کرێکار
چەند تێبینییەکی سەرەتا:
١ـ دەسەڵاتی کوردی هەر لە سەرەتای پێکهاتەی حزبەکانییەوە، عەلەمانی بووەو تا ئێستاش هەر لەسەر دیدو مومارەسەی عەلەمانییەتی خۆی بەردەوامە، تا بۆشی لوابێت دژایەتی ئیسلامی کردووەو نەک هەر نەیهێشتووە فیکری ئیسلامی بزاوتێک بهێنێتەکایەوە، بەڵکو بەردەوام هەوڵی ریشەکێشکردنی داوە.
٢ـ عەلەمانییەتی کوردی، لە عەلەمانییەتی عەرەبی زیاتر دژایەتی ئیسلام و ئیسلامییەکان دەکات، چونکە ئەمان وەکو ئەوان نین. ئەمان وا نازانن ئیسلام ناسنامەی گەلەکەیان بێت، یان لانی کەم وەکو (مێشێل عەفلەق)ی دامەزرێنەری حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتیراکی دەیووت: ئیسلام قۆناغێکی روشدی هزری عەرەبەو نابێت بە تەواویی دەستبەرداریی ببین. بە پێچەوانەوە، عەلەمانییەتی کوردی ئیسلام بە دوژمن دەزانێت و زیاد لە سەد ساڵە ئەو مەقوولەیان لە خۆیان کردۆتە بەڵگەنەوویست کە دەڵێن: ئیسلام هۆکارە کە کورد نەبۆتە دەوڵەت، چونکە ئیسلام وای لە کورد کردووە هەر شوێنکەوتەی عەرەب و تورک و فارس بێت، لە کاتێکدا ئەوان زانیویانەو توانیویانە ئیسلام بخەنە خزمەتی بزاوتی نەتەوایەتییانەوە..
٣ـ پێش هاتنی ئیحتیلالی ئەمریکایی بۆ عێراق و کوردستان لە 2003 دا، ئیسلامییانی کورد حزبی ئیسلامی رەسمی پەرلەمان و هێزی چەکدارییان هەبوو، کە عەلەمانییەکان لێی دەترسان، یان سڵیان لێی دەکردەوە، یان لانی کەم لەبەر سام و هەیبەت و هێزەکەی، نەیاندەوێرا ئاشکراو راشکاو هێرش بکەنە سەر ئیسلام، ئەگەرچی شەڕی خوێناوییشیان بە جیهادییەکانیان دەفرۆشت و ئیسلامییە چالاکەکانیان زینداندەکردو بەردەوام هەوڵیاندەدا لاوازییان بکەن.. بەڵام دوای هاتنی ئیحتیلالی ئەمریکایی بۆ کوردستان، دەسەڵاتی عەلەمانییەتی کوردی هەستیکرد کە هێزێکی ململانێی شارستانێتیی دەگمەن _بە هەموو هێزی سەربازیی و موخابەراتیی و تەکنۆلۆجیایەوە_ هاتۆتە کوردستان و بۆتە پشتیوانیی و هەر پێش هاتنیشی _لەجیاتی ئەمان و بۆ ئەمان_ زۆر بێروحمانە بە زیاد لە سەد سارووخ جیهادییەکانی ئەنسارو کۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی کوتاو دەیان شەهیدو بریندارو معەووقی لێ خستن و لەناوچەکەش وەدەرینان..
هەرێم بۆ دەسەڵاتی عەلەمانییەتی کوردی و پشتیوانەکەی تەختبوو.. هەردوولایان _بە پێی ستراتیجێتییەکی نوێی هاوبەش_ کەوتنە لادان و رادانی کۆسپەکانی رێی داکوتانی عەلەمانییەت.. ووردەکارانەتر بڵێین: ئیحتیلال زۆر ئاسان توانی کوردایەتییەوانان بکاتە راپەڕێنەرانی نەخشەو پلانە ستراتیجێتییەکەی خۆی.. لە راستییدا پلانەکە ستراتیجێتییەکەی ئیحتیلالە، بەڵام با ناوی بنێین ستراتیجێتیی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بە ئیسلام و ئیسلامییەکان.. ئەگەرچی لە راستییدا (سم سمی کەرێ و دەست دەستی مەیاسێ)یە، ئەوەندەش زەق و ئاشکراو دوژمنکارانە ئەنجامدراوە کە هی ئەوە نییە بوترێت (ئەمن لەو کارەی سەرم دەئاوسێ)..
قۆناغی یەکەم: ریشەکێشکردنی جیهادییەکان: ئەمەش بەم هەنگاوانە:
١ـ ئیحتیواکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی و لادانی لە ساحەی رووبەڕووبوونەوەو چەککردنی هەتاهەتایی!
٢ـ روماڵکردنی سەربازیی ناوچەکانی بندەستی ئەنسار لە هەورامان، بە هێرشێکی گشتگیریی سەربازیی کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک فڕۆکەی جەنگی ئەمریکایی لە ئاسمانەوە بۆردومانی دەکردو هێرشی پێشمەرگەی یەکێتی _لە پشتیانەوە سەربازانی ئیحتیلال_ بە پێی نەخشەی سەربازیی و ئاڕاستەی فەرماندە سەربازییەکانی ئیحتیلال، زۆر بێئامانانە ئەنجامدرا، تەنانەت رێ بە گرتنی دیلیش نەدەدرا!
٣ـ کە ریزی یەکەمی جیهادییەکان رادرا، یاسای دژەتیرۆریان بە خودی ئیسلامییەکان دەرکرد!! پەرلەمانی کوردستان داڕشتنی (یان بەکوردییکردنی) یاسای تیرۆری دایە دەست لیژنەیەک ، کە ئەندامی پارتی تێدا نەبوو، چونکە جێجبەجێکردنی یاساکە لە هەموو ناوچەکان هەر دەهاتەوە بەردەست پارتی، بە پەرلەمان و حکومەتەکەیەوە.. لیژنەکە لە ئەندامێکی یەکێتی و زانا رۆستایی (لە کۆمەڵی ئیسلامی) و مەولوود باوەموراد (لە یەکگرتووی ئیسلامی) پێکهات و ماشاءاللە زۆر زوو یاسای دژەتیرۆریان ئامادەکردو موسادەقەکراو، چووە بواری جێبەجێکردنەوە..
٤ـ حەملەی گرتنی ئیسلامییە جیهادییەکان دەرچوو. بە دەیانیان درانە دادگا.. هەر کەسێک بە قسەش دژایەتی ئیحتیلالی بکردایە، بە تۆمەتی تیرۆر دەدرایە دادگاو ئەو ئەحکامە قورسانەیان بەسەریدا دەدا.. بڕگەکانی یاسای دژەتیرۆر زۆر دڕندانەبوون، کە تا ئێستاش کاریان پێدەکرێت.. هەر کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شتێکی کۆمەڵە جیهادییەکانی جیهان بڵاوبکاتەوە، پێنج ساڵ حوکمی زیندان دەیگرێتەوە!!، هەر کەسێک وەلائی دابێت بە گروپێکی جیهادیی (با لەو پەڕی دنیاش بێت) دە ساڵ زیندانی دەیگرێتەوە. هەر کەسێک بەشداری مەشقی لای گروپێکی جیهادی کردبێت و هاتبێتەوە بۆ کوردستان حوکمی ئەبەدیی دەیگرێتەوە، ئەگەر پلانی دانابوو دژ بە ئیحتیلال ببێتەوە، یان رەفتارێکی وای نواندبوو، حوکمی ئیعدام دەیگرێتەوە!! ئێستاش ئەمە بەردەوامە.. بۆیە هەردوو کوڕەکەی کاک دڵشادەسووری کەلاریی یەکی پێنج ساڵ حوکمیان بەسەردا درا، لەبەر ئەوەی گوایە لە رێی فەیسبوکەوە ویستوویانە پەیوەندی بە گرووپە جیهادییەکانی سوریا بکەن.. بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە _بە بەڵگەی ئەوەی بەڵگەکان کەیدیین و بەس نەبوون _ حوکمەکەی ئیلغاکردەوەو ئازادی کردن.. کەچی دادگای باڵا _کە لە هەولێرە_ فەرمانیدا بە گرتنەوەیان! بە بەهانەی ئەوەی کە گوایە هەرکەسێک بە گومانی تیرۆریستیی تاوانبارکرابێت و درابێتە دادگا، هەر دەبێت پێنج ساڵ زیندانیی بکرێت !!
حەملەی راپێچکردن و ئەشکەنجەو زیندان، هەر هەموو شارو شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە.. هەر کەسێک دەگیرا تا سێ ساڵ هەر لەژیر ئەشکەنجەدا دەبوو.. نە لە سەرەتای گرتنیەوەو نە لە کاتی زیندان، نە لە کاتی دادگاییکردنییدا، پارێزەری نەبوو، کەسوکارەکەی نەیاندەزانی لە کوێ و لای کێ زیندانە؟ ماوە یان مردووە؟.. کاک قودس حەسەن کە لە 2004دا لای ئیحتیلال گیراو درا بە یەکێتی، تا سێ ساڵ لە رێی رێحکخراوی خاچی سوورەوە نامەی دەهات و نامەی بۆدەچوو، کەچی لەو بەروارەوە هیچ هەواڵێکی نەماوە.. لایەنگرێکی ئەنسار شەش ساڵ بوو لای یەکێتی زیندان بوو بێئەوەی کەس بزانێت کە لای ئەوانە، دواتر لە نێوان پارتی و یەکێتییدا ئاڵوگۆر بە کەسەکان کرابوو، ئەم گیراوە بە نهێنی درابۆوە بە پارتی و لای ئەوانیش هەشت ساڵ مابۆوە، ئەمە چواردە ساڵ، بێئەوەی کەسوکاری بزانن کە ماوە.. پاشان بە هۆی کێشەیەکی فیقهییەوە، کە خزمانی خێزانەکەی داوایان لە ژنەکەی دەکرد کە لە مانیی بێئومێدببێت و شووبکاتەوە، ئەو مەلا هەولێرییەی لێیان پرسیبوو، لای خزمێکی باسیکردبوو، بەڵکو هەواڵیکی بزانرێت، کەچی دوای ئەم روداوە پارتی جوابی نارد بۆ کەسوکاری کابرا، کە ماوەو وەرنە دیداریی!!! دوای چواردە ساڵ بزربوون، چوونە دیداریی و پاشان ئازادکراو ئێستا لە هەولێرە.. (رەزامەندیی خۆییم نییە ناوی بهێنم دەنا ناوی ئەویشم دەهێنا)..
٥ـ ئاوا بە حەملەیەکی ریشەکێشکردنی سەربازیی، پاشان بە حەملەیەکی گشتگیریی ئەمنیی، زۆرینەی هەرە زۆری جیهادییەکانی کوردستانیان بێسەرو شوێن کران، بێئەوەی کەسێک لێیان بپرسێتەوە، تا کەسێکیتر جورئەتی ئەوەی نەبێت سەرلەنوێ رێکخستنی جیهادیی دەستپێبکاتەوەو کۆمەڵێکی جیهادیی لە کوردستاندا بهێنێتەوە کایەوە..
قۆناغی دووەم: ئیحتیواکردنی ئیسلامییانی سیاسیی:
١ـ دوای هێرشە سەربازییەکەو حەملە ئەمنییەکە، ئینجا قۆناغی ئیحتیواکردنی ئیسلامییەکانیتر دەستی پێکرد، تا بخرێنە قاڵبی کوردایەتییەوە..
_ پارتی هێرشێکی زۆر ناجوامێرانەی کردە سەر مەڵبەندو ناوچەکانی رێکخستنی یەکگرتوو. لە شازدە شارو شارۆچکەدا ئاگریان بەردایە بارەگاکانیان و چەندین کادری باڵایانیان شەهیدکردن، لەوانە ئەندام سەرکردایەتییان تێدابوو. دەیانیتریان بریندارکرد.. ئینجا هەوڵێکی خۆشەوەکەرەوەشیان لەگەڵدا دان، تا ئاشتیانبکەنەوە، لە راستییدا ئەمە هەر ئەو سیاسەتەبوو کە دەرەبەگەکانی ئەوروپا پێیان دەوت (گێزەرو نەقیزە). کە دەڵێن کابرایەکی جوتیار جووتی بە کەرەکەی دەکرد، گێزەرێکی لە پێشچاوی هەڵواسیبوو، تا هەوڵ بدات بیگاتێ، کەرەش هەر هەوڵیدەداو نەیدەگەیشتێ، کە ماندوودەبوو، دەوەستا، جوتیارەکە نەقیزەکەی بەلاڕانییدا دەکرد، تا لەتاو ئازاری بەرەو پێش راکات.. ئاوا پارتی بە گێزەرو نەقیزە یەکگرتووی ئیحتیواکردو، کردییە پاشکۆی خۆی.. تەنانەت لەو ریفراندۆمە فشەیەدا یەکگرتوو لە پارتی زیاتر سووربوو لەسەر ئەنجامدانی!! بە دەردی کورد دەڵی (کاسە لە ئاش گەرمتر)! واتە قاپەکە لە چێشتەکە گەرمتربووە!! ئێ خۆ لە ئەسڵدا قاپەکە ساردبوو، بە چێشتەکە گەرمبووە، بەڵام ئێستا وایلێهاتووە قاپەکە گەرمتربووە!!
_ لەملاوەش یەکێتی وای لە کۆمەڵی ئیسلامی کرد.. جارێک بە تین و فشاری خۆی و گرتنی ئەندامانیان، جارێک بە رێگرتن لە مووچەو یارمەتییان.. یەکێتی لایەنی ئێرانی مسۆگەرکردبوو، بە پەیمانە ستراتیژییەکەی 1997ی نێوانیانەوە پابەندبوو، بۆیە ئەو کاتانە تینی دەخستە سەر کۆمەڵی ئیسلامی کە دەمی ئێرانییەکانی چەوردەکرد.. پارتیش لەولاوە درێغی نەدەکرد لە لێدانی کۆمەڵ.. تەنانەت جارێک لەو کاتەی پارتی دەعوەتی ئاغای رەفسەنجانی کردبوو بۆ هەولێر، رۆژێک پێش ئەوە لە رێی جیهادی کوڕی مەلا ئەمینی رەحمەتییەوە، هێرشێکی تۆقاندنی کردە سەر مامۆستا عەلی باپیر! لە ناوجەرگەی هەولێردا بە چەکەوە هەڵیانکوتایە سەر مامۆستا عەلی باپیر، کە ناچار خۆی لە ماڵێک پەستاو لەوێوە خۆی تەلەفۆنی کرد بۆ فازڵ میرانی مەکتەب سیاسی پارتی، کە بێت بە دەنگییەوە.. ئاوا بچووکیاندەکردەوە.. جارێکیتریش لە سەروبەندی هەڵبژاردندا کە مامۆستا عەلی باپیر وایدەزانی هەولێر قەڵای خۆیەتیی، رێکخستنەکانی پارتی بە فیتی دەزگای ئەمنییەتی پاراستنی خۆیان هێرشێکیان _بەتەقەکردن_ کردەسەر ئەو شوێنەی مامۆستا عەلی باپیری تێدابوو، ئینجا بۆ سووکایەتیی فیشەکیان بەسەر بیناکەو حیمایەکانییدا هەڵدەتۆقاند.. ئەمە وەکو نەقیزەکە، وەکو گیزەرەکەش بۆ رۆژی دوایی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی چووە دیدەنی مامۆستا عەلی باپیر، تا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پێکەوە پێبکەنن!!
یەکێتیش _کە وەکو کۆمەڵ ژمارەی ئێرانیزمە لە هاوکێشەی قەومییدا لە باشووری کوردستان_ هێندە کۆمەڵی ئیسلامی گوشیبوو، محمـد حەکیمی ئەندام سەرکردایەتی کۆمەڵ دەیووت، هەر لە هەوڵداین 200 دووسەد پۆلیسمان بۆ تەعینبکەن!! پۆلیس!! کە هەر لە خزمەتی پاراستنی ئەمنییەتی زۆنی سەوزدا دەبن! ئەمە جگە لەوەی نابینا رێی رەسمییان لە کەناڵی تەلەفزیۆنی پەیام دەگرت.. تەنانەت جارێک بە زرێپۆش و سوپاوە! هێرشیانکردە سەر بیناکەی کەناڵی پەیام و بۆ سووکایەتییپێکردن رەفتاری زۆر شەقاوانەیان بەسەر کادیرەکانیاندا نواند، تا نوێنەری ئێران کەوتە نێوانەوەو کەشەکەی هێورکردەوە.. ئاوا کۆمەڵی ئیسلامی بە شێوەیەک خرایە قاڵبی یەکێتییەوە کە تەنانەت لە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2016دا کە یەکێتی بە پێی رێکەوتنی باڤێڵی جەلال تاڵەبانی و هادی عامریی سەرۆکی حەشدی وەحشی عێراقیی بە ئامادەبوونی ئاغای قاسم سولەیمانی فەرماندەی نیروی قودسی ئێرانی کە پیاوی یەکەمینی پەیوەندییەکانی ئێرانە بە شیعەی جیهانەوە (51٪ی باشووری کوردستان)ی تەسلیم بە حەشدی وەحشی کرد.. سەیر ئەوەیە کە مامۆستا عەلی باپیر لە جیاتی چەک هەڵگرتن و ئازادکردن و لەسەرکردنەوەی برا کوردە سونییە مەزڵوومەکانی ئەو ناوچانە بە تایبەتی دووز، بۆ پیرۆزبایی (لاوەکیی) سەردانی کاکە باڤێل و دایکی کرد!! ئاوا ئیحتیوابووبوو..
_ بۆ بزوتنەوی ئیسلامییش، کە ئێران خەتی خۆیی تیدا بەهێزتردەکرد، پارتی هەوڵیدا، بزوتنەوە ئیحتیوا بکات و وردەوردە لە دەست ئێرانی دەربهێنێت.. تا وا لاوازیانکرد کە ئەو دوو کورسییەی پەرلەمانە فشەکەشی کە هەیبوو، لەدەستیدان..
_ مەدخەلییەکانیش ئیحتیواکردنیان پلانی نەدەخواست! چونکە هەر خۆیان دەچوون و دەیانووت خزمەتکاری دەسەڵاتی سیاسیی و مێلیشیایی و ئەمنیی هەردوو خانەوادەی حاکمین و لە خزمەتیشداین بۆ هەواڵپێدانتان دەربارەی مزگەوتەکان و کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییەکان و چالاکییەکان و ئەندامانیان، ئەمما جیهادییەکان ئەوە لە دیدی ئێمەوە خەواریجن و بە دینداریی دەزانین راپۆرتیان دەربارە بنوسین تا بگیرێن..
_ لە هەردوو قۆناغەکەشدا دەسەڵاتی کوردی، لە رێی دەزگا ئەمنییە رەسمییەکانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییە حزبییەکانی پاراستنی پارتی و دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە، مەدخەلییەکانیان هێنایە پێشێ کە بە چەپ و راستدا کوێرانە شمشێری ژەنگاوییان دەوەشاند.. لە لایەکەوە بەکاریان دەهێنان دژی جیهادییەکان کە ئەوانە خەواریجن و کوشتنیان ئەجرێکی گەورەیەو زوو زوو سەرانی مەدخەلیی دەچوونە بەرەکانی جەنگی پارتی/دەولەو پێشمەرگەکانیان هاندەدا لەسەرمانەوە لە جەبهەو کوشتنی بەرامبەرە ئیسلامییەکانیان، بە ئومیدی چوونە بەهەشتی خوایی.. لە لایەکیترەوە بەکاریاندەهێنانەوە بەرامبەر ئیسلامیانی سیاسیی (بەشدارانی هەڵبژاردن و دەسەڵات).. لە هەموو روویەکەوە پشتیاندەگیرا، مەلای عەمامە پاکیان بۆ دەردەکردن و گەنجی موراهیقی گێلی ئەوانیان دەخستەشوێنیان.. هیچ "مەلا"یەکی مەدخەلی موحاسەبەنەدەکرا، چونکە بەشێکی ناڕەسمیی بوون لە دەسەڵاتی هەردوو حزبی حاکم.. هەموویان مەسعوود بارزانیان بە وەلی ئەمری موسوڵمانان دەزانی و دەیانووت لێهەڵگەڕانەوەی باغییبوونەو حوکمی جیهادکردن دژی باغیی و یاخییبوان دەیگرێتەوە.. لە مەدای شەش ساڵی ئیحتیلال و دواترو تا ئێستا، مەدخەلیی پێشڕەوی عەلەمانییەتی کوردیی بوو بۆ دژایەتی موسوڵمانانی جیهادیی و سیاسیی.. جگە لە جەنگە نەبڕاوەکەیان بەرامبەر صۆفیی و مەلای ئەشعەریی..
ئاوا دەسەڵاتی عەلەمانییەتی کوردی ئیسلامییەکانی ساحەکەی ئیحتیواکردو هەر یەکەیانی بە هەموو ئەوانیتریان دەکێشاو نەیهێشت نەک هەر ببنە خاوەن پرۆژەیەکی ئیسلامیی، بەڵکو هەموویانیان راکێشایە بەرەی خۆیان و خزاندنیاننە قاڵبە قەومییەکانی خۆیانەوەو کردیانن بە ناوی بێناوەرۆک..
قۆناغی سێیەم: وشککردنەوەی سەرچاوەکان:
لە جیهانی موخابەراتی رۆژئاوای کافرەوە زاراوەو پلانێکی توولانیی و دژوار هاتەکایەوە کە پێی دەوترێت: (وشککردنی سەرچاوە).. دەڵێن: تۆ بە کوشتنی مێشوولەیەک (مەبەستیان کوشتنی موجاهیدێکە) ناتوانیت رێ لە مێشوولە بگریت، بەڵام بە وشککردنەوەی زەلکاوەکان، بنبڕیان دەکەیت.. مەبەستیش لەمە بڕینی هەموو جۆرە ئاودێرییەکە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان بەهێزدەکات، وەکو: کوشتنی سەرکردەو فەرماندەو زانایانی گرووپە جیهادییەکان و ریشەکێشکردنی کادیرەکانیان بە کوشتن یان بە زیندانی دوورمەداو بەدەستگرتن بەسەر سامان و سەرچاوەی دارایی و کوشتن و گرتنی ئاڕاستەوانانیان، کە مایەی هاندان و پەروەردەکردن و گەشەو نەشونمای رێکخستنەکانیانن و کەسانی نوێیان بۆ کەسبدەکەن و وزەیان بەگەڕدەخەن.. ئینجا وشککردنەوەی توانای دارایی و ئابوورییان، تا هەژارو دەسکورت دەکەون و لەبەر پارسەنگکردنەوەی ژیانی قورسییان ناپەرژێنە سەر چالاکییەکانی خۆیان. هەروەها پارەو سامانیان نابێت ئەندامانیان لێبڕاو (موتەفەڕیغ) بکەن و بوجەدانێن بۆ چالاکییەکانیان.. هەروەها کە ئاڕاستەوانیان دەگیرێن و راوەدوودەنرێن، ئیتر ئاراستەی مەرکەزیی سەرکردەکانیان نامێنێت و مەڵبەندەکانی ئاڕاستەو بڕیار زۆر دەبێت و راجوێی و ململانێی خەت و باڵەکان، خۆیان دەخواتەوە..
_ وشککردنەوەی سەرچاوەی ئاڕاستە: ئیحتیلال لە رێی دەسەڵاتی کوردییەوە زوو سەرانی یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی ئیحتیوا کرد.. لە یەکەمین رۆژەوە لە کۆمەڵ درا هەر وەکو کە لە ئەنسار درا. زیانی کۆمەڵی ئیسلامی زۆر زۆرتربوو لە ئەنسار، ئەنسار لە بۆردومانە سارووخییەکەدا هەشت موجاهیدی لێ شەهیدبوو، بەڵام لە کۆمەڵ دەیان موجاهیدیان لەناو بارەگاکانی خۆیاندا شەهیدبووبوون، چونکە ئەوانەی ئەنسار دەیانزانی کە حەتمەن ئیحتیلال دێتەسەریان و لێیاندەدەن، بۆیە ئیحتیاتی خۆیان کردبوو، پەرشوبڵاوبوون، لە سەنگەردابوون، ماڵ و منداڵەکانی خۆیانیان دوورخستبۆوە، بەڵام ئەوانەی کۆمەڵ متمانەیان بەقسەی جەلال تاڵەبانی کردبوو کە گوایە هەر لە ئەنسار دەدرێت، لەولاوەش (وەکو فارووق کۆکۆیی بەڕیوەبەری تەلەفزیۆنی پەیامی کۆمەڵ لە دیدارەکەیدا لە کەناڵەکەی خۆیانەوە_ باسیکرد) کە ئەوان لە باوەکۆچەک بوون لە هەڵەبجە، بەڵام ئەو ئێوارەیە فەرمانیان بۆ هات کە ئەوێ چۆڵبکەن و بچنە خورماڵ، هەموویان شەو لە بارەگای مەڵبەندی کۆمەڵدا بوون لە خورماڵ، پێش نوێژی بەیانی بوو، خەوتبوون، کە ئەمریکای طاغووت بە سارووخەکان لەوانیشی دا!
دوای ئەم کارەساتە، هێزێکی ئەمریکایی ئاسمانی لە رێی دوکان/ رانیە دابەزین و دەوری مەوکیبی مامۆستا عەلی باپیریانداو خۆی و مامۆستا داراو چەندین ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵیان گرت و رایانفڕاندن بۆ زیندانی ئەبوغرێب، کە مامۆستا عەلی باپیر ماوەی 22 مانگ لەوێدا لەگەڵ سەرانی حزبی بەعسدا بە زیندانی مایەوە، بێئەوەی حوکمی بدەن، ئازادکرا!.. ئەم ماوەیەش بەسبوو بۆ ئیحتیواکردنی تەواویان، بۆ چەککردنیان، (کۆمەڵ جگە لە تۆپی قورس، دوو قاعیدە سارووخیان هەبوو) ماوەکە بەسبوو بۆ بەمەدەنیکردنیان! بە تایبەتی کە یەکێتی لە رێی نەهزەکانەوە بە رێبەریی ئارام قادر توانی مەسارو مەسیرییان بگۆڕێت و بیانکات بە حزبێکی مەدەنی وا کە جارێکیتر بیر لە ساچمەزەنیش نەکەنەوە!!
ئاوا سەرانی ئاڕاستەوان و زاناو داعییەکانی کۆمەڵیش وەکو سەرانی یەکگرتوویان لێکراو هیچ لایەکیان نەیانتوانی کەسانی واجیهەی جەماوەریی پێبگەێننەوەو بێنەوەمەیدان.. بۆیە لە رووی تەنزیمیی و شەعبییەوە ئاوا پووکانەوە..
لەم رێگایەوە سەرچاوەی ئاڕاستەی فیکرو مومارەسەی سیاسیی ئیسلامیی وشککرایەوە..
_ مزگەوتەکانیش وایان لێکرا. لە لایەکەوە _لە رێی وەزارەتی ئەوقافەوە_ هەرچی مەلای عەمامەپاک هەبوو کارکەنارکران، یان بە هەڕەشە تۆقێنران و هەندێکیشیان لێ تیرۆرکرا.. تا لە ماوەی چەند ساڵێکدا مەلای حەقبێژ نەما، ئەوانەی کە مابوون وەکو مامۆستا کامەران چاوشین تیرۆرکران، یان مامۆستا ئیسماعیل سووسەیی شانۆگەرییەکیان بۆ سازکرد کە گوایە پەیوەندی بە تەنزیمی دەولەوە هەیەو گرتیان بێئەوەی کەس بزانێ لە کوێیە! مامۆستا نادر کانی کوردەیی (کۆمەڵی ئیسلامی) لە نوێژی هەینییدا بەدیار قەرەباڵغی نوێژخوێنانەوە ریشیانسوتاند.. مامۆستا هۆشیار (یەکگرتوو) بە رۆژی نیوەڕۆ تیرۆریانکرد.. ئیتر ئاوا دەیانیتریان تەسفیەکرد، تا وای لێهات لە هەموو باشووردا هەر ئەو مەلایانە دەبریقێنرانەوە کە زوڕناژەنی عەلەمانییەتی کوردیی بوون! لەم لایەنەشەوە سەرچاوەی ئاڕاستەکردنی دینەکەیان وشککردەوە..
_ لە بواری چاپخانەو کتێب بڵاوکردنەوەشەوە: بڵاوکاری تەفسیر یەکەمین بڵاوکاری کوردی _بێ رکابەر_ بوو، کتێبی هەموو لایەنەکانی بڵاودەکردەوە، کاک موخلیسی خاوەن بڵاوکارەکە خۆی موسوڵمانێکی تورکمانی فیکرییەو بازنەی رۆشنبیرییەکەی زۆرزۆر بەرفراوانە، چونکە لە شەشتەکانەوە وازی لە فەلسەفەی وجودیی و فیکری عەلەمانی هێناو ماوەیەکی زۆر بووبەئیخوان، بەڵام لەگەڵ یەکگرتوودا نەسازاو جێیهێشتن. ئیتر لەم رێیەوە خزمەتێکی ئێجگار زۆری بە رابوونی ئیسلامی کرد.. پارتی زۆری بەهانە پێگێڕا تا دەزگاکەی داخات، بەڵام لە رووی یاساییەوە هەر نەیتوانی. پاشان شانۆگەرییەکی رێکخست، بەوەی کەسێکی بە بڕێک پارەوە نارد بۆ کتێبخانەکەی و بە حاجی موخلیسی ووت کە پارەم لە مامۆستا کرێکارەوە بۆ هێناویت.. بە نهێنیش ئەم رەفتارەیان تەسویردەکرد، ئا لەم ساتەدا مەفرەزەی دژەتیرۆر خۆیان کرد بە کتێبخانەکەداو گرتیان، بەڵام کێشەکە ئەوەندە سادەبوو کە نەدەکرا بکرێتە یاسایی، چونکە ئاشکرابوو کە مامۆستا کرێکار بە هیچ شێوەیەک پارەی مەعیشەتی ژیانی خۆشی نییەو توانای چاپکردنی کتێبەکانی خۆشی نییە، چجای ئەوەی پارە بنێریتەوە بۆ ئەم پیاوە بەڕیزە، پاشان پارتی تینێکی زۆری تورکمانەکانی هەولێرو کەرکوکی کەوتە سەرو بۆ رۆژی دووەم تورکیا هاتەدەنگ، ئاوا پارتی هەستی کرد کە شانۆگەرییەکەی سەرینەگرت و ئازادیکرد..
لەم رێگایەشەو تین و فشاریان خستەسەر هەموو ئەوانەی کتێبیان بڵاودەکردەوە، دەستەیەک لە مەلای پارتی چوونە وەزارەتی رۆشنبیریی و ئەوقاف و هیچ کتێبێک بە بێ رەزامەندی ئەوان چاپنەدەکرا.. ئاوا ئەم سەرجاوەیەی ئارستەکردنی دین و دیندارییەشیان ئیحتیواکردو وشکیانکردەوە.. تەنانەت پێش پێشانگا شانۆگەرییەکەی ئەم دواییەی پارتی لە هەولێر چوار بڵاوکاری کتێبی ئیسلامی ئیفلاسیان کردبوو..
قسەیەکیش لەسەر پێشانگاکەی هەولێر:
هەموو ساڵێک پارتی بۆ خۆبادان و خۆنواندن _کە گوایە ئەوەندە رۆشنبیرن هەوڵی رۆشنبیریی گەلەکەش دەدەن و لەسەر فرەدیدیی گۆشیان دەکەن_ پێسانگایەکی نێودەوڵەتی لە هەولێر لە سەرەتای مانگی نیسانی 2019دا کردوە کە ماوەی دە رۆژ بەردەوام بوو.. چاودێران زۆر ئاسان چەند رەفتارێکیان دەدی کە دیاربوو سەرەنجامی ئیفلاسی فیکریی کوردایەتییەوانان و دەسەڵاتە مێلیشیاییەکەیان بوو، لەوانە:
١ـ رێژەی بڵاوکارانی ئیسلامی، ئەمساڵ زۆر کەمتربوون لە پێشانگای ساڵەکانی پێشوو. ئەمساڵ رێژەی بڵاوکارانی کتێبی عەلەمانییەت زیاتربوو لە 90٪.
٢ـ ئێوارەی پێش رۆژی یەکەم کە هەموو وەکیلەکانی بڵاوکاران پێشانگای خۆیان ئامادەکردبوو، تا سبەی یەکسەر بکرێتەوە، مەفرەزی ئاسایش دابارینە سەر پێشانگاکەو بە شەو هەموو ئەو کتێبە ئیسلامیانەیان موسادەرەکرد کە ئەگەریی زۆر فرۆشتنیان هەبوو! وەکو کتێبەکانی سەید قوتب و محمـد قوتب.. تەنانەت کتێبەکانی رەبیع بن هادی المەدخەلیشیان موسادەرەکرد!
٣ـ داشکاندنیان بە بلاوکارە عەلەمانییەکان کردبوو بە 50٪ و بەرەوژوور، تەنانەت کەناڵی ئێن ئار تی پێسانگای بڵاوکارێکی حەلەمانی نیشاندا کە نوسیبووی (داشکان 60٪)ە! ئەمە چەند خاڵێک رووندەکاتەوە:
أـ کتێبی عەلەمانییەت باوی نەماوەو خوێنەری نەماوە، بۆیە بەو هاندانە "موغریی"ەش رۆشنبیرو خوێنەران ناچن بەلایاندا.
ب ـ کتێبی عەلەمانی مەدعوومە، واتە دەسەڵاتی حەلامانی و حکومەتی کوردایەتیی پشتیاین دەگرێت و ئەو زیانانەیان بۆ قەرەبوو دەکاتەوە کە سەرەنجامی داشکاندنی نرخی کتێب لێیان دەکەوێت.
ج ـ گورزێک لە بڵاوکارە ئیسلامییەکان ددەن، بەوەی کە سەرنجی خوێنەر بەرەو ئەو داشکانە زۆرەی کتێبە عەلەمانییەکان رادەکێشن وبڵاوکارە ئیسلامییەکان _چونکە مەدعووم نین_ ناتوانن لە 20٪ زیاتر نرخ داشکێنن، جونکە ئیتر مایەی چاپی کتێبەکەش دەرناهێننەوە..
٤ـ ئەمساڵ رێگانەدەدرا بە گرتنی کۆڕی بەرفراوان بۆ ناساندنی دیدو بۆچوون یان بۆ ناساندنی کتێب لە لایەن نوسەرەکانیانەوە..
٥ـ ئەندامانی ئاسایش بە پۆشاکی مەدەنییەوە بە پێشانگاکەدا دەهاتن و دەچوون و موراقەبەی خەڵکەکەیان دەکرد.. پاشان ئەوانەی کتێبی ئیسلامییان زۆر دەکڕی، لە دەرێ بۆ ترساندن و سڵکردنەوەو (ئەگەر بۆشیان کرابا بە رێگرتن لێیان) دەیانوەستاندن، تا ئەم هەواڵە بلاوببێتەوە گەنجەکان نەوێرن کتێبی ئیسلامی بکڕن!
_ وشککردنەوەی سەرچاوەی دارایی: دوای ئەوەی یەکگرتوو لە ساڵانی 1992 ەوە کە ئەو کاتە بە ناوی (رابیتەی ئیسلامیی)ەوە کاری بانگەوازو ئیغاسیی دەکرد، پرۆژەی زۆربوو، هەر پارەی لە دەوڵەتانی خلیج بە تایبەتی قەتەرو ئیمارات کۆدەکردەوەو دەیهێنایەوە بۆ کوردستان و دەیکردە پرۆژەی خزمەتگوزاریی باش، یان بەمزگەوت، کەچی کاتێک پرۆژەکانی سەریدەگرت، پارتی یان یەکێتی شەقاوانە (نەک یاسایی) لێیان دەساندن.. رابیتە پرۆژەیەکی ئابووری زۆر نموونەیی لە زاخۆ دامەزراند کە دەرهێنانی خەڵوزی بەردین بوو، بە رێکەوتن لەگەڵ تورکیادا دەیانگەیاندە بازاڕەکانی ئەستەمبوڵ و لەوێ دەیانفرۆشت.. کە پرۆژەکە بوو بە وەبەرهێنێکی نێودەوڵەتی، پارتی دەستی بەسەردا گرت و بە ناوی فازڵ میرانییەوە تۆماری کردەوە!.. لەوەش خەمبارتر ئەوەبوو کە رابیتە _بۆ ریابازیی و ناودەرکەوتن_ مزگەوتەکانی لەسەر جادەو دووڕێیان و شوێنەبەرزەکاندا دروستدەکرد، ئەگەرچی چۆڵەوانیش بوونایە! کە تەواودەبوون پارتی لێیدەستاندن و دەیکردنە بارەگای پێشمەرگەو رەبایەی سەربازیی!!جاربۆجار ئەم نەقیزەیە بەردەوام دەبوو تا سەرەنجام پارتی سەبری نەماو بە ئێجگاریی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی رابیتەی لێسەندن و کردی بە (دەزگای خێرخوازی بارزانی)!!
_وشککردنەوەی سەرچاوەی کۆمەڵکاریی:
١ـ پارتی و یەکێتی بە دەزگا رەسمییەکان و دەزگا حزبییەکانیان موراقەبەی ئەو کەسانەیان دەکرد کە خێرو سەدەقەیەکیان دەگەیاندە ماڵی شەیدانی ئەنسارو ماڵە گیراوە رەشبگیرەکان.. هەر کەسێکیشیان دەگرت بە تۆمەتی (ساماندان بە گرووپی تیرۆریستیی) دەیاندایە دادگا، تا ئەحکامی سەخت بیگرێتەوە.. ئاوا لەم رێگایەشەوە هەموو ئەو سەرچاوە تاککەسیانەشیان وشککرد کە یارمەتی ماڵە شەهیدان و زیندانیان دەدا..
٢ـ دوای دەرچوونی یاسای رێكخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە "پەرلەمان"ی کوردستانەوە، رێدرا سەدان رێکخراو پێک بێت و بە رەسمی بناسێندرێت، بەڵام :
أـ مەرج بوو لە پەیڕەووپڕۆگرامیی رێکخراوەکەدا بنوسێت کە باوەڕی بە دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیەو نایەوێت بەدەر لە شیوازی دیموکراسیانە بگاتە ئامانجەکانی.
ب ـ رێنەدەدرا بە رێکخراوی ئیغاسی نوێ. ئەوانەش کە هەبوون و سەر بە ئیسلامییە سیاسییەکان بوون، دەبوو ستافی ئیدارەیان بە ئاسایش بناسێنن، تا کۆدیان هەبێت! (واتە هەر یەکەیان مەلەفێکی بە ژمارەیەکی تایبەت دەبێت لە ئاسایش، کە جالاکییەکانی لەوێدا تۆماردەکرێت)..
ج ـ دەبوو ئەو کەسانەی لە رێکخراوی ئیغاسییدا کاردەکەن، ناسراوبن لای ئاسایش و رێکخراوەکەش دەبوو راپۆرتی بەردەوام لەسەر وەرگرتنی پارەو چۆنیەتیی دابەشکردنەوەی بداتە دەزگای ئاسایش.. بەمەش هەزاران هاولاتی هەژار و داماو لای ئەوان بۆ موراقەبەکردن دەناسران!
٣ـ وشککردنەوەی سەرجاوەکانی جالاکی کۆمەڵایەتیی زیانێکی ئێجگار گەورەی لە هەژاران و داماواندا، چونکە لە هەموو وڵاتی موسوڵمانان ئەم جۆرە رێکخراوانە باڵی لاری هەژاران راستدەکەنەوەو ملیۆنەها خێزان لەخۆدەگرن و دەیانژێنن. زۆر حکومەت پشتیوانیان لێدەکەن جونکە دەزانن کە خەمخۆری ئەو چینە هەژارە دەبن کە حکومەت ناپەڕژێتە سەریان.. بەڵام لە باشووری کوردستان هەموو ئەمانەیان وشککردەوەو خستیاننە کەنارو چینی هەژارو داماوانیان دە بەرابەرکرد..
ماوێتی