ئایا پاک‌کردنه‌وه ھه‌ر ده‌بێت به ئاو بێت یان به شله‌مه‌نی دیکه‌ش ده‌بێت؟ رای شه‌رعناسان له‌مه‌دا جوێیه:
یه‌که‌م- ئه‌و زانایانه‌ی ده‌فه‌رموون پاک‌کردنه‌وه ھه‌ر ده‌بێت به ئاو بێت:
ده‌فه‌رموون ھه‌ر که‌سێک غه‌یری ئاوی پێ راست بێت ده‌بێت به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر بھێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش رای زانراوی ئیمامی مالیک و ئه‌حمه‌ده‌و رای نوێی ئیمامی شافیعیش ھه‌ر وایه، شه‌وکانی و ئه‌وانه‌ی ھاوڕای ئه‌ون[1] ئه‌م رایه‌یان په‌سه‌ند کردووه. به‌ڵگه‌شیان:
١- فه‌رمایشته‌که‌ی خوای گه‌وره‌یه که ده‌فه‌رموێ: «وَيُنَزِّلُ عَلَيْكُم مِّن السَّمَاء مَاء لِّيُطَهِّرَكُم بِهِ» [الأَنْفَالِ:١١]؛ «خوای گه‌وره‌یه که له ئاسمانه‌وه ئاو ده‌بارێنێت تا پاکتان کاته‌وه پێی». ھه‌روه‌ھا ئایه‌ته‌کانی دیکه‌ش که له‌سه‌ر پاکژی ئاوی بارانن ھه‌ر به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ن.
٢- فه‌رمانه‌که‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که له ره‌فتاری کابرای ئه‌عرابیدا که له مزگه‌وته‌که‌دا میزی کرد فه‌رموی ئاو بێنن و بیکه‌ن به جێ میزه‌که‌یدا.[2] ئه‌و زانایانه فه‌رموویانه ئه‌وه فه‌رمان بووه، فه‌رمانیش بۆ واجب بوونه، فه‌رمانی لابردنی پیسیه‌که‌ی به غه‌یری ئاو نه‌کردووه!
٣- فه‌رمووده‌که‌ی لای ئه‌بو سه‌عله‌به که فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمانیدا که قاپی ئه‌ھلی کیتاب به ئاو بشۆرێته‌وه.[3]
٤- شه‌وکانی ده‌فه‌رموێ: «ئاو ئه‌سڵی پاک‌کردنه‌وه‌ی پیسییه، چونکه شه‌رع باسی لێوه کردووه که پاکه‌و پاک‌که‌ره‌وه‌یه؛ بۆیه ناشێت شله‌یه‌کی تر به‌کاربھێنرێت مه‌گه‌ر به به‌ڵگه‌یه‌کی تری شه‌رعی، ده‌نا نابێت، چونکه لادانه له زانراوێک که پاک‌که‌ره‌وه‌یه بۆ نه‌زانراوێک که ئایا پاک‌که‌ره‌وه‌یه یان نا؟ ئه‌مه‌ش لادانه له ئاسانکاریه‌کانی شه‌رع».
دووه‌م- ئه‌و زانایانه‌ی پێیان وایه پاک‌کردنه‌وه مه‌رج نیه ھه‌ر به ئاو بێت:
ئه‌مه‌ش مه‌زھه‌بی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه‌و ریوایه‌تێکی ئیمامی مالیک و ئیمام ئه‌حمه‌دو قه‌ولی قه‌دیمی ئیمامی شافیعی ورای ئیمامی ئیبنوحه‌زم و شێخولئیسلام ئیبنوته‌یمییه‌و ئیبنوعوسێمینیشه.[4] به‌ڵگه‌کانیان"
١- ئاو که پاک و پاک‌که‌ره‌ویه رێ له‌وه ناگرێت شله‌ی دیکه‌ش ھه‌بێت که ھه‌مان وه‌سفی ھه‌بێت، چونکه له‌وانه‌یه ھۆ کاریگه‌ره‌که شتێکی تر بێت، ئه‌مه‌ش له مه‌سه‌له‌ی پیسێتیدا دیاره.[5] ئاشکرایه که ھه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی شله‌و تۆزی سه‌ناعی تاقیم کردن ھه‌یه له ئاویش باشتر پیسی راده‌دات و پاکژ ده‌کاته‌وه.
٢- شه‌رع له ھه‌ندێک بابه‌تدا فه‌رمانی کردووه که پیسێتی به ئاو لا بدرێت، ئه‌مه‌ش حوکمێکی گشتی نیه بۆ ھه‌موو پاک‌کردنه‌وه‌یه‌ک.
٣- شه‌رع رێی داوه ھه‌ندێک پیسی به غه‌یری ئاو پاک بکرێته‌وه، وه‌کو تارات گرتن و خۆ پاک‌کردنه‌وه له میزو پیسایی به به‌رد، یان پاک‌کردنه‌وه‌ی نه‌عل به خۆڵ، یان پاک‌کردنه‌وه‌ی داوێنی پۆشاک به زه‌وی وه ھه‌روه‌ھا... .
٤- لابردنی پیسی له لایه‌نی فه‌رمانه‌وه نیه، به‌ڵکو له لایه‌نی خۆلادانه له رێپێنه‌دراو، به ھه‌ر ھۆیه‌ک ئه‌نجام بدرێت حوکمه شه‌رعیه‌که‌ی پێ ده‌چه‌سپێت. لابردنی پیسی نیه‌تی ناوێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر موسوڵمانێک به نیه‌تی خواویستی لایبرد پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. ئه‌مما ئه‌گه‌ر پیسییه‌که ھه‌ر له خۆوه لاچوو بێ ئه‌وه‌ی نیه‌تی ئه‌و و ره‌نجی ئه‌وی تێدا بووبێت پیسیه‌که لاچووه‌و ئه‌ویش پاداشت و سزای له‌سه‌ر نابێت. بۆ نموونه موسوڵمانان له‌سه‌ر ئه‌وه رێکن که ئه‌گه‌ر شه‌راب له خۆوه بوو به سرکه پاک ده‌بێته‌وه (ئه‌مه لای ئه‌وانه‌ی که شه‌رابیان پێ پیسه).
ئه‌وه‌ی پێم په‌سه‌ندتره ئه‌وه‌یه که پیسی ئه‌گه‌ر به غه‌یری ئاو پاک کرایه‌وه حوکمه‌که‌ی پاک بوونه‌وه‌یه‌و ته‌واوه؛ چونکه به‌ڵگه‌کانی ئه‌م بۆچوونه به‌هێزترن.
باسی سێیه‌م
چه‌ند خاڵێکی به‌سوود
١- ئه‌گه‌ر که‌سێک پیسایی به پۆشاکیه‌وه بوو، توانی به که‌ره‌سته‌یه‌کی پاک‌که‌ره‌وه‌ی سه‌ناعی لایدات ئه‌وه حوکمی پاکی وه‌رگرتووه‌و مه‌رج نیه دوای ئه‌وه ھه‌ر به ئاو بیشوات.
٢- ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: ناشێت خۆراک و خواردنه‌وه بۆ لادانی پیسی به‌کار بھێنێت چونکه ئیسراف و پاره به فیڕۆدانه.[6]
٣- ئه‌و پیسییانه‌ی به که‌ره‌سته‌ی تری جگه له ئاو پاک ده‌بنه‌وه پیسی حه‌قیقه‌تن و به له‌ش و پۆشاک و جێگاوه‌ن، ئه‌گینا پاک بوونه‌وه له پیسی حوکمی واتایی (غوسڵ ده‌رکردن له له‌ش‌پیسی) ھه‌ر ده‌بێ به ئاو بێت، چونکه غه‌یری ئاو ئه‌و حوکمه‌ی پێ جێبه‌جێ ناکرێت.
[1]. بِدَايَة المُجْتَهِد: ١/٩٩؛ الشَّافِعِي، الأُمُ: ١/٤٩؛ الشَوكَانِي، السَّيْلُ الجَرَّارُ: ١/٤٩.
[2]. بُخَاري: ٦٠٢٥؛ مُسْلِم: ٢٨٤.
[3]. بُخَاري: ٥١٧٠؛ مُسْلِم: ١٩٣٠.
[4]. الکَاسَانِي، البَدَائِعُ: ١/٨٣؛ ابن الهَمَام، فَتْحُ القَدِير: ١/٢٠٠؛ ابن تَيْمِيَةَ، مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ٢١/٤٧٥؛ ابن حَزْم، المُحَلّىٰ: ١/٩٢-٩٤؛ ابن عُثَيمِين، الشَّرْحُ المُمْتِعُ: ١/٣٦١-٣٦٣.
[5]. الشَّرْحُ المُمْتِعُ: ١/٣٦٢.
[6]. مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ٢١/٤٧٥.