توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر پاکی شه‌راب
ئه‌و شه‌رابه‌ی که سه‌رخۆش ده‌کات جۆرێکه له دوازده جۆر ئه‌لکھۆڵ، ئه‌مه جۆری ئیسانۆله (C2H5OH) که راده‌ی شه‌ست تا نه‌وه‌د له سه‌د (٦٠-٩٠%) ئیسانۆلی تێدایه که به ھۆیه‌وه ھه‌ندێ زانا به پیسیان داناوه که کورد پێی ده‌ڵێن ئیسپرتۆو له نه‌خۆشخانه‌کاندا بۆ پاکژیی پزیشکی (ته‌عقیم) به‌کاری ده‌ھێنن ئه‌مه‌یه که به ئینگلیزی پێی ده‌ڵێن « Spirit» و به فه‌ڕه‌نسی « Espirit» و به ئیتالی « Spirito» که به مانای رۆحی شه‌رابه‌که‌یه. جۆره‌کانی تری وه‌کو میسانۆل (CH3OH) و بریبانۆ (C3H7OH) مه‌ست ناکه‌ن بۆیه ئه‌و زانایانه له به پیس دانانی ئه‌مانه خۆیان بواردووه.
به شێوه‌یه‌کی گشتی زانایانی ئیسلام ده‌رباره‌ی حوکمی پاکی پیسی شه‌راب دوو ران:
پۆلی یه‌که‌م- ده‌فه‌رموون شه‌راب پیسه:
چوار ئیمامه به‌ڕێزه‌که‌و ئیبنوحه‌زم و ئیبنوته‌یمییه له‌وانه‌ن که شه‌راب به پیس ده‌زانن؛ به‌ڵگه‌شيان ئه‌وه‌یه که:
١- خوای په‌روه‌دگار فه‌رموویه‌تی: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالأَنصَابُ وَالأَزْلاَمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ» [الْمَائِدَة:٩٠]؛ «ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان ھێناوه شه‌راب و قومارو یانسیب و زارهه‌ڵدان پیسن، کاری شه‌یتانن، توخنیان مه‌که‌ون تا سه‌رفراز بن». ده‌فه‌رموون: « رِجْسٌ» له ئایه‌ته‌که‌دا ھه‌ر «نجس»ه. بۆیه لای ئه‌م زانا به‌ڕێزانه شه‌راب پیسه، ئه‌گه‌ر به‌ر شوێنێک که‌وت ده‌بێ بشۆرێته‌وه تا پاک ده‌بێته‌وه.[1]
٢- فه‌رمووده‌که‌ی ئه‌بوسه‌عله‌به‌ی خوشه‌نی - خوا لێی رازی بێت- که ده‌فه‌رموێ که له پێغه‌مبه‌ریان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) پرسی که کاتێک ده‌چنه سه‌ر شوێنی کافره‌کان و مه‌نجه‌ڵ و قاپ و که‌وچکیان ھه‌ڵده‌گرنه‌وه ئاسه‌واری گۆشتی به‌رازو شه‌رابیان تێدا ماوه، ئایا چی له‌و که‌لوپه‌لانه بکه‌ن؟ فه‌رمووی: «إِنْ وَجَدْتُمْ غَيْرَهَا فَكُلُوا فِيهَا وَاشْرَبُوا وَإِنْ لَمْ تَجِدُوا غَيْرَهَا فَارْحَضُوهَا بِالْمَاءِ»[2]؛ «ئه‌گه‌ر ھی ترتان به‌رده‌ست که‌وت له‌ودا بخۆن، ئه‌گه‌ر نا به ئاو بیانشۆنه‌وه‌و به‌کاریان بھێنن». له‌مه‌وه ئیمامی خه‌تتابی[3] و ئیبنو ده‌قیقیلعید[4] (که شافیعین) و زه‌یله‌عی[5] وئیبنولھومام (که حه‌نه‌فین) و ئیمام مه‌جدوددین ئیبنوته‌یمیه (باپیری ئیبنوته‌یمییه‌ی به‌ناوبانگ)[6] فه‌توای پیسێتی شه‌رابیان داوه.
پۆلی دووه‌م- ده‌فه‌رموون شه‌راب پیس نیه:
ئه‌مه‌ش رای ره‌بیعه‌و له‌یس و موزه‌نی و داوودی زاھیری و شه‌وکانی و سه‌نعانی و ئه‌لبانی و سه‌ید سابق و ئال به‌سسام و ئیبن عوسێمین و ئه‌وانه‌یه.[7] ئه‌م زانا به‌ڕێزانه جگه له به‌ڵگه‌ی بۆچوونه‌که‌ی خۆیان وه‌ڵامی به‌ڵگه‌کانی پۆلی یه‌که‌میشیان داوه‌ته‌وه؛ به‌ڵگه‌کانیان ئه‌مانه‌ن:
١- ئایه‌ته‌که به‌ڵگه نیه له‌سه‌ر پیسێتی شه‌راب چونکه:
الف- ھاتنی ووشه‌ی شه‌راب له ریزی قومارو ئه‌وانی تردا له‌و ئایه‌ته‌دا به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که مانای پیسێتی مه‌به‌ست نیه، به‌ڵکو مه‌به‌ستی پیسێتی مه‌عنه‌وییه. چونکه سیانه باسکراوه‌که‌ی تر له ئایه‌ته‌که‌دا له خۆیاندا پیس نین، نه قومارو نه یانسیب و نه زارھه‌ڵدان بۆ قومارو پاره بردنه‌وه. ئه‌مه‌ش وه‌کو ئه‌و ئایه‌ته‌ی دیکه‌یه که ده‌فه‌رموێ: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ» [التَّوْبَة:٢٨]؛ «ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان ھێناوه موشریکه‌کان پیسن». به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه زۆره که موشریکه‌کان له‌به‌ر شیرکیان نیه که پیسن. ناشکرێت خه‌به‌ری موبته‌داکه که «رِجْسٌ»ه تایبه‌ت بکرێت به شه‌رابه‌که‌وه‌و به‌س چونکه خه‌به‌ری ھه‌ر چوار موبته‌داکه‌یه.
ب- ووشه‌ی « رِجْسٌ» مانای تریشی زۆره؛ وه‌کو: پیسایی، حه‌رام کراو، ناشیرین، سزا، له‌عنه‌ت و نه‌فرین،
کوفر، خراپه‌کاری، تاوان و گوناح و ... . ئیتر بۆچی تایبه‌تتان کردووه به مانای پیسییه‌وه؟![8]
ج- ووشه‌ی « رِجْسٌ» له سێ شوێنی تری قورئاندا جگه له‌م ئایه‌ته ھاتووه، ھیچیان به مانای نه‌جس (پیسی به‌رجه‌سته) نه‌ھاتووه، بۆ نموونه:
- «كَذَلِكَ يَجْعَلُ اللّهُ الرِّجْسَ عَلَى الَّذِينَ لاَ يُؤْمِنُونَ» [الأَنْعَامِ: ١٣٥]؛ «ئاوه خوای گه‌وره سزا بۆ ئه‌و که‌سانه داده‌نێ که باوه‌ڕ ناھێنن». لێره‌دا « رِجْسٌ» به مانای سزا ھاتووه.
- «سَيَحْلِفُونَ بِاللّهِ لَكُمْ إِذَا انقَلَبْتُمْ إِلَيْهِمْ لِتُعْرِضُواْ عَنْهُمْ فَأَعْرِضُواْ عَنْهُمْ إِنَّهُمْ رِجْسٌ وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ جَزَاء بِمَا كَانُواْ يَكْسِبُونَ» [التَّوْبَة: ٩٥]؛ «ئه‌وانه که ئێوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه شار سوێندتان بۆ ده‌خۆن تا وازیان لێبھێنن، لێیان گه‌ڕێن و روویان مه‌ده‌نێ، ئه‌وانه به‌راستی کرده‌وه‌یان به‌ده‌و حه‌تمه‌ن له سزای ئه‌و کارانه‌یاندا که ده‌یان کرد شوێن ھه‌واریان دۆزه‌خ ده‌بێت!!». لێره‌دا به مانای خراپه‌کار هاتو‌وه.
- «فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ» [الحج: ٣٠]؛ «توخنی بته پیسه‌کان مه‌که‌ون». دیاره بته‌کانیش پیسن چونکه ده‌بنه مایه‌ی سزا‌و ئه‌شکه‌نجه‌ی دوایی نه‌ک خۆیان پیس بن وه‌کو پیسایی، چونکه به‌رد خۆی پیس نیه.
د- له که‌سێکی سه‌له‌فه‌وه ھیچمان پێنه‌گه‌یشتووه که یاوه‌رێک یان تابعینێکیان « رِجْسٌ»ی له‌و ئایه‌ته‌دا به مانای «نجس» واته پیسی لێک دابێته‌وه، به‌ڵکو ئیبنوعه‌بباس - خوا لێیان رازی بێت- ده‌یفه‌رموو: « رِجْسٌ» یه‌عنی مایه‌ی رق ھه‌ستان، ئیبنو زه‌یدیش ده‌یفه‌رموو یه‌عنی خراپه‌کاری.
ه- حه‌رام کردنی شه‌راب پیسێتی ناگه‌ێنێت، به‌ڵام پیسێتی حه‌رامی له خۆدا ھه‌ڵگرتووه. خۆ که‌س به ئاورێشم و ئاڵتونی نه‌فه‌رمووه: پیسن! ده‌ی خۆ پۆشینی ئاورێشم یان ئاڵتون بۆ پیاوی موسوڵمان حه‌رامه له کاتێکدا ھه‌ردووکیان به پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و به کۆڕای زانایان پاکن.
و- ئه‌و «رِجْسٌ»ه له‌و ئایه‌ته‌دا په‌یوه‌ست کراوه‌ته‌وه به‌وه‌وه که کاری شه‌یتانه بۆیه وا پیسه، که‌وابوو پیسییه‌کی کرده‌وه‌ییه به مانای ناشیرین و به‌دو ناھه‌موار، نه‌ک به مانای پیسێتی زاتی خۆی.
2- له‌و فه‌رمووده سه‌حيحه‌ی ئه‌نه‌سدا - خوا لێی رازی بێت- که باسی چۆنیه‌تی حه‌رامکردنی شه‌راب ده‌کات ده‌فه‌رموێ: «فَأَمَرَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مُنَادِيًا يُنَادِي : أَلاَ إِنَّ الْخَمْرَ قَدْ حُرِّمَتْ. قَالَ: فَخَرَجْتُ فَهَرَقْتُهَا، فَجَرَتْ فِي سِكَكِ الْمَدِينَةِ».[9]؛ «که پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمانی دا به که‌سێک جاڕ بدا که: ئه‌رێ خه‌ڵکینه شه‌راب حه‌رام کرا، خێرا چوومه ده‌ره‌وه‌و رشتم، تا به کۆڵانی مه‌دینه‌دا بڵاو بۆوه». ئه‌گه‌ر شه‌راب پیس بوایه نه‌ده‌بوو ئاوا بیڕێژنه کوچه‌و کۆڵان که ئیحتیمالی زۆر ھه‌یه به‌ر بڕێژه‌کان و به‌ر خه‌ڵکی تریش بکه‌وێت.
3- له فه‌رمووده‌یه‌کی تردا هاتو‌وه: کابرایه‌ک ھاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) و به دیاری دوو جه‌وه‌نده (کونده: مه‌شکه) شه‌رابی بۆ ھێنابوو، که پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ره‌فزی کرد لێی وه‌رگرێت و فه‌رمووی حه‌رامه، یه‌کێک به کابرای ووت: بڕۆ بیانفرۆشه‌وه، پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمووی: «الَّذِي حَرَّمَ شُرْبَهَا حَرَّمَ بَيْعَهَا»؛ «ئه‌و خوایه‌ی خواردنه‌وه‌ی حه‌رام کردووه فرۆشتنیشی حه‌رام کردووه». ئیتر کابرا ده‌می ھه‌ردوو جه‌وه‌نده‌که‌ی کرده‌و تا ھه‌موو ئه‌وه‌ی تێیاندابوو رژا. [10] جا ئه‌گه‌ر شه‌راب پیس بوایه حه‌تمه‌ن پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمانی ده‌کرد که ئاوی پێدا که‌ن، ھه‌روه‌کو که فه‌رمانیدا ئاو بکه‌ن به جێ میزی کابرای ئه‌عرابیدا که ھاته مزگه‌وته‌که‌وه‌و میزی کرد، یان فه‌رمانی به‌و یاوه‌ره عه‌زیزانه‌ی ده‌کرد که ئاگاداربن پریشکیتان به‌ر نه‌که‌وێت!
نۆیه‌م: مادام له دیدی شه‌رعه‌وه ئه‌سڵی شت پاکژی و پاکییه‌و ده‌رباره‌ی پیسێتی شه‌رابیش به‌ڵگه‌یه‌کی بنبڕمان ده‌سنه‌که‌وتووه ناتوانین حوکمی پیسێتی ده‌رکه‌ین. که‌واته ئه‌سڵ له شت‌دا پاکی و حه‌ڵاڵیه، ھه‌رکه‌س حوکمی شتێک بدات که پیسه ده‌بێ به‌ڵگه‌ی به‌ھێزی ھه‌بێت. شێخ ئیبنو عوسێمین ده‌فه‌رموێ: وا نابینم شه‌راب پیس بێت بۆیه پێم وایه ئه‌لکھۆڵ پاکه‌و حه‌ره‌جیش له‌وه‌دا نابینم که له کاتی پێویستی وه‌کو ته‌عقیم کردنی برینێکدا به‌کاری بھێنم. که‌وابوو ھه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌لکھۆلِیشیان تێدا به‌کار دێت ھه‌ر پاکن؛ ده‌رمان بن یان که‌ره‌سته‌ی ته‌عقیم، یان قۆڵۆنیاو عه‌ترو بۆنی شله‌مه‌نی.
منیش به پێی به‌ڵگه‌کان رای ئه‌و زانایانه‌م لا په‌سه‌نده که فه‌رموویانه شه‌راب پاکه.
[1]. الاِخْتِيَار: ١/٣٣؛ الإِنْصَافُ: ١/٣٧٨؛ المَجْمُوع: ٢/٥٦٩؛ المُحَلّىٰ: ١/١٦١؛ التَّاج: ١/٢٠.
[2]. ئه‌مه له‌فزی ئه‌بوداوود بوو له سونه‌ندا (٣/٣٦٣) و ترمزیش له سێ شوێنی سوننه‌که‌ی خۆی ھێناوێتیه‌وه‌و به سه‌حیحی داناوه، ئه‌سڵی حه‌دیسه‌که‌ش له ھه‌ردوو سه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا ھه‌یه.
[3]. مَعَالِمُ السُّنَن: ٤/٢٥٧، که شه‌رحی سونه‌نی ئه‌بو داوده.
[4]. له کتێبی الإمام في معرفة أحادیث الأحکام.
[5]. الزَيلَعي، نَصْبُ الرَّايَة فِي تَخْرِيجِ أَحَادِيثِ الهِدَايَةِ: ١/٩٥؛ ابن الهَمَام، فَتْحُ القَدِير: ١/٥١.
[6]. له كتێبی مُنْتَقى الأَخْبَار.
[7]. بۆ ته‌فسیلی رای ئه‌مانیش: المَجْمُوع: ٢/٥٦٩؛ الدراري المُضِيئَةُ: ١/٢٨؛ فِقْه السُّنَّه: ١/ ٢٨.
[8]. ته‌فسیلی وا له کتێبی «النِّهَايَة»ی ئیبنو ئه‌سیر و لِسَانُ العَرَب وَمُخْتَارُ الصِّحَاح.
[9]. بُخَاري: ٢٣٣٢؛ مُسْلِم: ١٩٨٠.
[10]. مُسْلِم: ١٢٠٦؛ الْمُوَطَّأ: ١٥٤٣.