یه‌که‌م خاڵ ئه‌وه‌یه که وا نه‌زانین ئه‌ولیا بوون به شاڵی سه‌وزو که‌شیده‌و به‌م جۆره مه‌لامیحانه ده‌بێت یان به جیببه‌و عه‌مامه‌و ریشی درێژ و ...، نا ده‌شێت ته‌له‌به‌یه‌کی جامیعه بێت! ئه‌ولیا خۆی جه‌معه، هه‌رچه‌نده کورد هه‌ر به یه‌ک که‌سیش ده‌ڵێت ئه‌ولیایه به‌ڵام خۆی ئه‌ولیا جه‌معی وه‌لییه، وه‌لیش ئه‌و که‌سه‌یه که خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: «الَّذِينَ آمَنُواْ وَكَانُواْ يَتَّقُونَ» [یونس: 63]؛ «ئه‌وانه‌ن که باوه‌ڕیان به خوای گه‌وره هێناوه‌و به ده‌ره‌جاتی ته‌قواکارییه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوون».
وه‌لییه‌که ده‌شێت ئافره‌تێکی موسوڵمان بێت؛ خه‌ڵکی لای ئێمه وا ده‌زانن ته‌نها رابێعه‌ی عه‌ده‌وی له ئافره‌تاندا وه‌لی بووه، یان که ده‌وترێت پیاوی چاک و پیاوی ساڵح و وه‌لی خوا وا ده‌زانن ته‌نها شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئه‌حمه‌دی شێخ و ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه! به‌ڵام له راستیدا ده‌شێت وه‌لییه‌که کابرایه‌کی کرێکاری حه‌ڵالخۆرو ره‌نجده‌ر بێت که به ده‌ره‌جه‌کانی ته‌قوایا سه‌ر که‌وتووه‌و ئیماندارێتییه‌کی باشی پاراستووه. ئه‌مه پێناسه‌ی وه‌لی که که‌رامه‌تیش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م روو ده‌دا.
پاشان که‌رامه‌ت خۆی بریتییه له چی؟ که‌رامه‌ت وه‌کو موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌ران وایه له‌و رووه‌وه که شتێکی نائاساییه؛ بۆ نموومه ئێمه له موعجیزاتی پێغه‌مبه‌ری خوادا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌بینیین بۆ نموونه که له ژێر په‌نجه‌کانیه‌وه ئاو هه‌ڵقوڵیوه. یان ئوسه‌یدی کوڕی خوزه‌یر له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بوو (علیه الصّلاة والسّلام) که ته‌شریفی برده ده‌ره‌وه قامچیه‌که‌ی تیشکی بۆ دروست کرد و شه‌وه‌که‌ی بۆ رووناک کردبۆوه که ئه‌مه موعجیزه‌یه. پاشان له ئه‌ولیادا بۆ نموونه ده‌بینین خالیدی کوڕی وه‌لید زه‌هری خوارده‌وه‌و هیچ ته‌ئسیرێکی تێ نه‌کرد! که‌رامه‌تی ئه‌ولیا تایبه‌تیش نه‌بووه به یاوه‌ران و تابیعین و غه‌یری ئه‌وانیشه‌وه، که‌رامه‌ت بۆ ئه‌ولیایه هه‌روه‌کو چۆن موعجیزه بۆ پێغه‌مبه‌رانه. جا که پێغه‌مبه‌رایه‌تی کۆتایی پێ هاتووه، ئه‌ولیا هه‌ر به‌رده‌وامن و که‌رامه‌تیشیان به‌رده‌وامه.
که‌وابوو که‌رامه‌ته‌که بریتییه له نێعمه‌تێکی گه‌وره‌ی خوای په‌روه‌ردگار که «خَرقٌ لِلعادة»یه یه‌عنی له رێساکان به‌ده‌ره؛ ئه‌مه‌ش له ژیانی رۆژانه‌دا خه‌ڵکێک حه‌تمه‌ن ده‌یبینێت، ئه‌وانه‌ی که ده‌ره‌جاتیان له‌لای خوای گه‌وره به‌رزه‌و ئیماندار‌و پاکن زۆر شتی له‌و بابه‌تانه ده‌شێت ببینن؛ واللّه تعالی أعلم.