X

گەڕان




باوه‌ڕناسی

رێساو بنەماکانی مەنهەجی وەرگرتن و بەڵگەسازی

12/21/2022 9:56:39 PM   |   197 :بینراو

١ـ  ئەو سەرچاوەی کە عەقیدەکەی لێوە وەردەگیرێت قورئان و سەحیحی سوننەت و کۆڕا (ئیجماع)ی پێشینەی چاکەکە (سەلەفی صاڵح) ی ئوممەتە.

٢ـ هەر رەفتارێک (گوفتارو کردورو بڕیار)  سەلمێنرابێت کە لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیه وسلم هاتووە قبووڵکردنی فەرزە، ئەگەرچی بە فەرموودەی ئاحادیش هاتبێت.

٣ـ  سەرچاوەی تێگەیشتنی قورئان و سوننەت: ئەو دەقانەن کە روونیاندەکەنەوە. کە بە تێگەیشتنی سەلەف و ئەو زانایانە دەبێت کە لەسەر دیدوڕیی ئەوان بوون.

   هەرچی شتێک ئاوا سەلمێنرابێت و چەسپێنرابێت  بە مانایەکی ئەگەرییانەی زمانەوانی (إحتمالات لغویة) ئیلغاناکرێتەوە.

٤ـ پێغەمبەری خوا صلی اللە علیه وسلم هەر هەموو بنەماکانی ئیسلامی روونکردۆتەوە. بۆیە کەس بۆی نییە شتێکی تر داهێنێت و بڵی ئەمەش لە دینەکەدایە.

٥ـ موسوڵمان دەبێت لە رواڵەت و ناخدا تەسلیم بە فەرمانەکانی خواو پێغەمبەری خوا بێت صلی الله علیه وسلم بۆی نییە بە پێی بەرواووردو پێوان (قیاس) یان کەشف و زەوق یان بە قسەی ئەم شێخ و ئەو ئیمام بەرهەڵستی دەقێکی قورئان یان سەحیحی سوننەت بکات، چجای رەتیبکاتەوە.

٦ـ ئەقڵ ناخرێتە پێش نەقڵ. هزری راشکاوو دامەزراو لەگەڵ دەقی سەحیحی نەقڵکراودا یەکدەگرێتەوە، هیچیان _مادام بەڵگەی بنبڕبن_ یەکتریی ئیلغاناکەنەوە. هەر کاتێک پێکەوە نەسازێنران کار بە دەقە نەقڵکراوەکە دەکرێت.

٧ـ پێویستە موسوڵمان بە زاراوە شەرعییەکانی عەقیدەکەوە پابەندبێت و زاراوە داهێنراوەکان کەنارخات. ئەو وشانەی گشتین و مانای راست و چەوتیان لێ دەفامرێتەوە، دەبێ بەدواداچوون و توێژینەوە بۆ راستی ماناکەی بکرێت، هەر مانایەکی بە رێگای شەرعییانەو بۆ واتای شەرعیی شیاوبوو وەردەگیرێت، هەر واتایەکیشی پێچەوانەی شەرع بوو وەلادەنرێت.

٨ـ بێگوناحیی (العصمة) بۆ پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم سەلمێنراوە و کۆی ئوممەتەکەشی  بەردەوام لەسەر حەق دەمێنێتەوە. چونکە ئوممەتەکەی لەسەر گومڕایی کۆنابێتەوە. بەڵام تاک تاکیان وا نین. کەسیان بە تاکیی خۆی بێگوناح (مەعسووم) نییە. یەکلاییکردنەوەی راجوێی نێوان پێشەوایان بە پێی قورئان و سوننەت دەبێت. هەرکامێكیان بەهەڵەداچووبوو بە موجتەهیدی خاوەن عوزر پاداشت دەناسرێت.

٩ـ  ئیلهام و کەرامات لە پیاوچاکانێکی ئوممەتدا دەردەکەوێت. خەونی راستیش حەقەو بەشێکە لە پێغەمبەرێتی. فیراسەی راستیش حەقە.. مەرجە ئەمانە هەمووی _کە لەگەڵ شەرعدا یەکبگرنەوە_ رێزی خوایین و بە لوتفی خۆی دەیبەخشێت، بەڵام نابنە سەرچاوەی دیدی عەقائیدیی و ئەحکامی شەرع.

١٠ـ  جەدەل و شەڕەقسە لە باسەکانی دیندا زەمکراوە، بەڵام موناقەشەی جوان و نەرمونیان مەدحکراوە. هەر باسێک بەرهەڵستی لەسەر هاتبێت _کە نەکەونە ناویەوە_ دەبێ خۆی لێ بەدوور بگیرێت، هەروەها لەهەموو ئەو باسانەدا کە موسوڵمان زانیاریی لەسەری نییە.. لە هەر باسێک کە دەربارەی سیفاتی خوای گەورەیەو موسوڵمان شەرحکردنەکەی نەزانی، پێویستە زانینی چۆنیەتییەکەی بۆ خوای گەورە بگێڕێتەوە.

١١ـ پێویستە وەڵامدانەوەی بەرامبەران لە موناقەشەکانی عەقیدەو ئەحکامدا بە پێی وەحی بێت. نەک وەڵامدانەوەی بیدعە بە بیدعە. وەڵامدانەوەی شلگیریی بە تونڕەوێتی ناکرێت. یان وەڵامی شلگیرانەش بەرامبەر توندڕەویی نابێت..

١٢ـ هەموو داهێنانێک لە بنەما دینییەکاندا بیدعەیە، هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە، چارەنووسی هەموو گومڕاییەکیش ئاگری دۆزەخە.

١٣ـ وەرگرتنی بۆچوونی پێشەوایانی بەڕیزی مەزهەبەکانی ئەهلی سووننەت و مەزهەبەکانیان فەرز نین.  هەر دیدو راو رەفتارێک بەڵگەی لە قورئان و سوننەت و کۆڕا هەبێت وەرگرتنی فەرزە، با پێچەوانەی مەزهەبەکانیش بێت. بۆچوونی هەموو پێشەوایانی دینەکە جێ رێزن، بەڵام کەس مولزیم ناکەن.

١٤ـ ئەهلی سوننەت و جەماعەت  چینایەتیی تێدا نییە، نە چینایەتی ماڵ و سامان و نە چینایەتیی دینداریی. چینی تایبەت و چینی گشتییان نییە، چینێکیان نییە زانایانی حەقیقەت بن و چینێکیتر زانایانی شەریعەت و چینێکیتریش عەوام. دینەکە یەکە، لە یەک خوای پەروەردگارەوە هاتووە، یەک پێغەمبەر گەیاندوێتی صلی الله علیه وسلم و هەموو شوینکەوتووانیشی لەبەرامبەرییدا یەکسانن.

١٥ـ دیدو رێبازی ئەهلی سوننەت و جەماعەت خودی ئیسلامەکەیە، بە پێناسەکەی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم: (ما أنا علیه وأصحابي). بۆیە سەر بە ئیمامێکی دیاریکراونییە (وەکو ئەشعەریی و ماتۆریدیی) یان ناوێکی تایبەتی نییە (وەکو موعتەزیلەو مورجیئەو قەدەریی).

مامۆستا كرێكار


باوه‌ڕناسی