X

گەڕان




باوه‌ڕناسی

تەوحیدی پەروەردگارێتی و ناوو سیفات

12/21/2022 10:20:59 PM   |   79 بینراو

ناسینی خوای گەورە

(تەوحیدی پەروەردگارێتی و ناوو سیفات)

١ـ ئەسڵ لە ناوو سیفەتەکانی خوای گەورەدا ئەوەیە کە بە هەرچی سیفەتێک خوای گەورە خۆی ثی وەسفکردبێت، یان پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم وەسفی کردبێت پێی، دەبێ _بە بێ چواندن و بێ چۆنیەتیی بۆدانان_ وەسف بکرێتەوە پێی. هەروەها دەبێ بەدووربگیرێت لە هەموو سیفەتێک کە خۆی لێ بەدوور گرتووە یان پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم خوای گەورەی لێ بەدوور گرتووە. بێ لێلادان وپەکخستنی. هەر وەکو کە خوای گەورە دەفرموێ: (لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) الشوری/11 واتە: هیچ شتێک وەکو خوای گەورە نییە، خوای گەورە بیسەرو بینەرە. لەگەڵ باوەڕهێنان بە واتای دەقەکان و ئەوەی لێیان دەفامرێتەوە.

٢ـ چواندن و پەکخستنی ناوو سیفاتی خوای گەورە کوفرە. ئەمما ئەو لێلادانەی بیدعەچییەکان پێیدەڵێن: (تەئویل) واتە لێکدانەوە، ئەوە جۆری وای هەیە کوفرە، وەکو تەئویلاتی باطنییەکان، جۆری تری هەیە بیدعەی گومڕاییبوونە، وەکو لێکدانەوەی ئەوانەی نکووڵی لە هەندێک لە سیفەتەکان دەکەن. جۆری تریشی هەیە کەلە بازنەی بەهەڵەداچووندایە.

٣ـ یەکبوونیی وجود(وحدة الوجود)و باوەڕبوون بەوەی کە خوای گەورە لە هەموو مەخلووقاتەکانیدایەو یەکیگرتووە لەگەڵیانداو ئاوێتەبوون، ئەمە کوفری زەقەو خاوەنەکەی لە دین و ئوممەت دەباتە دەرەوە.

٤ـ باوەڕبوون بە فریشتەی بەڕێز بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ باوەڕهێنان بە تایبەتمەندییەکانیان کە بەڵگەی سەحیحیان لەسەرە، وەکو ناوو سیفاتیان، کارو ئەرکیان.. ئەمەش بە گوێرەی توانای فێربوونی موسوڵمانە موکەللـەفەکە دەبێت.

٥ـ باوەڕبوون بە کتێبی هەموو پەیامە ئاسمانییەکان، کە قورئان چاکترینیانەو هەموو ئەوانی پێشخۆی نەسخکردوونەتەوە (لایبردوون). ئەوانەی پێش قورئان هەر هەموویان گۆڕانکاریی بەسەر دەق و مانایاندا هاتووە، بۆیە هەر دەبێت شوێن قورئان بکەوین و بەس.

٦ـ باوەڕبوون بە پێغەمبەران و نێرراوانی خوای گەورە علیهم السلام باوەڕبوون بەوەی کە ئەوان چاکترین مرۆڤن و هەر کەس باوەڕی وا نەبێت کافرە. باوەڕبوون بە هەموو ئەو رەفتارانەی کە بەڵگەی سەحیح دەربارەیان هەیە، فەرزە. باوەڕبوون بە موعجیزەکانیان بە شێوەیەکی گشتی فەرزە. هەروەها باوەڕبوون بەوەی کە محمـد صلی الله علیه وسلم کۆتاو چاکترینیانەو خوای گەورە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی ناردووە، فەرزە.

٧ـ باوەڕبوون بەوەی کە لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم وەحی بۆ کەسی تر نەهاتووەو نایات. پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم کۆتای پێغەمبەران و نێرراوانی خوای گەورەیە. هەر کەسێک دیدو رای پێچەوانەی ئەمە بێت، کافرە.

٨ـ  باوەڕبوون بە هەبوونی رۆژی دوایی و حەتمێتی هاتنی، فەرزە. هەروەها باوەڕبوون بە هەموو ئەو هەواڵ و باسانەی دەربارەی _بە بەڵگەی سەحیح_ سەلمێنراوە، لە: مەرج و دەرکەوتنی نیشانەکانی پێش هاتنی رۆژی دوایی خۆی.

٩ـ باوەڕبوون بە قەزاوقەدەر، کە چاکەو خراپە هەر لە خوای گەورەوەیە. خوای گەورە پێش بوونی شت[1] دەیزانی دەبێت. ئەمەشی لە (لەوحولمەحفووز)دا نوسیوە. ئەوەی خوای گەورە وویستێتی بووە، ئەوی ئەو نەیوویستووە نەبووە. هەرچییەک ئەو نەیەوێت نابێت. ئەو توانای بەسەر هەموو شتەکاندا دەشكێت، خۆی هەموو شتەکانی دروستکردووەو هەرچییەکی بوێت دەتوانێت بیکات.

١٠ـ  باوەڕبوون بە هەموو ئەو نادیارانەی بەڵگەی شەرعییان لەسەر هەیە، وەکو: عەرش و کورسی و بەهەشت و دۆزەخ و خۆشی و ناخۆشی ناوگۆڕو پردی سیرات و تەرازووی چاکەوخراپەکێشان و ئەوانیترو رێشنەدرێت لێکدانەوەی بێ بەڵگەیان بۆ بکرێت.

١١ـ باوەڕببون بە شەفاعەت (تکاکاریی) پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم و شەفاعەتی پێغەمبەرانی تر سەلامی خوایان لێ بێت. هەروەها شەفاعەتی فریشتەکان و پیاوچاکان و هیتر لە رۆژی دواییدا، بەو تەفسیلاتەی کە لە بەڵگە سەحیحەکاندا هاتوون.

١٢ـ باوەڕبوون بەوەی کە موسوڵمانان لە کات و شوێنی حەشرو لە بەهەشتدا خوای پەروەردگاری خۆیان دەبینن. ئەمە حەقەو هەرکەسێک نکووڵی لێبکات، یان لێکدانەوەی تری بۆبکات، گومڕایە.. ئەم بینینە لە دنیادا بۆ هیچ کەسێک نەبووەو نییە.

١٣ـ باوەڕبوون  بە کەراماتی ئەولیاو پیاوچاکان کە حەقە. بەڵام هەموو روداوو رەفتارێکی نائاسایی  کەرامات نییە. دەشێت (ئیستیدراج) بێت. یان دەشێت لە کاریگەریی شەیتانەکان و جادووگەرانەوە بێت. پێوەری بە رەوا یان بە ناڕەوازانینی ئەم رەفتارانە قورئان و سوننەتە.

١٤ـ موسوڵمانان هەموویان ئەولیای خوای گەورەن، هەموو موسولمانێک بە قەدەر راداو بڕی ئیمان و تەقواکەی (وەلییەت)ی تێدایە.



[1]  پێش بوونی بزاوت و سرەوت و کات و شوێن و چۆنیەتیی حاڵەتی شتەکە.


باوه‌ڕناسی