X

گەڕان




باوه‌ڕناسی

ئوممەت (گەل)

12/24/2022 8:17:31 PM   |   144 :بینراو

١ـ مەبەست لە کۆمەڵ (الجماعة) لێرەدا: یاوەرانی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم و شوێنکەوتووانی ئەوانن لەسەر خێرو چاکەکاریی، کە تا رۆژی دوایی لەسەر دیدو رێی ئەوان دەڕۆن. کۆمەڵەی سەرفراز (الفرقة الناجیة) هەر ئەمانن.

   هەر کەسێک پابەندی دیدوڕیی ئەمان بێت _ئەگەرچی لە هەندێک بەشی گچکەشدا بەهەڵەدا چووبێت_ هەر لەم کۆمەڵە هەژمار دەکرێت.

٢ـ تەفرەقەنانەوە لە دیندا جائیز نییە. نابێت ناکۆکیی و فیتنە لە ناو موسوڵماناندا دروستبکرێت. گەڕانەوە سەر قورئان و سوننەت و دیدوڕێی سەلەف _بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان موسوڵمانان_ فەرزە.

٣ـ هەر کەسێک لە کۆمەڵ لابدات، پێویستە ئامۆژگاریی بکرێت، دەبێ بانگهێشتبکرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵەکەو بە شێوەی جوان و نەرمونیان موناقەشەی لەگەڵدا بکرێت و هەنجەتی ببڕرێت. ئەگەر پەشیمانبۆوەو گەڕایەوە دەبێ قبووڵبکرێتەوە، ئەگەر نا بەو سزا شەرعییەی شایانێتی سزا دەدرێت.

٤ـ پێویستە خەڵکی بە مەبدەئە سەرەکییەکانی ئیسلامەوە پابەندبکرێن، ئەوانەی لە قورئان و سوننەت و کۆڕا (ئیجماع)دا هاتوون. ناشێت عەوامی موسوڵمانان بە مەسەلە ووردەکارییەکانی دین و واتا قووڵەکان تاقیبکرێنەوە.

٥ـ ئەسڵ لە وەسفی موسوڵماندا ئەوەیە کە نییەتی دروست و عەقیدەی پاکە، تا پێچەوانەی ئەمانەی لێوە دەردەکەوێت. بۆیە حوکمی گشتی رەفتاری موسوڵمان وا دەدرێت کە چاکە. ئەگەر نییەت پیسیی و کەللـەڕەقیی لێوە دەرکەوت، ناشێت هەر بە باشە بۆی لێکبدرێتەوە.

٦ـ ئەو کۆمەڵ و تاقم و دەستانەی ئەهلی قیبلەن، بەڵام لە دەرەوەی بازنەی سوننەتدان، هەڕەشەی بەفەتارەتچوون و سزای دۆزەخیان لەسەر دەبێت. حوکمیشیان حوکمی گشتی ئەوانەیە کە کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی خوایی، مەگەر کەسانێکیان کە لە ناخی خۆیاندا کافربن..

٧ـ نوێژی هەینی و نوێژی بەکۆمەڵی مزگەوت لە گەورەترین دروشمە دیارەکانی ئیسلامن. نوێژ لە دوای کەسی حاڵنەزانراوەوە جائیزە، وەلکردنی _بە بەهانەی ئەوەی نازانین حاڵنەزانراوەکە چۆنە_ بیدعەیە.

٨ـ نوێژی جەماعەت لە دوای بیدعەچییەوە کە بیدعەکەی ئاشکراکردبێت، هەروەها لە دوای فاسقێکەوە کە گوناحی گەورەی لێوەدەرکەوتبێت، جائیز نییە، بەو مەرجەی کەسانی شیاو لەو کات و شوێنەدا نەبووبن نوێژەکەیان لەدواوە بکرێت. لەم حاڵەتەدا جائیزە. بەڵام لە کاتی هەبوونی کەسی شیاودا نوێژکردن لەدوای بیدعەچیی و فاسقەکەوە هۆکاری گوناحبوونە، مەگەر خراپەیەکی گەورەتری پێلابدرێت. ناشکرێت نوێژی هەینی و نوێژی بەکۆمەڵی مزگەوت وەلکرێن.

   هەر کەسێک حوکمی کافربوونی درا، نوێژکردن لە دوایەوە جائیز نامێنێت.

 


باوه‌ڕناسی