ئیسلامی سیاسی یان بانگه‌واز؟!
بانگهێشت بۆ پێداچوونه‌وه
كرێــكار
مه‌به‌ست له بانگه‌واز: ئه‌و دیدو تـێڕوانین و پێناسه‌و رێباز‌و مژده‌و ئیـنزاره‌یه كه پێغه‌مبه‌رانی به‌ڕێز "سه‌لامی خوایان لێ بێت" له پێش هه‌مووشیانه‌وه سه‌رداری هه‌موویان محمد المصطفی صلی الله علیه وسلم بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هێناویانه، كه كرۆكی بانگه‌وازی هه‌موویان مانا به‌رفراوانه گشتییه‌كه‌ی (باوه‌ڕ به خوا‌و كوفرانه به تاغووت)ـه: (وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ) النحل/36 واته: پێغه‌مبه‌رمان له ناو هه‌موو ئوممه‌تێكدا هه‌ڵـبژاردووه، تا ئه‌وه‌یان تێگه‌ێنن كه ده‌بێت خوا بپه‌رستن و توخنی تاغووت (شه‌یتان وبت وحوكمی یاسا) نه‌كه‌ون.. مه‌به‌ست له (ئیسلامی سیاسی)ش ئه‌و زاراوه‌یه كه رۆژئاواییه‌كان و (غه‌رب زه‌ده‌كانی رۆژهه‌ڵات به لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌وان) كردیانه پێناسه‌ی هه‌ڵاوێردنی ئه‌و داعـی و كه‌سایه‌تی و گرووپه ئیسلامیانه‌ی هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ی حوكمی ئیسلام ده‌ده‌ن، كه من لـێره‌دا مه‌به‌ستم (حیزبایه‌تی ئیسلامی سیاسی) یه .. ئه‌گینا من بۆ خۆم باوه‌ڕم هه‌ر به‌و ئیسلامه هه‌یه كه به‌رنامه‌یه‌كی تـێرو ته‌سه‌لی خواییه‌و لێك جودا ناكرێنه‌وه، ئیسلامێك نییه سیاسی بێ و ئیسلامێكی تر كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كێكی تر ته‌بلیغی ناسیاسی، ئیسلام هه‌ر ئیسلامه، چونكه ئه‌و شه‌رابه‌ی لای كابرای سیاسی حه‌رامه لای ئه‌وانی تریش هه‌ر حه‌رامه، ئه‌و رێسا شه‌رعیه‌ی حوكمی كۆمه‌ڵایه‌تی (وه‌كو ماره‌یی و ته‌ڵاق و میرات) ی پێ دیاری ده‌كرێت لای هه‌موو موسوڵمانان هه‌ر یه‌كه، ئه‌و حاكمه‌ی له دار الاسلامدا جائیز نییه " موسوڵمانان ئازادانه" گوێڕایه‌ڵی بكه‌ن، لای هه‌موو موسوڵمانان هه‌ر ئه‌و حاكمه كافره‌یه كه خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی گوێڕایه‌ڵی مه‌كه‌ن، به‌ڵام رۆژئاواییه‌كان ئه‌م ناو‌و ناتۆرانه‌یان له هه‌ندێك موسوڵمان ناوه، تا هـێزی ئه‌هلی ئیسلام په‌رته‌وازه‌كه‌ن و له‌به‌ر یه‌كی هه‌ڵوه‌شێنن، به‌مه‌ش هـێزو ووزه‌ی موسوڵمانان به‌ربڵاو ده‌كه‌وێت و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ره‌وتی گۆڕانكاریه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانیان نامێنێت ..
ئه‌مه دوو زاراوه‌كه، ئه‌مما پرسیاری ئه‌وه كه: (كامیان جێ بایه‌خ ببێته‌وه؟) مه‌به‌ست له‌میش ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی كه گرووپه سیاسییه‌كانمانی له كوردستان له‌سه‌ر دروست بوو، زه‌مینه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ران بوو، یان كه‌ش و هه‌واو بارودۆخی كوردستان و عـێراق و ناوچه‌كه بوو؟! ئایا ئه‌و زه‌مینه‌ش كه له‌سه‌ری دامه‌زران، ئه‌وه‌نده پان و به‌رین و پته‌و بوو كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیی له‌سه‌ر بنیات بنرێت، یان ئێمه په‌له‌مان كرد؟ یان ده‌وروبه‌ری وه‌كو ئـ‌ێران و به‌ره‌ی كوردستانی و به‌عس په‌له‌یان لێ كردین؟! ئایا ئێمه له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییدا "كه هاتینه مه‌یدانی شه‌ڕه پاڵی به‌عس و یه‌كێتی " دیدو به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی ئیسلامی رۆشنمان هه‌بوو یا نا؟! یان هه‌ر ئیعتیمادمان كردبووه سه‌ر ئیسلامه گشتیه‌كه‌و عاتیفه‌ی دینداری موسوڵمانان (كه له مزگه‌وت بیستبوومان و دیبوومانن)؟! كه زۆرمان پێمان وابوو ئه‌مه‌ی له مزگه‌وته‌كانمان له دوای مه‌لاكانمانه‌وه ته‌كبیری نوێژ ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵمانن و ته‌حه‌موولی هه‌موو تین و فشارێكی دوژمن و ناحه‌زان و ئه‌و له‌گه‌ڵدا بوونه‌مان به نه‌فه‌س درێژی خه‌بات ده‌كه‌ن!
له به‌راووردی كردنێكی ووردی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌وه (كامیان جێ بایه‌خ ببێته‌وه؟) ئه‌وه‌مان زیاتر بۆ روون ده‌بێته‌وه كه: ئایا بۆ كوفرانه به تاغووت و باوه‌ڕ هێنان به ئیسلام، بكه‌وینه‌وه كۆ كردنه‌وه‌یه‌كی ته‌نزیمی حیزبی سیاسی ومونافه‌سه (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستان یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یكه‌ن) یان زیاتر بایه‌خ به ره‌سه‌ن كردنه‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ران بده‌ین و ئوممه‌تێكی عه‌قائیدیی پشوودرێژی له‌سه‌ر په‌روه‌رده كه‌ینه‌وه؟!
به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره دیدفراوانه تر بڕوانینه‌وه بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ران ـ سه‌لامی خوایان لێ بێت ـ كه بریتی بووه له:
1ـ پێناساندنه‌وه‌ی ته‌وحیدو راست كردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و تێڕوانینی فه‌لسه‌فی خه‌ڵكی ده‌رباره‌ی (ژیان و مرۆژڤ و گه‌ردوون).
2ـ فێركردنی خواپه‌رستی و راست كردنه‌وه‌ی جۆره هه‌ڵه‌كانی خواپه‌رستی .
3ـ ناساندنی شه‌ریعه‌تی خوایی و ته‌علیماتی چۆنیه‌تی ره‌فتاری سه‌وداو مامه‌ڵه‌و هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌كتری (تاك و تاك) و(تاك و كۆمه‌ڵگه) (تاك و كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵات) .
4ـ په‌روه‌رده كردنی خه‌ڵكی له‌سه‌ر ره‌وشت و ره‌فتاری پێغه‌مبه‌ران .
5ـ پێگه‌یاندنی نوخبه‌یه‌كی دینداری ساغ، كه ئیدامه به‌م كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاته "دواى نه‌مانی پێغه‌مبه‌ران " بده‌ن و به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر روون كردنه‌وه‌و گه‌یاندنی بانگه‌وازه خواییه‌كه .
ده‌شێت پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی تریش ده‌رببڕرێت:
ئایا هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له پێشتره یان بنیاتنانه‌وه‌ی ئوممه‌تی موسوڵمان؟!
ئایا بۆ هێنانه دیی ئامانجی یه‌كه‌میان (كه هه‌ر وه‌سیله‌یه‌كی په‌رستنی خوای گه‌وره‌یه) هه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی موسوڵمانان (وه‌كو كه هه‌ن) به‌سه؟!
ئایا بۆ هێنانه دیی ئامانجی دووه‌م، دیندارێتی ئێستای موسوڵمانانی كورد به‌سه؟! یان په‌روه‌رده كردنه‌وه‌یانی ده‌وێت (وه‌كو كه ده‌بێت ببن)؟! ..
پرسیاره‌كه له‌م كاته‌ماندا - به پله‌ی یه‌كه‌م- رووه‌و رووی موسوڵمانه كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌یه نه‌ك ئه‌وانه‌ی ژێر باڵی كوفری پارتی و یه‌كێتی، چونكه ئه‌مانه‌ی ده‌ره‌وه ئازادن و باری ئابوری ژیان ئه‌وه‌نده‌یان ماندوو ناكات تا نه‌په‌ڕژێنه سه‌ر پێداچوونه‌وه‌و بیركردنه‌وه .
دیسان پرسیاره‌كه رووه‌و رووی موسوڵمانانی كورده به‌و سیفه‌ته‌ی كه موسوڵمانن، ئه‌مما هه‌بوونی ئاڕاسته‌و بۆچوونی فیكریی و سیاسیی جودایان، یان نه‌بوونی، كار له وه‌ڵامه‌كه ناكات..