رای زانایان له‌سه‌ر شێی عه‌وره‌تی ئافره‌ت له دوو بۆچووندایه:
یه‌که‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه پیسه:
فه‌رموویانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له فه‌رجه‌وه دێت، که‌وابوو وه‌کو مه‌زیی پیاوان وایه‌و بێ نوێژییه. به‌ڵگه‌یان:
١- ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی که زه‌یدی کوڕی خالیدی جوھه‌نی له سه‌یدنا عوسمانی کوڕی عه‌ففان - خوا لێی رازی بێت- ده‌گێڕێته‌وه: « أَنَّهُ سَأَلَ عُثْمَانَ بْنَ عَفَّانَ فَقَالَ: أَرَأَيْتَ إِذَا جَامَعَ الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ فَلَمْ يُمْنِ؟ فَقَالَ عُثْمَانُ يَتَوَضَّأُ كَمَا يَتَوَضَّأُ لِلصَّلَاةِ وَيَغْسِلُ ذَكَرَهُ، وَقَالَ عُثْمَانُ سَمِعْتُهُ مِنْ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَسَأَلْتُ عَنْ ذَلِكَ عَلِيَّ بْنَ أَبِي طَالِبٍ وَالزُّبَيْرَ بْنَ الْعَوَّامِ وَطَلْحَةَ بْنَ عُبَيْدِ اللَّهِ وَأُبَيَّ بْنَ كَعْبٍ فَأَمَرُوهُ بِذَلِكَ»[1]؛ «زه‌یدی کوڕی خالیدی جوھه‌نی پرسیاری له سه‌یدنا عوسمان کرد: ئه‌گه‌ر پیاوێک چووه لای خێزانه‌که‌ی و له‌گه‌ڵیدا جووت بوو، به‌ڵام ئاویان نه‌ھاته‌وه، غوسڵیان له‌سه‌ر نابێت؟ سه‌یدنا عوسمان فه‌رمووی: ده‌سنوێژ ده‌گرێت ھه‌ر وه‌کو که بۆ نوێژی ده‌گرێت، زه‌که‌ری ده‌شوات و به‌س. ده‌فه‌رموێ: من خۆم ئه‌وه‌م له پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) بیستووه. پاشان پرسیارم ده‌رباره‌ی له عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالیب و زوبێری کوڕی عه‌ووام و ته‌لحه‌ی کوڕی عوبه‌یدوڵڵاو ئوبه‌یی کوڕی که‌عب - خوا لێیان رازی- بێت کردووه، ھه‌موو ھه‌ر وایان فه‌رمووه».
٢- ئه‌و فه‌رمووده‌ی که ئوبه‌یغ کوڕی که‌عب گێڕاوێتیه‌وه که ده‌فه‌رموێ: « قُلْت: يَا رَسُولَ اللَّهِ إذَا جَامَعَ أَحَدُنَا فَأَكْسَلَ؟ فَقَالَ لَهُ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لِيَغْسِلْ مَا مَسَّ الْمَرْأَةَ مِنْهُ وَلْيَتَوَضَّأْ ثُمَّ لِيُصَلِّ»[2]؛ «له پێغه‌مبه‌رم (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) پرسی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئه‌گه‌ر پیاوێک جیماعی له‌گه‌ڵ خێزانی‌دا کرد‌و ئاوی نه‌ھاته‌وه، ئایا غوسڵی ده‌که‌وێته سه‌ر؟ فه‌رمووی: ئه‌و شوێنه‌ی ده‌شواته‌وه که به‌ر ئافره‌ته‌که که‌وتووه پاشان ده‌سنوێژ ده‌شوات و نوێژی خۆی ده‌کات». که‌واته فه‌رمانکردن به شتنه‌وه‌ی زه‌که‌ری پیاو به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر پیسێتی شێی عه‌وره‌تی ئافره‌ت.
٣- شێی ئافره‌ت حوکمی پیسیه‌که وه‌رده‌گرێت مادام له یه‌کێک له‌و دوو رێیه‌ی پاش و پێشه‌وه دێت، چونکه رێسا شه‌رعیه‌که ده‌فه‌رموێ: «ھه‌رچی شتێک له دوو رێی پاش و پێشه‌وه جگه له مه‌نی ھات پیسه».
دووه‌م: ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه پاکه:[3]
ئه‌و زانا به‌ڕێزانه‌ی فه‌رموویانه ئه‌و شێیه‌ی له عه‌وره‌تی ئافره‌ته‌وه دێت پاکه پشتیان به‌م به‌ڵگانه به‌ستووه:
١- له وه‌ڵامی به‌ڵگه‌کانی پۆلی یه‌که‌مدا فه‌رموویانه: ئه‌م فه‌رموودانه‌ی کردووتانن به به‌ڵگه‌ی پیسێتی ئه‌و شێیه نه‌سخ بوونه‌ته‌وه (سڕراونه‌ته‌وه) و حوکمیان نه‌ماوه.[4] به‌و فه‌رموودانه‌ی تر نه‌سخ بوونه‌ته‌وه که له حاڵه‌تی وادا فه‌رمانی راشکاو به غوسڵ ده‌رکردن ده‌ده‌ن.
٢- عائیشه‌خان - خوا لێی رازی بێت- ھه‌موو جارێک مه‌نی پێغه‌مبه‌ری (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له پۆشاکه‌کانی ده‌پرواند، ئاشکرایه که ئه‌و مه‌نییه سه‌ره‌نجامی جیماع بووه، چونکه ھیچ پێغه‌مبه‌رێک ئیحتیلام نه‌بووه.[5] ئه‌و مه‌نییه‌ش به ھه‌مان جێ‌دا ھاتووه که شێی پێوه‌یه، مادام حوکمی مه‌نیه‌که پاکه، که‌وابوو ئه‌و شێیه‌ش پاکه، به‌مه‌ش ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی که ھه‌ر جۆره شله‌و شێیه‌ک له عه‌وره‌تی ئافره‌ته‌وه دێت پاکه.
٣- ئاشکرایه که ئه‌م جۆره شله‌و شێیه‌ی به عه‌وره‌تی ئافره‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا دێت، خۆ ھه‌ر ئه‌و شله‌و شێیه‌یه که به عه‌وره‌تی ئافره‌تانی سه‌رده‌می یاوه‌راندا ھاتووه، دیارده‌یه‌کی رۆژانه‌ی ھه‌موو ئافره‌تێکیشه، ده‌ی بۆچی له پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) یان له یاوه‌رێکیه‌وه نه‌بیستراو نه‌قڵ نه‌کراوه که فه‌رمانی به شتنه‌وه‌ی یان به ده‌سنوێژ لێگرتنه‌وه‌ی دابێت؟!
٤- ده‌رچه‌ی ئه‌م شله‌و شێیه ھه‌مان ده‌رچه‌ی میز نیه تا حوکمی پیسی ئه‌و وه‌رگرێت. زانستی پزیشکی ئێستاش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت.
٤- ئه‌و رێسایه‌ی شه‌رعناسان دایانناوه (ھه‌رچی شتێک له دوو رێی پاش و پێشه‌وه جگه له مه‌نی ھات پیسه) خۆ ئایه‌ت و فه‌رمووده نیه، کۆڕای زانایان و شه‌رعناسانیشی له‌سه‌ر نیه، مه‌رج نیه ئه‌وه ئاوا به شێوه‌یه‌کی ره‌ھا بێت، خۆ خوێنی جاری داوێنی ئافره‌تان (ئیستیحازه) ھه‌ر له‌وێوه دێت و که‌سیش نه‌یفه‌رمووه پیسه!
پوخته‌ی حوکمه‌که به لامه‌وه ئه‌وه‌یه که:
الف- ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجامی ده‌سبازی ژن شله له عه‌وره‌تی ھاته ده‌ره‌وه، ئه‌وه حوکمی وه‌کو مه‌زی پیاو وایه‌و ھه‌م ده‌سنوێژ ده‌شکێنێت و ھه‌م پیسه.
ب- ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجامی ماندوو بوون یان دووگیانی (حه‌مل) به بێ ئاگایی ئافره‌ته‌که ھاته ده‌رێ، ئه‌وه پیس نیه، چونکه به‌ڵگه‌ی پیسێتیمان له‌سه‌ری نیه، که‌وابوو له‌سه‌ر ئه‌سڵی پاکێتی ده‌مێنێته‌وه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
لاباسێک- خۆڕه‌حه‌ت کردن (ئیستیمناء):
الف- پێناسه‌ی خۆڕه‌حه‌ت کردن: خۆڕه‌حه‌تکردنی مرۆڤ واته ھێنانه‌وه‌ی ئاوی خۆی به ده‌ست یان به شتێکی تر که به عه‌ره‌بی پێی ده‌وترێت ئیستیمناء، به زاره‌وه‌ی ره‌شۆکی کورده‌واری پێی ده‌ڵێن: ده‌سپه‌ڕ.
ب- حوکمی خۆڕه‌حه‌ت کردن:
خۆڕه‌حه‌تکردن و حوکمی، یه‌کێکه له‌و باسانه‌ی زانایان ئیختیلافیان له کۆنه‌وه له‌سه‌ری ھه‌یه، چونکه له لایه‌که‌وه ھیچ فه‌رمووده‌یه‌کی له‌سه‌ر نیه، ھه‌ر فه‌رمووده‌یه‌کیش ئاماژه‌ی به‌و ره‌فتاره کردبێت سه‌نه‌ده‌که‌ی ساغ نه‌بۆته‌وه‌و به فه‌رمووده حسێب نه‌کراوه، مه‌گه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ک که مانای گشتی خۆپاراستن بدات. به ھه‌ر حاڵ را وبۆچوونه‌کانیان دوو پۆله:
پۆلی یه‌که‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه حه‌رامه:
جمھوری پێشه‌وایانی شه‌رع (ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی و قه‌ولێکی ئیمامی ئه‌حمه‌د) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن که حه‌رامه، به‌ڵگه‌شیان:
١- خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ» [الْمُؤْمِنُون:٧]؛ «ھه‌رکه‌س له‌وه بیترازێنێ (له خۆ ره‌حه‌تکردن به ھاوسه‌رو جاریه‌ی خۆی) ئه‌وه دیاره سنوری شکاندووه». ئه‌م به‌ڕێزانه ده‌فه‌رموون: ھه‌رچی ره‌حه‌تکردنێک له‌و دوو شێوه‌یه بترازێت به‌ر سنور به‌زاندن ده‌که‌وێت.
٢- فه‌رمووده‌ی سه‌حيحی عه‌بدوڵڵای کوڕی مه‌سعوود - خوا لێی رازی بێت- ھه‌یه که به ئاشکراو راشکاوانه ده‌فه‌رموێ: «كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَبَابًا لا نَجِدُ شَيْئًا فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ الْبَاءةَ فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ»[6]؛ « ئێمه کۆمه‌ڵێک گه‌نج بووین له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ردا بووین (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که‌سمان ژنمان له‌و کاته‌دا پێ نه‌ده‌ھات، پێی فه‌رمووین: گه‌نجینه! ھه‌ر که‌س توانای جه‌سته‌یی و دارایی ھه‌یه با ژن بھێنێت، چونکه ژن ھێنان مایه‌ی چاوگرتنه‌وه‌ی زیاتر‌و پاراستنی داوێنه! ھه‌ر که‌سیش نه‌یتوانی با به‌ڕۆژوو بێت، چونکه رۆژووه‌که بۆی ده‌بێته قه‌ڵغان!». ئه‌م شه‌رعناسه به‌ڕێزانه فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر ئیستیمنا جائیز بوایه پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ئاماژه‌ی بۆ پێده‌کردن، که نه‌یکردووه مانای وایه جائیز نییه.
٣- ره‌فتارێکی ناشیرینه‌و له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی موسوڵمان ناوه‌شێته‌وه.
٤- سه‌لمێنراوه که زیانی پزیشکی ھه‌یه. ئه‌مه رای به‌رھه‌ڵستکارانی به حه‌ڵاڵ زانینێتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا.
پۆلی دووه‌م- پێیان وایه حه‌رام نیه:
زۆرینه‌ی ئه‌م زانا به‌ڕێزانه فه‌رموویانه: مه‌کرووهه، ھه‌ندێکیشیان فه‌رموویانه: جائیزه؛ له‌وانه: ئیبنوعه‌بباس و
شێخ حه‌سه‌نی به‌سری و قه‌ولێکی ئیمامی ئه‌حمه‌دو یه‌حیای کوڕی مه‌عینی مامۆستای ئیمامی ئه‌حمه‌د و عه‌بدوڕڕه‌ززاق و ته‌به‌ری و ئیبنوحه‌زم و ئیبنولعه‌ره‌بی و ھه‌روه‌ھا شه‌وکانی.[7] به‌ڵگه‌یان:
١- ئه‌و ئایه‌ته‌ی پۆلی یه‌که‌م پشتیان پێ به‌ستووه ھیچ حوکمێکی راشکاوی تێدا نیه که ئیستیمنا حه‌رام کات، ته‌نانه‌ت ھیچ ئاماژه‌یه‌کیشی تێدا نییه بۆ ئه‌وه، ھه‌روه‌ھا فه‌رمووده‌که‌ش.
٢- که ده‌وترێت ره‌فتارێکی جوان نیه چونکه له رووی عورف و عاده‌ت و داب و نه‌ریته‌وه له‌گه‌ڵ جوامێری و پارسه‌نگی شه‌خسییه‌تدا ناگونجێت، وه‌ڵامی ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه کارێکی عه‌یبه‌ی له ناو خه‌ڵکیدا نه‌کردووه تا له که‌سایه‌تی نه‌وه‌شێته‌وه، نه لێی ده‌بینرێت، نه خۆشی باسی ده‌کاته‌وه، ئیتر له کوێوه زانرا که که‌سایه‌تی ئه‌میان پارسه‌نگه‌و که‌سایه‌تی ئه‌وی تریان لاسه‌نگه؟!
٣- ئه‌وه‌ش که ده‌ڵێن له رووی پزیشکیه‌وه زیانی ھه‌یه زۆر به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، نوێترین کۆنگره‌ی پزیشکی و ئاڕاسته‌ی ته‌ندروستی که له رۆژئاوا ده‌خوێندرێت ئه‌وه‌یه که موماره‌سه کردنی ئیستیمنا زیانی نیه، ئه‌گه‌ر نه‌بێته موماره‌سه‌یه‌کی نامۆ.
ھه‌ندێک له زانایانی پۆلی دووه‌م فه‌رموویانه: ئه‌گه‌ر که‌سێک دوور بوو له ھاوسه‌ری خۆی، یان ھاوسه‌ری نه‌بوو، له جێیه‌کیش بوو که بواری زینای له‌به‌رده‌مدا ئاسان بوو، یان ده‌بوو به تووشیه‌وه پێویسته له‌سه‌ری بیکات نه‌بادا بکه‌وێته زیناکه‌وه.
ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: به‌لای جمھوری زانایانه‌وه ئه‌سڵ له ئیستیمنادا ئه‌وه‌یه که حه‌رامه‌و ئه‌وی ده‌یکات ته‌مێ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌مه وه‌کو زیناکردن نیه. ئه‌مما فه‌رمایشته‌که‌ی ئیبنوعه‌بباس و قه‌وله‌که‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌د که فه‌رموویانه کارێکی جائیزه، ئه‌وه بۆ کپکردنه‌وه‌ی ئاره‌زووی که‌سێکه که مه‌ترسی ئه‌وه‌ی ھه‌بوو بکه‌وێته زینا یان لیواته‌وه.[8] له شوێنێکی تردا ده‌فه‌رموێ: ئیمام ئه‌حمه‌د رایه‌کی تری ھه‌یه که ده‌فه‌رموێ: مه‌کروھه، حه‌رام نییه.[9]
ئه‌وه‌ی باسمان کرد به شێوه‌یه‌کی کورت پێناسه‌و بۆچوونی زانایانه‌یه. منیش ئه‌وه‌ی پێم په‌سه‌ندتره رای ئه‌و
زانایانه‌یه که ئیستیمنایان به جائیز زانیوه؛ چونکه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌حیح و راشکاو له سه‌ر حه‌رامێتی نیه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. بُخَاري: ٢٨٨ و٢٨٩؛ مُسْلِم: ٣٤٧.
[2]. بُخَاري: ٢٣٩؛ مُسْلِم: ٣٤٦.
[3]. الشَّيْخ مُصْطَفَى بِنْ عَدَوي، جَامِع أَحْكَامُ النِّسَاءِ: ١/٦٨.
[4]. فَتْحِ اَلْبَارِي: ١/٤٧٣.
[5]. ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ٢/٨٨.
[6]. بُخَاري: ٥٠٦٦؛ مُسْلِم: ١٤٠٠.
[7]. عَبْدُ الرَّزَّاقِ، المُصْنَّف: ٧:٣٩٠؛ الطَّبَرِي، اِخْتِلَافُ الفُقَهَاءِ: ١٢٣؛ ابن حَزْم، المُحَلّىٰ: ١٢/٤٠٧؛ ابن العَرَبِي، أَحْكَامُ القُرْآنِ: ٣/٣١٥.
[8]. الفَتَاوَىٰ الكُبْرَىٰ: ٣/٤٩.
[9]. مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ٣٤/٢٢٩.