X

گەڕان




ڕێبەری

با ئیسلام لەم موسوڵمانانە  قوتار کەین

9/23/2016 7:28:29 AM   |   5416 :بینراو

با ئیسلام لەم موسوڵمانانە

 قوتار کەین

مامۆستا كرێكار

   یەکێک لە پلانە سەرەکیەکانی ئیحتیلالی ئەمریکا لە کوردستان دامەزراندن و پشتگیریی کردنی مەڵبەندو رێکخراوو دەزگا فیکرییە بێدینییەکانی هەرێم بوو، لەگەڵ هاندانی ئاشکراکردنی دوژمندارێتیە شاراوەکانیان بەرامبەر بە ئیسلام وچالاکییە ئیسلامییەکان. بۆیە لەو سەردەمەدا دژایەتی ئیسلام بێ هیچ پەردەو بەربەستێک دەرکەوت و دەسەڵاتدارانی عەلەمانی کوردستانیش بە هەموو توانای سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی و ئابووریی خۆیانەوە ـ تا ئێستاش ـ بەرگرییان لە هەموو جۆرە کوفرێک کردو ئەمانیان دا بە هەموو ئەو کەسانەی کە بووبوون بە کەواسووری پێش لەشکری کوفرو ریددە.

  • -بوارێکی پلانیان ریشەکێشکردنی کەسایەتیە ئیسلامییەکان بوو بە کوشتن و گرتن و زیندانکردنیان بۆ ماوەی درێژخایەن وتۆقاندن و تەنازوول پێکردن و دەستەمۆکردنی ئەوانی تر کە کەوتنە بەر دەست..
  • -بوارێکی تر ئەوەبوو کە ناویان لێنابوو: ووشک کردنەوەی سەرچاوە. سەڕچاوەی فیکرو ئاڕاستە، سەرچاوەی کۆمەڵکاریی دینداریی و سەرچاوەی ئابووریی و... هیتر. لە بەرامبەر لێشاوی ئاڕاستە ئیستیعمارییەکەی خۆیاندا، کە لە دەزگاکانی حوکمڕانی و خوێندنگاو راگەیاندن و رێکخراوەکانی "کۆمەڵگەی مەدەنی" ەوە بە بووجەیەکی خەیاڵیی دەیانکرد.
  • -بوارێکی تر هێرش کردن بوو بۆ سەر هەر هەموو بەهاو پیرۆزیی و رەهەندەکانی ئیسلام: بێڕێزکردنی قورئان و شەرع و مەلاو سیمای دین و دینداریی.. هێرشکردنە سەر عەقیدەو فیکر. عیبادەت و شەریعەت، بنەمای قییەم و رێسا رەوشتیەکان و ..هتد.
  • -بوارێکی تر دروستکردنی گومان بوو لە سەرچاوەکانی دین و دینداریی کە قورئان و فەرموودەو کۆڕا (ئیجماع) یاوەرانە.. لەگەڵ ووروژاندنی دەیان باس و بابەتی مێژوویی. هەموو ئەمانە بە کەیفی ئێران دەهاتەوە، چونکە دەمێک بوو ئێران شکستی لە تەشەییوعەکەی خۆیدا لە کوردستان هێنابوو، بۆیە کەوتبووە هاندانی دیدو تێڕوانینی موعتەزیلە، بەو ئومێدەی لە داهاتووی دووریشدا زەمینەی بانگەشە بۆ شیعەگەراییەکەی بۆ خۆش ببێت..

   ئیحتیلال و ئێران ـ هەر یەک لە ڕێی شوێنکەوتەی دیدو رێبازیانەوە ـ کەوتنە پشتیوانی کردن و بریقاندنەوەو درەوشاندنەوەی "بیرمەند" و "رۆشنبیر"ەکانیان، کە زۆربەیان لە وانە سەرەتاییەکانی رۆژنامەوانییدا بوون، نەک دیراساتی شەرعیی!! بەڵام کتێب و مەقالاتی دەرەکییان پێ دەکرایە کوردیی! موکافەئەی چاکیشیان لەسەر وەردەگرت!

   کاتێک ئیحتیلال بە بەزیوویی مەیدانەکەی بەجێهێشت، گەڕەلاوژێیەکی ئێجگار زۆری وەکو (موخەلـلەفاتی جەنگ) بەجێهێشتبوو.. ئیتر لە ماوەی دە ساڵدا لە کوردستان ئەوە دەرکەوت کە لە ووڵاتی موسوڵمانان بە 40ـ50 ساڵ دەرکەوتبوو..

   ئێمە کە ساڵەها بوو دیدوڕێی ئەهلی سووننەت و جەماعەتمان ـ بە پێناسەی سەلەف ـ دەناساندو چالاکی بەرچاومان هەبوو، غەریب کەوتین.. لە هەموو لایەکەوە فیکری مونحەریف وەکو زێراب تەقی.. هەر هەمووشی  هەر بە ناوی ئەهلی سوننەت و جەماعەت خۆی دەناساند. تەنانەت ئەوانەی کە نوێژیشیان نەدەکردو داوای نوێکارییان لە دیندا دەکرد!

   نەوەی باڵغبووی زەمانی ئیحتیلال کە چاوی کردەوە دیتی مزگەوت وەکو زەمانی لینینە. مەلا کادیری حزبی عەلەمانییەو بانگوێژ سیخوڕی ئەنتی تیرۆرە! دیتی دەرسی مزگەوت نەماوەو هەر حزبێکی ئیسلامی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کردۆتەوەو لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقادا (بەلاغی دینی پێغەمبەران علیهم السلام) دەگەێنێتە شوێن کەوتووانی و جەماوەرەکەش بۆ "دیموکرسییەتێکی موسوڵمانانە" بانگهێشت دەکات! دیتی لە مزگەوتی خۆماڵی (موئەممەم) کراوەوە مەنهەجی مورجیئە شەرح دەکرێت و مەدخەلیەکان بانگەواز دەکەن بۆ بەیعەتدان بە وەلی ئەمری نوێی کوردان، دوای بەیعەتە بە خوێن نوسراوەکەی سەددام.. لە دەرەوەش لە میدیا و ئینتەرنێتدا بانگەوازی عبدالرحمن صدیق و قورئانییەکان و موعتەزیلە لەگەڵ سەدای دیموکراسێتییەکەی ئەبوبەکر کاروانییدا تێکەڵ بووە..

   لە جەنجاڵی تێکچڕژانی ئاوازی مەدخەلی مورجیئەی مزگەوت و نووزەی مەلای ئەشعەریی و سەرسەدای ئەقڵانییە کۆنە ئیخونییەکان ـ نەوەی نوێی گەنجی دیندارمان هەتیوکەوتبوون ـ  لە ناکاو نەڕەی تەکبیری تەنزیمی دەولەش پەیدابوو. داوای بەیعەتی بۆ خەلیفەی نوێ دەکرد.. هاواری کرد عوزری نەزانین بۆ کەس حسێب ناکەین و ئەوەی بەیعەتی نەداینێ مورتەددە.. ئیتر تەکفیر کردن بوو بە سەدایەک، بانگ دەگەیشتە هەر شوێنێک تەکفیریش لەوێ موناقەشەی بوو..

   ئێمەی بە تەمەن و شەتەکدراوو دەمگیراو کاتێک چاومان هەڵبڕی دەبینین قونێری فیکریی نامۆ جەستەمانی داگرتووە، ئەوی تەجویدمان فێر دەکرد "ئیجتیهاد" دەکات کە چوونە مزگەوت جائیز نەماوە. ئەوی سییرەمان بە شیعر فێردەکرد دەڵێ ئوممەت مادام کوفرانەی بە طاغووت نەکردووە کافر بووە. ئەوی موبتەداو خەبەرمان بە مانگێک تێگەیاند دەڵی: ئەوی نیشتەجێی دارولکوفرە کافرە.. ئەوی رەمەزانان دەمانبردە مزگەوت موفتی کەناڵی تەلەفزیۆنی پەکەکەیە! ئەو داعیە چالاکەش کە جاران لە داهاتووی ئیسلام گەشبینی دەکردین وەزیری تەقاویتەو نوێژ لە مزگەوت ناکات، ناشتوانین بچین بۆ (مەزرەعە)کەی کە وەکو مەزرەعەکەی جۆرج بۆش لە دەرەوەی شارە..

برا بەڕاستی لێقەومانە.. پیاوی چابن وەرن با ئیمامی ئیبنوتەیمییە بکەینە مەرجەعییەتی خۆمان و ئیسلام لەم موسوڵمانانە قوتار کەین.. زەمانەکەمان زۆر لە زەمانی ئەو دەچێت.

 

22/9/2016


ڕێبەری