ئه‌م فه‌رمووده که به فه‌رمووده‌ی مێشه‌که (حَدِيثُ الذُّبَابَةَ) به‌ناوبانگه ھه‌ر له کۆنه‌وه ووتوێژێکی له نێوان لایه‌نگران و به‌رھه‌ڵستکارانیدا دروست کردووه، ئه‌وی قه‌ناعه‌تی پێی بووه‌و زانیوێتی ئه‌مه راسته‌و له پێغه‌مبه‌ری راستگۆوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ھاتووه، ته‌سلیمی بووه‌و به قه‌ناعه‌ته‌وه وه‌ریگرتووه‌و کاریشی پێکردووه، ئه‌وی قه‌ناعه‌تی پێی نه‌بووه وویستوێتی له سه‌نه‌د یان له ده‌قه‌که‌ی بدات تا بیخاته خانه‌ی فه‌رمووده‌ی زه‌عیفه‌وه. ئه‌وی بێ لایه‌ن ماوه‌ته‌وه (!) خۆی لێ کڕ کردووه‌و ووتوێتی ئه‌مه جارێ ھی ئه‌وه نیه پێش چاوی خه‌ڵکی بخرێت بۆ ئه‌وه‌ی له دینه‌که رانه‌که‌ن!! ئه‌م سێ ھه‌ڵوێسته وای کرد منیش ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بخه‌مه روو تا ھه‌ڵوێسته‌کان له حه‌قیقه‌ت نزیک که‌ینه‌وه.
١- سه‌نه‌د و ده‌قی فه‌رمووده‌که:
دکتۆر خه‌لیل ئیبراھیم سه‌لام خاتر به ته‌فسیل له سه‌نه‌دو ده‌قی فه‌رمووده‌که‌ی کۆڵیوه‌ته‌وه‌و زۆری به‌دوودا چووه که پێویست ناکات ئێمه‌ش ھه‌مان ره‌نج بده‌ینه‌وه، به تایبه‌تی که ئه‌و خۆی پسپۆڕی پزیشکیه‌و شاره‌زاییه‌کی باشیشی له شه‌رعناسی ھه‌یه‌و کتێبێکی داناوه به ناوی «الإصابة في حديث الذبابة» که له دار القبلةی سعودیه (له ١٤٠٥ ک : ١٩٨٥ز)دا چاپ بووه که ئێمه‌ش بایه‌خی زۆرتری پێ ده‌ده‌ین و ئیعتیمادی ده‌که‌ینه سه‌ر.
ئیمامی بوخاری له سه‌حيحه‌که‌ی خۆی و ئیبنوماجه له سونه‌نه‌که‌یدا له ئه‌بوھوڕه‌یڕه‌وه ده‌گێڕنه‌وه ھه‌روه‌ھا به‌ززارو ته‌بریزی له «مشکاة المصابیح» و ئیبنوحه‌جه‌ر له «تلخیص الحبیر»دا ھێناویانه‌ته‌وه که پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمووی: «إِذَا وَقَعَ اَلذُّبَابُ فِي شَرَابِ أَحَدِكُمْ فَلْيَغْمِسْهُ، ثُمَّ لِيَنْزِعْهُ، فَإِنَّ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ دَاءً، وَفِي اَلْآخَرِ شِفَاءً»[1]؛ «ئه‌گه‌ر مێش که‌وته خواردنه‌وه‌ی یه‌کێکتانه‌وه با نقومی کات و پاشان فڕێی‌دا، چونکه له باڵێکیدا نه‌خۆشی ھه‌یه‌و له باڵه‌که‌ی تری‌دا چاره‌سه‌ر ھه‌یه». ھه‌ر بوخاری و له سه‌حيحه‌که‌یداو ئیبنوماجه له سونه‌نه‌که‌یداو ئیمامی ئه‌حمه‌د له موسنهدهکهیدا و ھه‌ر له ئه‌بوھوڕه‌یڕه‌وه به شێوازێکی تر گێڕاویانه‌ته‌وه که پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمووی: «إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي شَرَابِ أَحَدِكُمْ فَلْيَغْمِسْهُ - کُلَّه - ثُمَّ لِيَنْزِعْهُ، فَإِنَّ فِي إِحْدَى جَنَاحَيْهِ دَاءً وَالأُخْرَى شِفَاءً»[2]؛ «ئه‌گه‌ر مێش که‌وته خواردنه‌وه‌ی یه‌کێکتانه‌وه با ھه‌مووی له ناویدا نقوم کات و پاشان فڕێی‌دا، چونکه له یه‌کێک له باڵه‌کانیدا نه‌خۆشی ھه‌یه‌و له باڵه‌که‌ی تری‌دا چاره‌سه‌ر ھه‌یه».
ریوایه‌تێکی تری بوخاری ده‌فه‌رموێ: «إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ فَامْقُلُوهُ فَإِنَّ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ دَاءً وَفِي الآخَرِ شِفَاءً»[3]؛ «ئه‌گه‌ر مێش که‌وته ده‌فر (قاپ)ی یه‌کێکتانه‌وه با له ده‌فره‌که‌یدا نقومی کات، چونکه له یه‌کێک له باڵه‌کانیدا نه‌خۆشی ھه‌یه‌و له باڵه‌که‌ی تری‌دا چاره‌سه‌ر هه‌یه». دیسان ریوایه‌تی تری بوخاری ھه‌یه که له قوته‌یبه، ئه‌ویش له ئیسماعیلی کوڕی جه‌عفه‌رو ئه‌ویش له عوتبه‌ی کوڕی موسلیم مه‌ولای به‌نی ته‌یم ئه‌ویش له عوبه‌یدی کوڕی حونه‌ین مه‌ولای به‌نی زوره‌یق له ئه‌بوھوڕه‌یڕه‌وه ئه‌ویش له پێغه‌مبه‌ره‌وه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گێڕایه‌وه که فه‌رمووی: «إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ، فَلْيَغْمِسْهُ كُلَّهُ، ثُمَّ لْيَطْرَحْهُ، فَإِنَّ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ شِفَاءً وَفِي الآخَرِ دَاءً».[4]
نه‌سائی و ئیبنوماجه له ئه‌بوسه‌عیدی خودریه‌وه ده‌گێڕنه‌وه که پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمووی: «فِي أَحَدِ جَنَاحَىِ الذُّبَابِ سُمٌّ وَفِي الآخَرِ شِفَاءٌ فَإِذَا وَقَعَ فِي الطَّعَامِ فَامْقُلُوهُ فِيهِ فَإِنَّهُ يُقَدِّمُ السُّمَّ وَيُؤَخِّرُ الشِّفَاءَ»[5]؛ «یه‌کێک له باڵه‌کانی مێش ژه‌ھره‌و ئه‌وی تریان چاره‌سه‌ره، جا ئه‌گه‌ر که‌وته خۆراکی یه‌کێکتانه‌وه با تێیدا نقومی کات، چونکه ئه‌مه ده‌بێته هۆی پێش خستنی ژه‌هره‌که پاشان چاره‌سه‌ره‌که‌ی دێت و له ناوی ئه‌بات».
ئه‌حمه‌دی ئه‌بوبه‌کری بوسه‌یری له «مصباح الزجاجة في زوائد ابن ماجة» به توێژینه‌وه‌ی مو‌سا موحه‌ممه‌د عه‌لی و عززه‌ت عه‌لی عه‌تییه فه‌رمووده‌یه‌کی تری کورتی له نه‌سائیه‌وه له سونه‌نه‌که‌یدا نه‌قڵ کردووه که له عه‌مری کوڕی عه‌لی ئه‌ويش له یه‌حیای کوڕی سه‌عید ئه‌لقه‌تتان و ئه‌ویش له ئیبنوئه‌بی زیئب گێڕاوێتیه‌وه ده‌فه‌رموێ: «إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ فَلْيَمْقُلْهُ»[6]؛ «ئه‌گه‌ر مێش که‌وته ده‌فری یه‌کێکتانه‌وه با تێیدا نقومی کات». ئیمامی ئه‌حمه‌دیش له موسنهدهکهیدا له وه‌کیعی کوڕی ئیبراھیمی کوڕی فه‌زڵه‌وه ئه‌ویش له سه‌عیدی کوڕی ئه‌بو سه‌عیدو ئه‌ویش له ئه‌بوھوڕه‌یه‌ڕه‌وه فه‌رمووده‌که به‌م ریوایه‌ته ده‌گێڕێته‌وه: «إِذَا وَقَعَ الذُّبَابُ فِي طَعَامِ أَحَدِكُمْ أَوْ شَرَابِهِ فَلْيَغْمِسْهُ ثُمَّ يُخْرِجُهُ فَإِنَّ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ دَاءً وَفِي الآخَرِ شِفَاءً، وَإِنَّهُ يُقَدِّمُ الدَّاءً».[7]
ئیمامی دارمی له سونه‌نه‌که‌یدا له سوله‌یمانی کوڕی حه‌رب و ئه‌و له حه‌ممادی کوڕی سه‌له‌مه‌و ئه‌ویش له سومامه‌ی کوڕی عه‌بدوڵڵای کوڕی ئه‌نه‌سه‌وه له پێغه‌مبه‌ره‌وه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌گێڕنه‌وه که فه‌رمووی: «إِنَّ الذُّبَابَ فِي أَحَدِ جَنَاحَيْهِ دَاءٌ، وَفِي الْآخَرِ شِفَاءٌ، فَإِذَا وَقَعَ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ فَلْيَغْمِسْهُ، فَإِنَّهُ يَتَّقِي بِالَّذِي فِيهِ الدَّاءُ، ثُمَّ يُخْرِجُهُ»[8]؛ «له یه‌کێک له باڵه‌کانی مێشدا نه‌خۆشی ھه‌یه‌و له‌وی تریاندا چاره‌سه‌ر، جا ئه‌گه‌ر که‌وته ده‌فری یه‌کێکتانه‌وه با یه‌کجاری تێیدا نقومی کات، به‌مه‌ش خۆی به باڵه شیفاداره‌که‌ی له باڵه نه‌خۆشیداره‌که‌ی ده‌پارێزێت، پاشان فڕێی دات».
به ھه‌ر حاڵ دکتۆر خه‌لیل له دوو رێگای سه‌نه‌ده‌کانی لای بوخاری، پێنج رێگای لای ئه‌بو داوود و ئیبنو ماجه‌و له ده رێگای لای ئیمامی ئه‌حمه‌دو دوو رێگای لای دارمی و سێ رێگای لای به‌یھیقی و ھه‌ر یه‌ک له یه‌ک رێگای ئیبنوخوزه‌یمه‌و ئیبنوحیببان و ئیبنولجاروود و شه‌ش رێگاکه‌ی لای ته‌حاوی و سێ رێگای لای به‌غه‌وی و یه‌ک رێگای ئیبنوسسه‌که‌ن و ئیبنو عه‌بدولبه‌ڕ و ھی تریش کۆڵیوه‌ته‌وه‌و زۆر به ووردی به دوای ھه‌موویاندا چووه تا سه‌رجه‌م گه‌یشتوونه‌ته ٣٤ رێگای گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت و ٤٢ رێگای گشتی (که له گه‌ڵ بڕگه باسی تردا ھاتووه)! تا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی که سه‌نه‌دی ئه‌م فه‌رمووده نه‌ک ھه‌ر ھیچ جۆره گومانێکی تێدا نیه به‌ڵکو له به‌رزترین رێگای گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌یه، چونکه له زیاتر له په‌نجا رێگاوه ریوایه‌ت کراوه! کێش لێی به‌گومانه ئه‌وه ئه‌رزو ئه‌وه گه‌ز بۆمان بسه‌لمێنێت!!
وه‌رن دوای توێژینه‌وه‌ی زانستی بزانین ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه چه‌ندین لایه‌نی زانستی سه‌رده‌می وه‌کو فیزیا‌و پزیشکی و ده‌رمانسازی و مایکرۆبایۆلۆجی له‌خۆگرتووه جگه له ئامۆژگاریه دینیه‌که‌ی و ره‌وانبێژیه زمانه‌وانیه‌که‌ی.
٢- باڵی مێش و جۆری میکرۆبه‌کانی:
الف- نۆ جۆر به‌کتریا له باڵی مێشدا ده‌ژی ھه‌ندێکیان به سالب و ھه‌ندێک به موجب ده‌ناسرێن؛ ھه‌ره به‌ھێزه‌که‌یان پێی ده‌وترێت «B. Circulans» که له جۆری موجبه‌کانه که له ھه‌موان زیاتر ته‌حه‌موولی گه‌رمای به‌رزو زۆری سه‌رماو تیشک و کار‌و کارتێکردنی کیمیایی ھه‌یه، که بڕی ٥ میلیگرهم : میلی‌لیتری ئه‌م جۆره به‌کتریایه به‌سه بۆ کوشتنی ھه‌موو جۆره‌کانی تری به‌کتریای بن ھه‌ردووباڵی مێشه‌که وه‌کو جۆری «B. subtilis» و « S. aureus » که ده‌بنه ھۆی نه‌خۆشی چاو ئاوسان و دومه‌ڵ و ئاوسانی میزه‌ڵدان و کلێنچکه‌و ده‌رچه‌ی کۆم و ده‌زگای میز، ھه‌روه‌ھا پیسکردنی خۆراک. به‌ڵام سه‌رسوڕمان له‌وه‌دایه که جۆری به‌کتریا کوشنده‌که (که ئێمه به به‌کتریا دڵسۆزه‌که ناوی ده‌به‌ین) ھه‌ر ئه‌و به‌کتریایانه ناکوژێت که باڵی به‌کتریاویه خراپه‌که له‌خۆی گرتوون به‌ڵکو ئه‌وانه‌ش که به قاچ و قول و شوێنی تری مێشه‌که‌وه‌ن، بۆیه له نقومکردنی مێشه‌که‌دا ئه‌وانی تریش ده‌فه‌وتێنێت.
ب- له رووی زانستی به‌کتریۆلۆژیه‌وه سه‌لمێنراوه که ته‌نانه‌ت به‌کتریا دڵسۆزه‌که له ناو زگ و ریخۆڵه‌شدا بێت رۆڵه‌که‌ی خۆی دژی ئه‌و به‌کتریا زیانبه‌خشانه ده‌بینێت!! واته ئه‌گه‌ر بخۆره‌که که‌وچکه چێشت یان قومی له‌و شوێنه‌وه له خواردنه‌وه‌که‌یدا که مێشه‌که‌ی تێکه‌وتبوو گه‌ر ھێشتا کاتی ته‌فاعول کردنی به‌کتریا دڵسۆزه‌که دژی به‌کتریا زیانبه‌خشه‌کان مابێت، له ناو ریخۆڵه‌کانیشدا بێت جه‌نگی پیرۆزی خۆی ھه‌ر ئه‌نجام ده‌دات!!
ج- شێوازی کارکردنی به‌کتریا دڵسۆزه‌که ئه‌وه‌یه که ھه‌ر به‌وه‌نده‌ی شله‌مه‌نیه‌که‌ی ده‌گاتێ گه‌رم بێت یان سارد ھه‌ڵی ده‌مژێ و به پێی فشار‌و تینێکی زانستی که پێی ده‌ڵێن «فشاری ئیسمۆزی» ده‌یکاته مایه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی خۆی که وه‌کو نارنجۆک خێرا ده‌ته‌قێته‌وه‌و بۆ مه‌سافه‌ی دوو میلیمه‌تر کاریگه‌ری چاره‌سه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌ھاوێت!! به‌مه‌ش ھیچ به‌کتریایه‌کی خراپی بن باڵی مێشه‌که که زیانبه‌خشن قوتار نابن!!
د- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌کتریا دڵسۆزه‌که له پله‌ی زۆر به‌رزی گه‌رمیشدا ده‌ژی له شله‌یه‌کی زۆر گه‌رمدا بێت له‌به‌ر روناکی یان له شوێنێکی زۆر ساردا بێت له‌به‌ر تاریکی کاری خۆی ھه‌ر ده‌کات.. له ھه‌موو بارودۆخێکی ئاوادا ده‌توانێت بڕی ٥ ملگم:ملل به‌رھه‌م بھێنێت که ده‌توانێت ١٠٠٠ لیتر شیر یان شله‌مه‌نیه‌کی تر ته‌عقیم کات!!
ه- ئه‌م میکرۆبه دڵسۆزه ده‌ڵێی دینداری موجاھیده، له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی سه‌ره‌تای ھێرشی به‌کتریا خراپه‌کان و ئیعازدان به‌م، ھێرشێکی به‌رفراوانی که‌وانه‌یی بۆ گه‌مارۆدان و له‌ناوبردنی به‌کتریا خراپه‌کان ده‌کات و تا
نه‌شیان فه‌وتێنێت کۆڵ نادات؛ سُبْحَانَ اللَّهِ!
و- ته‌قینه‌وه‌ی به‌کتریا دڵسۆزه‌که توانایه‌کی کاریگه‌ری تری بۆ دروست ده‌بێت که ھه‌رچی میکرۆبی تر ھه‌بێت له‌وانه‌ی خه‌ڵک تووشی نه‌خۆشی تر ده‌که‌ن ده‌کوژێت وه‌کو میکرۆبه‌کانی گه‌نده پشکۆ (الجَمْرَةُ الخَبِيثَةُ) وتیفۆئید (گرانه‌تا) و پاراتیفۆئیدو دیزانتری (میزی خوێناوی) و ته‌راخومای چاوو نه‌خۆشی تری کۆئه‌ندامی ھه‌ناسه‌و ھه‌رس.
٧- له دنیادا بڕی 64000 جۆر مێش ھه‌یه، ئه‌وه‌ی که لای ئێمه ناسراوه مێشی ئاسایی و مۆزو کرۆمۆزه که له لادێکاندا ناسراوه چونکه ھه‌ندێک شوێن پێی ده‌ڵێن مێشی گه‌وڕو ئاخوڕ. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌م ھه‌موو جۆره مێشه ھه‌ر جۆره به‌کتریایه‌ک له ھه‌ر شوێنێک له‌باڵی چه‌پی خۆیاندا ھه‌ڵگرن چاره‌سه‌ری دژی ئه‌و به‌کتریایانه‌یه که له باڵه‌که‌ی تره‌وه ھه‌ڵگیراوه به‌رھه‌م ده‌ھێنێت!!
3- ھه‌ندێ خاڵی تر بۆ سه‌رنجدان:
الف- پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) پیتی فائی بۆ نقومکردنی مێشه‌که به‌کار ھێناوه که بۆ خێرایی و په‌له کردن و یه‌کسه‌رییه که‌چی بۆ ده‌رھێنانه‌وه‌ی مێشه‌که «ثُمَّ»ی به‌کار ھێناوه که بۆ سستی و په‌له نه‌کردن و دوایی ئه‌نجامدانه!! چونکه ئه‌گه‌ر مێشه‌که به باڵی به‌کتریا زیانبه‌خشه‌که‌یدا که‌وتبێته ناو خۆراکه‌که‌وه به خێرا نقوم کردنه‌که‌ی چاره‌سه‌رێکی خێراش دروست ده‌بێت، چونکه ووتمان ھه‌ڵمژینی به‌کتریا دڵسۆزه‌که به پێی تینی ئیسمۆزیی ده‌بێته مایه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی زۆر به‌رفراوان که وه‌ک خولگه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌تۆم بازنه ده‌کێشێت و بۆ ماوه‌ی دوو میلیمه‌تر کاریگه‌ر ده‌بێت!!
ب- ئه‌و قسه‌یه‌ی دکتۆر یوسف قه‌ره‌زاوی زۆر راسته که له کتێبی «السُّنَنُ النَّبَوِيَّةُ مَصْدَرًا لِلمَعْرفَةِ وَ الحَضَارَة»که‌ی خۆیدا ده‌فه‌رموێ: نابێت فه‌رمووده‌ی نقوم کردنی مێشه‌که به به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و گومان لێکردنه‌وه وه‌رگرین ته‌نھا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ناچێت به ژیریماندا!! چونکه جگه له‌وه‌ی که پابه‌ندین به وه‌رگرتنیه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ره‌که‌مانه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له توێژینه‌وه‌ی زانستیانه‌شه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ره‌فتارێکی ره‌واو حه‌قیقه‌تێکی زانستیه.
ج- فه‌رمووده‌که رێ له ته‌ندروستی باش ناگرێت، رێ له به‌کارھێنانی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ناگرێت، نافه‌رموێ بیگرن و بیخه‌نه ناو خواردنه‌وه یان چێشتتانه‌وه!! ناشفه‌رموێ پووره مێش وه‌کو پووره‌ی ھه‌نگ راگرن! به‌ڵکو ده‌فه‌رموێ: «باڵێکی نه‌خۆشی تێدایه‌و باڵه‌که‌ی تریشی چاره‌سه‌ر». رێ له لێکۆڵینه‌وه‌ی پزیشکان ناگرێت، ئه‌مه‌ش قابیلی موناقه‌شه‌و لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی پزیشکیه، چ ئیشکالێکیش له توێژینه‌وه‌دا ھه‌یه به تایبه‌تی که زانستی ته‌جریبی (ئه‌زموون و تاقی کردنه‌وه) یه‌کێک بووه له سیمای شارستانێتی ئیسلامی! پێغه‌مبه‌ریش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌یه‌وێت ئه‌م جۆره حه‌قیقه‌تانه بدۆزرێنه‌وه‌و بۆ سوودی مرۆڤایه‌تی که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێت، ئه‌مه‌یه که ئه‌و پێش ھه‌زارو چوار سه‌د ساڵ فه‌رموویه‌تی، دیاره ھه‌ر له خۆیه‌وه نه‌دواوه بۆیه قورئان ده‌رھه‌قی ده‌فه‌رموێ: «وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَى * إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى» [النَّجْمَ: ٣-٤]؛ «خۆ له ھه‌واو ھه‌وه‌سی خۆیه‌وه نادوێت، ئه‌مه وه‌حیه‌و بۆی ھاتووه». ئه‌مه ھاندانه بۆ به دواداچوون و سۆراخکردن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ھۆکاری نه‌خۆشی و رێی چاره‌سه‌ری، تا زووتر‌و ئاسانترو بگه‌نه ده‌رمانی نه‌خۆشان!
[2]. هه‌مان سه‌رچاوه: ٣٣٢٠.
[3]. أَبُودَاوُد: ٣٨٤٤؛ شێخی ئه‌لبانی به سه‌حيحی ناساندووه.
[4]. بُخَاري: ٣١٦٧؛ ابْنُ حِبَّان: ١٢٦٣؛ الدَّارِمِيّ: ٢٠٢٦.
[5]. أَحْمَدُ: ١١٦٦١؛ ابن مَاجَهْ: ٣٥٠٤؛ شێخی ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێت سه‌حیحه (صَحِيحُ الجَامِع: ٤٢٣٤).