یدنا عیسادا هاتۆ‌ته خواره‌وه. به‌ڵام ئینجیلێک دوای ئه‌وه به وشه نووسراوه‌ته‌وه‌و ریوایه‌ت کراوه که 180 ساڵی پێ چووه تا ئینجیلی یووحه‌ننا نووسراوه‌ته‌وه! ده‌ی به ته‌ئکید و بێ هیچ گومانێک ئینحیرافاتێکی زۆری تێکه‌وتووه‌و دیاریشه ئه‌و ته‌حریفانه‌ی که کراوه ئێستا هه‌یه. جا ئه‌و ته‌حریف و گۆڕانکاریانه هه‌ندێکیان بۆ نمونه درۆ‌و بوختانێکه که به ناوی خوای په‌روه‌ردگاره‌وه کراوه. هه‌ندێک نوقسانییان تێدا دروست کردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌واو هه‌وه‌سی خۆیاندا ناگونجێت که له‌و کاته‌دا بۆ پێغه‌مبه‌ره نازداره‌کان هاتووه. بۆیه ئه‌حبارو روهبانه‌کانی خۆیان شاردوویانه‌ته‌وه‌و هه‌موویان ده‌رنه‌بڕیوه. جا هه‌یه ته‌حریفه‌که‌ی به له‌فزه‌و وشه‌که‌ی گۆڕیوه، هه‌یه مه‌عناکه‌ی گۆڕیوه، ئه‌مه هه‌ردووکی هه‌ر هه‌یه. به‌ڵام قورئانی پیرۆز دووره له‌مه، بۆچی؟ چونکه:
یه‌که‌م: خوای په‌روه‌ردگار وه‌عدی داوه که ده‌یپارێزێت.
دووه‌م: قورئانی پیرۆز له‌و رۆژه‌ی هاتۆ‌ته خواره‌وه که‌سانێک وه‌کو حافز قورئان بوون و له‌به‌ریان کردووه. ئێستا جه‌نابت بته‌وێت موسحه‌فێکی قورئان چاپ بکه‌یت ئه‌م موسحه‌فه چاپ ناکرێت هه‌تا پێنج حافز یان سێ حافز گوێی لێ نه‌گرن، تۆ ده‌یخوێنیته‌وه‌و ئه‌وان گوێیان گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له زه‌ممه‌و فه‌تحه‌و که‌سره‌یه‌کیشدا هه‌ڵه‌ی تێدایه یان نا. ئه‌گه‌ر بته‌وێت بزانیت ئه‌م حافزه حیفزی قورئانه‌که‌ی مه‌زبووته یان نا، ده‌ڵێی فه‌رموو بخوێنه‌و تۆ خۆت موسحه‌فه‌که‌ت پێیه‌و ده‌یگریت. به درێژایی تاریخی قورئان به هه‌ر دوو رێگاکه هاتووه هه‌م شه‌فه‌یی و هه‌م ته‌حریری.
سێیه‌م: ئه‌م قورئانه‌ی له‌به‌رده‌ستی خه‌ڵکدایه هه‌ر ئه‌و قورئانه‌یه که یه‌که‌م جار هاتووه؛ خه‌ڵک به گشتی ئێستا ئه‌و قورئانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه که هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه‌ته‌وه. بۆیه وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا ئێستا ئه‌و موسحه‌فه‌ی یه‌که‌م که له سه‌رده‌می سه‌یدنا ئه‌بوبه‌کردا کۆ کراوه‌ته‌وه له بریتانیایه له مه‌تحه‌ف و تایبه‌تیشیان کرد، ره‌مه‌زانی پار یان پێرار بوو شوێنیان بۆ ته‌رخان کرد و زیاره‌ت کردنی و ره‌سم گرتنی و ئه‌و جۆره شتانه‌یان هه‌موو کرده‌وه‌و مۆڵه‌تیان داوه که ساڵی 622ی زایینی نووسراوه‌ته‌وه، واته ئه‌و کاته‌ی که هیجره‌ت تێیدا رووی داوه. ئه‌و ئایه‌تانه‌ی که له مه‌دینه هاتوونه‌ته خواره‌وه‌و دوایی کۆ کراونه‌ته‌وه خۆ له زه‌مانی پێغه‌مبه‌ری خوادا (علیه الصّلاة والسّلام) کۆ کرانه‌وه‌و له زه‌مانی ئه‌بوبه‌کری سددیقیشدا دوایی هه‌ر کۆ کرایه‌وه‌و یه‌ک خراو له زه‌مانی عوسمانی کوڕی عه‌ففانیشدا هه‌مووی کرا به یه‌ک جۆر موسحه‌ف.
بۆیه ده‌بینیت قورئان وه‌کو کتێبه‌کانی تر نییه؛ وه‌عدی خوای په‌روه‌ردگاره که ده‌یپارێزێت، به رێگای شه‌فه‌یی و ته‌حریری هاتووه‌و هیچ که‌سێک ناتوانێت هیچ شتێکی لێ بگۆڕێت. ئیسرائیل قورئانێکی چاپ کرد ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی جووله‌که بوو لێی لا بردبوو، به‌ڵام هه‌ر جه‌مال عه‌بدولناسری تاغووت که مولحیدێکی بێ‌دین بوو و ئه‌و هه‌موو موسوڵمانه‌ی کوشت هه‌ر ئه‌و ئیزاعه‌ی «القرآ‌ن الکریم»ی هێناو قاری قورئانێکی گه‌وره وه‌کو خه‌لیل حوسه‌ری (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) که ساڵی 1956 یه‌که‌می عاله‌م بوو، ئه‌وی کرد به قاری له سه‌ر ئه‌م ئیزاعه‌یه که به‌رده‌وام ده‌یخوێند بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر که‌سێک قورئانی که‌وتۆته به‌رده‌ست ته‌ماشای بکات و ته‌تبیقی بدات. هه‌روه‌ها وه‌کو وتیشمان ئه‌و قورئانه هه‌تاکو ئێستا ده‌سنووسه‌کانی ماون، ده‌سنووسی بریتانیا‌و مۆسکۆو به‌حره‌ین و یه‌مه‌ن و ... .
- قورئان له مانگی ره‌مه‌زاندا دابه‌زیوه، ره‌مه‌زانی هه‌موو ساڵێکیش ده رۆژ دێته پێش؛ که‌واته ئایا قورئان له هاوین یان له زستانا دابه‌زیوه؟
-
قورئان له هاویندا دابه‌زیوه، له بیست و پێنجی ره‌مه‌زاندا. دابه‌زینی قورئانی پیرۆز وه‌کو زانایانی ئیسلام له سه‌ری باسیان کردووه دوو مه‌رحه‌له‌ی هه‌یه: مه‌رحه‌له‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که هاتۆ‌ته خواره‌وه بۆ «بیت العزّة» له ئاسماندا که له‌سه‌ر ئاستی که‌عبه‌یه له ئاسمانی دنیادا؛ قورئان یه‌که‌م جار هاتۆ‌ته خواره‌وه بۆ ئه‌وێ. خوای گه‌وره‌ش مه‌به‌ستی له‌وه‌یه که ده‌فه‌رموێت: «إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ» [القدر: 1]؛ «ئێمه به‌ڕاستی قورئانمان دابه‌زاندۆته خواره‌وه له شه‌وێکی به‌فه‌ڕو ڕێزداردا که شه‌وی قه‌دره» یان ده‌فه‌رموێت: «إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُّبَارَكَةٍ إِنَّا كُنَّا مُنذِرِينَ» [الدّخان: 3]؛ «به‌ڕاستی ئێمه له شه‌وێکی به فه‌ڕو پیرۆزدا (که شه‌وی قه‌دره) دامانبه‌زاندۆته خواره‌وه، بێگومان ئێمه هه‌میشه بێدارکه‌ره‌وه‌ی به‌نده‌کانمانین». که ده‌شفه‌رموێ: «شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ» [البقرة: 185]؛ «مانگی ره‌مه‌زان (ئه‌و مانگه‌یه) كه قورئانی تێدا هاتۆ‌ته خواره‌وه»، ئه‌و شه‌وه بیست و پێنجی مانگی ره‌مه‌زان بووه. جا خودی که‌لیمه‌ی ره‌مه‌زان له «رَمضاء»ه‌وه هاتووه واته ئه‌و کاته‌ی که زیخ و چه‌و ئه‌وه‌نده گه‌رم ده‌بن وه‌کو ئه‌وه وایه که سوور بووبنه‌وه له گه‌رمادا، بۆیه کاته‌که‌ی هاوین بووه. ئه‌مانه ده‌لیلن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که قورئانی پیرۆز به یه‌ک جار له «لوح المحفوظ»ه‌وه هاتۆ‌ته خواره‌وه بۆ «بیت العزّة» له‌و شه‌وه پیرۆزه‌دا. نه‌سائی له عیکریمه‌وه که قوتابی ئیبنو عه‌بباسه‌و ئه‌ویش له ئیبنو عه‌بباسه‌وه (خوا لێیان رازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه که ده‌فه‌رموێت: «أُنْزِلَ الْقُرْآنُ جُمْلَةً إِلَى السَّمَاءِ الدُّنْيَا فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ ثُمَّ أُنْزِلَ بَعْدَ ذَلِكَ فِي عِشْرِينَ سَنَةً»[1]؛ «له شه‌وی قه‌دردا قورئان هه‌مووی به یه‌ک جار هاتۆ‌ته خواره‌وه بۆ ئاسمانی دنیا، پاشان له ماوه‌ی بیست ساڵدا هاته خواره‌وه»، پاشان ئه‌م ئایه‌ته‌ی خوێنده‌وه: «وَلَا يَأْتُونَكَ بِمَثَلٍ إِلَّا جِئْنَاكَ بِالْحَقِّ وَأَحْسَنَ تَفْسِيرًا» [الفرقان: 33]؛ «خوانه‌ناسان هیچ ره‌خنه‌یه‌کت لێ ناگرن که له به‌رامبه‌ریه‌وه ئێمه حه‌قیقه‌ت و راستیمان بۆ تۆ نه‌هێنابێت و به جوانی هه‌موو شتێکت بۆ روون نه‌که‌ینه‌وه»، هه‌روه‌ها ئه‌م ئایه‌ته: «وَقُرْآنًا فَرَقْنَاهُ لِتَقْرَأَهُ عَلَى النَّاسِ عَلَى مُكْثٍ وَنَزَّلْنَاهُ تَنْزِيلًا» [الإسرا‌ء: 106]؛ «ئێمه قورئانیشمان به‌ش‌به‌ش کردووه تا به ئارامی بیخوێنیته‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا، هه‌ر ئێمه‌ش به‌و شێوه‌یه دامانبه‌زاندووه». یه‌عنی کۆمه‌ڵ‌کۆمه‌ڵمان کردووه، ده‌سته‌ده‌سته‌مان کردووه ئایه‌ته‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بۆت بنێرینه خواره‌وه‌و به کاوخۆو له‌سه‌رخۆو هێدی هێدی و فه‌تره فه‌تره بیخوێنیته‌وه، به‌و شێوه‌یه که به‌پێی کات و بارودۆخه‌کان و پێداویستی کات و شوێن و حاڵه‌تی موسوڵمانه‌کان هاتۆ‌ته خواره‌وه. ئه‌وه مه‌رحه‌له‌ی یه‌که‌م.
مه‌رحه‌له‌ی دووه‌م مونه‌ججه‌مه، مونه‌ججه‌م یه‌عنی موفه‌ڕڕه‌ق واته جاربۆجار؛ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که له ئایه‌ته
دووه‌مه‌کدا که ئیبنو عه‌بباس خوێندیه‌وه ئاماژه‌ی پێدراوه که وتمان به ده‌سته یان به چه‌ند ئایه‌تێک هاتۆ‌ته خواره‌وه یان جاری وا بووه یه‌ک ئایه‌ت یان جاری وا بووه نیو ئایه‌ت هاتۆ‌ته خواره‌وه‌و ته‌کمیله‌که‌ی دوایی هاتۆ‌ته خواره‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که له ئاسمانی دنیاوه جوبره‌ئیل (علیه السلام) هێناوێتی بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) که مه‌دای 23 ساڵی خایاندووه وه‌کو ئه‌هلی ته‌فسیرو زانایانی قورئانه‌وانی هه‌مووی له‌سه‌ری موتته‌فیقن.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتریش ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌توانیت ته‌ماشای کتێبی «الإتقان في علوم القرآ‌ن»ی سیووتی بکه‌یته‌وه که کورتکراوی کتێبی «البرهان»ی زه‌ڕکه‌شییه. که‌وابوو پرسیاری ئه‌م به‌ڕێزه که ده‌ڵێت که ره‌مه‌زان ده رۆژ دێته پێشه‌وه، ئێمه یه‌که‌م جاره‌که حیساب ده‌که‌ین یه‌که‌م جار که له له‌وحه‌لمه‌حفووز هاتۆ‌ته به‌یته‌لعیززه له ئاسمانی دنیا که ئه‌مه بیست و پێنجی ره‌مه‌زان بووه، دوای ئه‌وه ئیتر به‌رده‌وام به پێی پێداویستییه‌کان هاتۆ‌ته خواره‌وه؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. النسائي: 11308؛ الطبراني، المعجم الأوسط: 1479؛ حاکم: 2877؛ ابن أبي شیبة: 30187؛ هه‌ندێکیان به له‌فزی جیاوازه‌وه؛ زه‌هه‌بی فه‌رموویه‌تی: به‌پێی مه‌رجی بوخاری و موسلیمه.
- که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «إِنَّا عَرَضْنَا الْأَمَانَةَ عَلَى السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالْجِبَالِ فَأَبَيْنَ أَن يَحْمِلْنَهَا وَأَشْفَقْنَ مِنْهَا وَحَمَلَهَا الْإِنسَانُ إِنَّهُ كَانَ ظَلُوماً جَهُولاً» [الأحزاب: 72]، ئه‌م ئایه‌ته زۆر که‌سی وا لێ کردووه که گه‌یاندوونیه‌ته ئیلحاد و بێ‌باوه‌ڕی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چۆن ده‌شێت که‌سێک ئه‌مانه‌تێکی بدرێت به‌سه‌ر شاندا که خۆی له‌و شوێنه نه‌بووه‌و غائیب بووه‌و ئاماده‌ی ئه‌م گرێبه‌سته نه‌بووه! چۆن ده‌شێت هه‌موو ئینسانه‌کان ته‌حه‌ممولی ئه‌م مه‌سئوولیه‌ته بکه‌ن که ئینسان خۆی فه‌رده، یه‌ک که‌سه له کاتێکدا گرێبه‌ست و عه‌قده‌که‌ش پێویست ده‌کات هه‌ر دوو ته‌ره‌فه‌که هه‌بن؟
-
ئه‌م برا به‌ڕێزه چه‌ند شتێکی له یه‌کتر تێکه‌ڵ کردووه. سه‌ره‌تا ئێمه نه ده‌زانین کاتی وه‌رگرتنی ئه‌م ئه‌مانه‌ته که‌ی بووه، نه ده‌زانین شوێنه‌که‌ی کوێ بووه‌و نه ده‌زانین که‌یفیه‌ته‌که‌شی چۆن بووه، یه‌عنی نه کات ده‌زانین و نه شوێن و نه چۆنێتی، هه‌روه‌کو که چۆن نازانین خوای په‌روه‌ردگار به چ شێواز‌و چۆنێتییه‌ک ئه‌م ئه‌مانه‌ته‌ی به ئاسمانه‌کان و زه‌وی و کێوه‌کان سپاردووه‌و ئه‌وانیش وه‌ریان نه‌گرتووه: «فَأَبَيْنَ أَن يَحْمِلْنَهَا»؛ «هه‌مووان ده‌ستیان پێوه ناو ترسان له‌وه‌ی هه‌ڵی بگرن». ئێمه ئه‌مه نازانین.
پاشان ئه‌وه‌ی که خودی ئه‌مانه‌ته‌که چییه زانایان چه‌ند بۆچوونێکیان هه‌یه ده‌رباره‌ی؛ هه‌ندێک ده‌فه‌رموون بانگه‌وازی خواییه، هه‌ندێک ده‌فه‌رموون هه‌موو دینه‌که‌یه، هه‌ندێکی تر ده‌فه‌رموون هه‌موو حوکمه‌کانی ئیستیخلافه. من ئه‌م بۆچوونه‌م پێ په‌سه‌نده‌و پێم وایه ئه‌م ئه‌مانه‌ته هه‌موو حوکمه‌کانی ئیستیخلاف ده‌گرێته‌وه که هه‌موو دینه‌که‌و حاکمێتی شه‌رع و بانگه‌وازکردنیشه بۆ ئیسلامه‌که.
پاشان که جه‌نابت ده‌فه‌رموویت ئه‌مه خه‌ڵکی راکێشاوه به‌ره‌و ئیلحاد، ئه‌مه شتێکی نامومکینه! یه‌عنی چۆن خه‌ڵکێک مولحید ده‌بێت به سه‌به‌بی شتێکی وا؟ ئه‌مه رووداو و حه‌ده‌سێکه‌و له کات و شوێن و جێگا‌و رێگایه‌کی تر به حاڵه‌تێکی تر رووی داوه، خۆ خوای په‌روه‌ردگار تۆ موحاسه‌به ناکات یان ئه‌و مولحیده موحاسه‌به ناکات له‌سه‌ر خودی ئه‌مه، ئه‌وه‌ی که مرۆڤ له‌سه‌ری موحاسه‌به ده‌کرێت ئه‌وه‌یه که ده‌فه‌رموێ: «إِنَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِرًا وَإِمَّا كَفُورًا» [الإنسان: 3]؛ « به‌ڕاستی ئێمه رێنمووییمان کرد بۆ رێگای راست، به ئازادی ده‌توانێت ببێته که‌سایه‌تیه‌کی ئیماندار‌و سپاسگوزار، یان بێباوه‌ڕو خوانه‌ناس». ئه‌م وه‌حیه‌ی که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) هێناوێتی و خستوێتیه به‌رده‌ستی ئێمه‌و ئه‌و کابرا مولحیده‌ش، له‌سه‌ر ئه‌مه‌یانه موحاسه‌به ده‌کرێین نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خوای په‌روه‌ردگار ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ی به ئاسمان و زه‌وی سپاردووه‌و وه‌ریان نه‌گرتووه به‌ڵام ئینسان وه‌ری گرتووه. که‌وابوو مه‌سئوولیه‌ته‌که‌ی تۆ مه‌سئوولیه‌تی ئێستایه، عیلاقه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه که باسمان کرد و تۆ موحاسه‌به ناکرێیت له‌سه‌ر ئه‌وه.
جا که خوای په‌روه‌ردگار ئه‌م ئینسانانه هه‌موویان موحاسه‌به ناکات له‌سه‌ر رووداوی ئه‌و رۆژه که ئه‌مانه‌ته‌که‌ی پێ سپاردوون و هه‌ڵیانگرتووه، ئه‌مه هه‌روه‌کو ئه‌و رۆژه‌یه که خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ که فه‌رموویه‌تی: «أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى» [الأعراف: 172]؛ ئه‌م رووداوه‌یان پێش باسی ئه‌مانه‌ته‌که‌یه که جه‌نابت ئیشاره‌تت پێ داوه؛ ئه‌مه باسی ئه‌و کاته‌یه که خوای په‌روه‌ردگار زوڕڕییه‌تی نه‌وه‌کانی ئاده‌می کۆ کردۆته‌وه‌و ئه‌م عه‌هده‌ی لێ وه‌رگرتوون: «مه‌گه‌ر من په‌روه‌ردگاری ئێوه نیم؟ وتیان به‌ڵێ په‌روه‌ردگاری ئێمه‌یت». به‌ڵام هیچ ته‌کالیفێکی شه‌رعی له‌سه‌ر ئه‌مه دروست نابێت و کابرا موحاسه‌به ناکرێت له‌سه‌ر ئه‌مه بێگومان.