له ئایه‌تی سێی سووره‌تی نوور خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «الزَّانِي لَا يَنكِحُ إلَّا زَانِيَةً أَوْ مُشْرِكَةً وَالزَّانِيَةُ لَا يَنكِحُهَا إِلَّا زَانٍ أَوْ مُشْرِكٌ وَحُرِّمَ ذَلِكَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ». زانایانی ئیسلام ده‌رباره‌ی له‌یه‌کدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته بێگومان راجوێن؛ چونکه که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: « الزَّانِي لَا يَنكِحُ إلَّا زَانِيَةً»، وشه‌ی نیکاح به مه‌عنای گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریش دێت و به مه‌عنای جیماع و سه‌رجێییش دێت. که‌واته یه‌کێک له مه‌عناکان ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه‌ی که خۆی زیناکاره هه‌ر ده‌بێت زیناکارێک بخوازێت بۆ هاوسه‌رگیری. مه‌عنای دووه‌میش ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه‌ی که زیناکاره هه‌ر لایه‌قی ئه‌وه‌یه که ده‌چێته‌وه بۆ لای زیناکارێکی تر یان بۆ لای موشریکێک. ئه‌و ئافره‌ته‌ی زیناکاره یان پیاوێکی زیناکاری وه‌کو خۆی سووک و سه‌لیم دێت زینای له‌گه‌ڵ ده‌کات یان موشریکێک دێت زینای له‌گه‌ڵ ده‌کات؛ یه‌عنی له زیناکاره موسوڵمانه‌که که فاسقه خراپتر دێت زینای له‌گه‌ڵ ده‌کات که کابرای موشریکه. جا باسی موشریکه‌که بۆ « تقبیح الصورة»یه یه‌عنی قێزه‌ون کردنی ئه‌م دیمه‌نه که پیاوێکی موسوڵمان رازی بێت به‌وه‌ی که ده‌چێته لای ئافره‌تێکی له‌شفرۆش و سووکایه‌تی به‌سه‌ر خۆیشیدا ده‌هنێت یان ده‌چێته لای ئافره‌تێکی موشریک، هه‌روه‌ها ئافره‌تێکی موسوڵمان به له‌شفرۆشیه‌که‌ی خۆی ئه‌وه‌نده سووک ده‌کات که کابرایه‌کی سه‌رسه‌ری دوور له رووی ئێوه هیچ و پووچ دێت بۆ لای و زینای له‌گه‌ڵ ده‌کات، له‌ویش خراپتر کابرایه‌کی موشریک دێته لای! ئه‌مه ئه‌گه‌ر نیکاحه‌که به مه‌عنای سه‌رجێیی کردن له یه‌ک بده‌ینه‌وه.
به مه‌عنای گرێبه‌سته‌که‌ش ئیمامی ئه‌حمه‌د (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: حه‌رامه نابێت پیاوی موسوڵمانی داوێن‌پاک ئافره‌تی داوێنپیس بێنێت و پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌روه‌ها. ئیمامی ئیبنوته‌یمییه‌و ئیمامی ئیبنولقه‌ییمیش (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت) موناسه‌ره‌ی ئه‌م ره‌ئیه‌یان کردووه؛ ئیبنو ته‌یمییه له مه‌جمووعی فه‌تاوادا، به‌رگی پازده‌یه‌م که ته‌فسیری تێدایه‌و لای ئیبنولقه‌ییمیش له «إغاثة اللهفان»، به‌رگی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه 65. به‌ڵام سێ ئیمامه به‌ڕێزه‌که‌ی تر واته ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیک و شافیعی (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت) ده‌فه‌رموون: زیناکاریش بێت هه‌ر جائیزه ماره بکرێت. ئیمامی شافیعی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) له کتێبی «الأم»[1] له سه‌عیدی کوڕی موسه‌ییبه‌وه ده‌گێڕێته‌وه که ئیمامێکی به‌ڕێزی ئوممه‌ته‌که‌یه ده‌فه‌رموێ: حوکمی ئه‌م ئایه‌ته نه‌سخ بۆته‌وه به‌و ئایه‌ته‌ی که ده‌فه‌رموێ: «وَأَنْكِحُوا الأَيَامَى مِنْكُمْ وَالصَّالِحِينَ مِنْ عِبَادِكُمْ وَإِمَائِكُمْ» [النّور: 32]؛ «ژن بده‌ن به پیاوانی بێ ژن و ئافره‌تانی بێ مێرد بده‌ن به‌شوو، هه‌روه‌ها ژن بده‌ن به به‌نده ساڵحه‌کانتان و که‌نیزه‌که‌کانیشتان بده‌ن به شوو». لێره‌دا ده‌فه‌رموێ: به گشتی ئێوه ئافره‌تانی خۆتان ماره بکه‌ن. که ده‌ڵێ ئافره‌تانی خۆتان، هه‌موو نه‌وعێکی تێدایه. ئه‌مه یه‌که‌مین به‌ڵگه که ئیمامی شافیعی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) هێناوێتیه‌وه. پاشان ده‌فه‌رموێ: به شێوه‌یه‌کی گشتی حه‌ڵاڵه ماره کردنی.
جا لێره‌دا گرنگ خاڵێکه که سه‌به‌بی نوزوول و هاتنه خواره‌وه‌ی ئایه‌ته‌که چییه؟ هه‌ندێک سه‌حابی به‌ڕێز له موهاجیره‌کان فه‌قیر بوون که هاتبوونه مه‌دینه، هه‌ندێک ئافره‌تی له‌شفرۆش هه‌بوون له مه‌دینه ناسراو بوون، ده‌وڵه‌مه‌ندیش بوون و خه‌ڵک ده‌چووه لایان و پاره‌ی ده‌دانێ و زینایان له‌گه‌ڵ ده‌کردن وه‌کو ئه‌م زه‌مانه، جا ئه‌و سه‌حابییه به‌ڕێزه فه‌قیرانه وتیان: وه‌ڵا ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وانه ماره بکه‌ین باشه، خانوویان هه‌یه، ماڵیان هه‌یه، جێگا‌و رێگایان هه‌یه، ئێمه‌ش ده‌چینه ماڵه‌که‌و هه‌م له‌گه‌ڵیان ده‌بین و ژنی ئێمه ده‌بن و هه‌م ئه‌و ئیشه‌ی خۆیشیان ده‌که‌ن و ئێمه‌ش ماڵ و جێگا‌و رێگایه‌کمان ده‌ست ده‌که‌وێت! ئیتر ئایه‌ته‌که له‌سه‌ر ئه‌مه هاته خواره‌وه که ئه‌م کاره جائیز نییه.[2]
ریوایه‌تی دووه‌می سه‌به‌بی هاتنه خواره‌وه‌که هه‌ر ئه‌وه‌یه که مه‌ڕسه‌دی کوڕی ئه‌بی مه‌ڕسه‌دی غه‌نه‌وی پرسیاری له پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) کرد و عه‌رزی کرد: من ئافره‌تێک هه‌بوو به ناوی عه‌ناق له مه‌ککه له‌شفرۆش بوو ئاڵای له‌سه‌ر ماڵه‌که‌ی ده‌چه‌قاند هه‌روه‌کو ئه‌م زیناکارانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه که ره‌سمی خۆیان داده‌نێن ئه‌وانیش ئاڵایان له‌سه‌ر ماڵه‌کانیان داده‌نا، جا وتی: من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو له جاهیلیه‌تدا، ئیتر ئه‌م موسوڵمان بووه‌و هیجره‌تی کردووه بۆ مه‌دینه، پرسی به پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) کرد که ئایا جائیزه بیخوازم چونکه حه‌ز ده‌که‌م؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) سه‌ره‌تا بێده‌نگ بوو، پاشان ئه‌م ئایه‌ته هاته خواره‌وه‌و ئیتر رێگای نه‌دا که بیخوازێت.[3]
که‌وابوو له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رمووده ئه‌وه‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌دی کوڕی حه‌نبه‌ل فه‌رموویه‌تی به‌قووه‌تتر ده‌کاته‌وه که ئه‌و ئافره‌ته‌ی پیشه‌ی له‌شفرۆشییه پیاوی موسوڵمان نایهێنێت. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه که وه‌ک پیشه له‌شفرۆشیه‌که بکات. ئه‌مه مه‌عنای وا نییه که ئافره‌تێک زینای کردووه‌و که‌س نازانێت به‌ڵام دوایی که‌شف ده‌بێت که ئه‌و کاره‌ی کردووه ئیتر نه‌یخوازێت، چونکه ئه‌م کاره‌ش سیتری موسوڵمانی تێدا نییه. یان ئافره‌تێکی غه‌ربی که موسوڵمان بووه، ئه‌و پیاوه‌ی که ده‌یخوازێت ناتوانێت بڵێت موهیم ئه‌وه‌یه که زینای نه‌کردبێت، ناتوانێت وای پێ بڵێت چونکه ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه له کرده‌وه‌کانی رابردووی. هه‌روه‌ها ژنه‌که‌ش ناتوانێت به کابرا بڵێت: به‌و مه‌رجه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌که‌م که پێشتر زینای نه‌کردبێت، چونکه پیاوه‌که‌ش پێشتر ئیلتیزامی دینی نه‌بووه‌و له‌وانه‌یه زینای کردبێت. که‌وابوو له‌م حاڵه‌ته‌دا که ئافره‌تێک زینای کردووه‌و دوایی ته‌وبه ده‌کات و داوێن‌پاک ده‌رده‌چێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیسلام و حیجاب و حه‌ج و عو‌مره‌و ته‌وبه کردنێکی پاکی کردووه ناشێت بڵێین که‌س ماره‌ی نه‌کات! بۆ پیاوه‌که‌ش هه‌روه‌ها. چونکه رێسا‌و قاعیده ئه‌وه‌یه که «الْإِسْلَامُ يَجُبُّ مَا قَبْلَهُ»[4]؛ «ئیسلام ئه‌وه‌ی رابردووی ده‌سڕێته‌وه».
لێره‌دا به باش ده‌زانم که خاڵێک باس بکه‌م که په‌یوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه هه‌یه؛ له کاتی هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م جاری ئۆردۆغان له ئه‌سته‌نبووڵ گه‌ڕه‌کێکی لێ‌بوو که سی و شه‌ش هه‌زار داوێنپیسی لێ‌بوو! ئۆردۆغان چوو بۆ ناویان و وتی هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت واز له داوێنپیسی بێنێت که ناچار بووبێت له‌سه‌ری و بارودۆخ ناچاری کردبێت و بیه‌وێت ته‌وبه بکات و واز بێنێت ئه‌گه‌ر من ده‌رچووم رێگایه‌کی پاکداوێنی بۆ ده‌که‌مه‌وه، جێگا‌و رێگای تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و دوایی پاک بێته‌وه‌و حه‌ج و ته‌وبه کردن و ئیلتیزامی ئیسلامه‌تی و به‌شوودانه‌که. سه‌یریش ئه‌وه بوو که هه‌موو رۆژنامه‌کانی تورکیا نووسیان که یه‌که‌مین سه‌وت له‌م گه‌ڕه‌که داوێنپیسه‌دا ئۆردۆغان و حیزبه‌که‌ی هێناویانه! بۆیه ده‌شێت له حاڵه‌تێکی ئاوادا که‌سانی داوێنپیس بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ته‌وبه کردن، بۆ حیجاب، بۆ حه‌ج کردن و پاشان بۆ به شوودانه‌وه‌شیان، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێکی پڕکامه‌رانی و ئیماندارانه ببه‌نه سه‌ر.
که‌وابوو له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌د که ده‌فه‌رموێت: ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر له‌شفرۆشیه‌که‌ی ته‌بعه‌ن نابێت ماره بکرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌ی کردبوو یان ده‌یه‌وێت ته‌وبه بکات به‌هۆی ئه‌م پیاوه موسوڵما‌نه‌وه‌و له زیناکاری ده‌گه‌ڕێته‌وه ته‌بعه‌ن شتێکی باشتره که بیخوازێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هات و مه‌عناکه‌شمان وا وه‌رنه‌گرت که بڵێین مه‌عنای نیکاحه، ئیتر مه‌عنای ئایه‌ته‌که که ده‌فه‌رموێ: «الزَّانِي لَا يَنكِحُ إلَّا زَانِيَةً» واته جیماعی له‌گه‌ڵ ناکات، زینای له‌گه‌ڵ ناکات مه‌گه‌ر که‌سێکی سووک وه‌کو خۆی یان موشریکێک. ئه‌م که‌لیمه‌یه‌ش ئیبنو عه‌بباس ته‌فسیری کردووه‌و ئه‌مه قه‌ولی موجاهید و سه‌عیدی کوڕی موسه‌ییب و عه‌تائی کوڕی ئه‌بی‌ڕه‌باح و موقاتیل و زۆر له ئه‌هلی ته‌فسیریشه. قه‌ولی ئیبنوعه‌بباسیش به‌ڵگه‌و حوججه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تێدایه که ئاوا ته‌فسیری کردووه، چونکه هه‌م شاره‌زای شه‌رعه‌که‌یه به گشتی و هه‌م شاره‌زای ئایه‌ته‌که‌شه به تایبه‌تی که ئیبنو عه‌بباس سوێند ده‌خوات هیچ ئایه‌تێک نه‌هاتۆته خواره‌وه ئیللا زانیومه له‌سه‌ر کێ و له کوێ هاتۆته خواره‌وه‌و مه‌عناکانیشی که لێ وه‌رگیراوه چییه.
پاشان که ده‌شفه‌رموێت: «وَحُرِّمَ ذَلِكَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ»، نیکاحه‌که به حه‌رام داده‌نێت و ئه‌مه‌ش بۆچوونه‌که‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌د به‌قووه‌تتر ده‌کات مادام له‌سه‌ر داوێنپیسیه‌که‌ی مابێته‌وه‌و نه‌گه‌ڕابێته‌وه.
[1]. الشافعي، الأم : 5/158.
[2]. تفسیر الطبري: 19/96؛ الواحدي، أسباب نزول القرآ‌ن: 315.
[3]. أبو داود: 2051؛ الترمذي: 3177؛ النسائي: 5319؛ ئه‌لبانی (إرواء الغلیل: 1886) ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه. سه‌ره‌تای فه‌رمووده‌که ئاوایه: «أَنَّ مَرْثَدَ بْنَ أَبِي مَرْثَدٍ الْغَنَوِيَّ كَانَ يَحْمِلُ الْأُسَارَى بِمَكَّةَ، وَكَانَ بِمَكَّةَ بَغِيٌّ، يُقَالُ لَهَا: عَنَاقٌ، وَكَانَتْ صَدِيقَتَهُ...».
[4]. السیوطي، الأشباه والنظائر:255.