X

گەڕان




شاهیدییه‌كان

نزاکان و قوڕگی پڕ لەگریانی مامۆستا کرێکار

5/27/2023 11:28:42 PM   |   184 :بینراو
رۆژنامه‌نووس: به‌ڕێز ئیبراهیم عەباس
ئیبراهیم عەباس

تۆمارە دەنگییەکەی نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار، بەبۆنەی لێدان و هەڵکوتانە سەر د. فەرهاد پیرباڵ، هەر زەنگ نین بەتەنها، بەڵکو وەرچەرخانی لێدوان و زمانی دەنگە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستانە لەدەست نادادی و زوڵم و ستەمدا، هاوکات پەردە لادانە لەسەر ئەو تارمایانەی بەئاشکراو و بەنهێنی، لە زیندان و لە ناو کۆمەڵگە، بەعس ئاسا دەرهەق بەخەڵکی کوردستان دەکرێت.

دڵنیام بەسەدان هەزار دەنگی نارازی و دڵ پڕتر لە مامۆستا کرێکار هەبوون و هەن، بەڵام نە توانیان بەو جورئەتە بێنە قسەو نە بەو زمانە رەوانە ناخیان هەڵبرێژن. نەوێراشیان پەنجە بۆ جۆرە زوڵمێک درێژبکەن. ئەوەی مامۆستا کرێکار وتی شکاندنی ئەو رێچکەیە کە خەڵک بە کۆمێنت لە فەیسبووک دەینوسێت، بەڵام هێشتا ماوە بە راشکاوتر قسەی لەسەر بکات.

سۆزی زۆری مەلا کرێکار بۆ نووسەرێکی کورد، نزاو دوعاکانی لوتکەی رەوشتبەرزی مامۆستایانی ئایینە و رێک ئەو هەڵوێستەیە کە مامۆستای ئایینی خەمی کۆمەڵگا، ئازادی و نان و دادگەری و کەرامەتی خەڵک دەخاتە پێش خوداپەرستی. ئەو خوداپەرستیەی بەبێ دابینکردنی نان و ئازادی و خەمی خەڵک، بەلای پەروەردگاریشەوە قبووڵ نییە. 

مەلا کرێکار راستگۆیانە پەیامێکی گەورەی بە بارزانی، بە هەڵای راگەیاندنی دەوڵەتداو راشکاوانە ئەوەی لەناخی خەڵکدایەو ناوێرن دەریببڕن، بەشێکی زۆری وت، بۆ ئەوەی لێدان و سوکایەتی بەو نووسەرە و رەفتارە بەعسیەکان، بووەستێت.

هەست و سۆزی مەلا کرێکار پەیامێکی ئاشکراشە بۆ حزبە بێ هەڵوێستەکانی کوردستان، کە لەبەرچاوی ئەوان دەیان ناهەقی گوزەر دەکات و ئەوانیش رۆژێک بەناوی دەستاو دەستی دەسەڵات و رۆژێک بەناوی ئابووری سەربەخۆو رۆژێک بەبەهانەی نزیکی شەڕی داعش لە پایتەخت و ساتێک بەناوی ریفراندۆم و سەربەخۆی دەگەوجێنرێن. گەوجاندنێک کە خۆشیان باوەریان پێی نییە! کەچی لە بێ دەسەڵاتیدا هاوشانی سەرکردەکانی پارتی، دەهۆڵی بۆ دەکوتن.

هیوادارم هەر خوێنەریکی ئازیز ئەو وتارەمی خوێندەوە، بچێت گوێ لە تۆمارە دەنگییەکەی مامۆستا کرێکار بگرێت، لە زۆر پەیج هەیە.


شاهیدییه‌كان