باسی پێنجه‌م
نیه‌ت وه‌کوو مه‌رجی ده‌ستنوێژ
ئیمامی مالیک و شافیعی و ئهحمهدو ئه‌بوسه‌ورو داوود ده‌فه‌رموون: بۆ راستی و دروستی ده‌ستنوێژ نیه‌ت مه‌رجه.[1] نییه‌ت ویست و ئیراده‌ی دڵه که خاوه‌نه‌که‌ی نیازی وایه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌م خواپه‌رستیه بھێنێته دی که ده‌ستنوێژ گرتنه، چونکه ئه‌مه له ھه‌موو خواپهرستیهکدا داواکراوه، وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَمَا أُمِرُوا إِلاَّ لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَاء» [الْبيْنَةَ: ٥]؛ «فه‌رمانی ئه‌وه‌یان پێ‌درابوو که ته‌نھا خوای پاک و تاک به سه‌رڕاستانه بپه‌رستن».
پێغه‌مبه‌ری پێشه‌واش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌فه‌رموێ: «إِنَّمَا الأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ وَإِنَّمَا لِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى»[2]؛ «ھه‌موو کرده‌وه‌یه‌ک به پێی نیه‌ته، نیه‌تی ھه‌رکه‌س چۆن بوو، ھه‌ر ئاوای به‌رده‌که‌وێت».[3] به‌ڵام ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه نیه‌ت ناکاته مه‌رجی نوێژ،[4] چونکه به لایه‌وه ده‌ستنوێژ خواپهرستیهکه به ژیریی په‌ی پێ براوه‌و خۆی له خۆیدا مه‌به‌ست نیه، ھه‌ر وه‌کو تارات گرتنه‌که وایه.
بۆچوونی جمھور راستتره،چونکه ده‌قه پیرۆزه‌کان له‌سه‌ر چه‌سپاندنی پاداشتی ھه‌موو دهستنوێژێکن، رای زانایانیش له‌سه‌ر ئه‌وه کۆیه که پاداشت بۆ کارێکه که نیه‌تی خواوویستی تێدابووبێت. ھه‌ر کارێکیش که نیه‌تی خواوویستی تێدا بێت ده‌بێته خواپه‌رستی.[5] پێویسته ئه‌و خاڵه‌ش روون که‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر چه‌ند ھۆکارێکی ده‌ستنوێژ شکان روو بدات، نیه‌تی لابردنی بێ دهستنوێژیهکه بۆ ھه‌موویان به‌سه. بۆ نموونه که‌سێک میزی کرد، پاشان پیسایی کرد، پاشان خه‌وت، ئه‌مه ھه‌ر سێکیان ھۆکاری ده‌ستنوێژ شکانن، ئه‌گه‌ر ویستی ده‌ستنوێژ له یه‌کێکیان بگرێت، ده‌ستنوێژه‌که‌ی بۆ ھه‌ر سێ ھۆکاره‌که‌یه؛ چونکه با ھۆکاره‌کانیش
جودا بن، به‌ڵام ده‌ستنوێژه‌که قه‌ره‌بووی ھه‌ر سێکیان ده‌کاته‌وه.[6]
بابه‌تی یه‌که‌م
نیه‌ت ھێنان له دڵدایه
ئیمامی ئیبنوته‌یمییه - رَحِمَه اللّه- ده‌فه‌رموێ: ھه‌موو پێشه‌وایانی شه‌رع له‌سه‌ر ئه‌وه رێکن که شوێنی نیه‌ت دڵه‌و به زوبان ھیچی بۆ ناوترێت، ئه‌مه‌ش بۆ ھه‌موو خواپه‌رستیه‌کان وه‌کو یه‌که، بۆ نوێژ‌و زه‌کات و رۆژوو حه‌ج و ئازادکردنی کۆیله‌و جیھاد‌و ئه‌وانی تریش.[7]
که‌وابوو نیه‌ت به له‌فز ناوترێت و ھه‌رکه‌سێک به له‌فزو به ده‌نگی به‌رز وتی، بیدعه‌یه‌کی داھێناوه‌و سه‌ری له خه‌ڵکی تر شێواندووه. بۆیه ھه‌ندێک له شه‌رعناسان فه‌رموویانه: ھه‌ر که‌سێک راھاتبێت که به له‌فز بیڵێت ده‌بێت پێی بوترێت که وازی لێبھێنێت، ئه‌گه‌ر ھه‌ر به‌رده‌وام بوو ده‌بێ سزا بدرێت تا ته‌رکی ده‌کات، چونکه ئه‌وی به ده‌نگی به‌رز نیه‌ت ده‌ھێنێت کاری خراپه ده‌کات. ئه‌گه‌ر له رووی دینیشه‌وه وا بزانێت ئه‌مه جائیزه، ئه‌وه خاوه‌ن بیدعه‌یه. پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) و یاوه‌رانی که‌سیان نیه‌تیان به له‌فزی زمان نه‌ھێناوه‌و ھیچ ریوایهتێکیان لێوه نهگێڕراوهتهوه بسه‌لمێنێت که تاکه که‌سێکیشیان نیه‌تی به زوبان ھێنابێت. ئه‌گه‌ر ره‌فتارێکی جائیز بوایه ھه‌ر ده‌بوو پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) روونی بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر روونیشی بکردایاته‌وه حه‌تمه‌ن له یاوه‌رێکی به‌ڕێزه‌وه به موسوڵمانانی دیکه ده‌گه‌یشت. بۆیه قه‌وله‌که‌ی ئیمامی ئیبنولقه‌ییم له جێی خۆیدایه که ده‌فه‌رموێ: که‌س پێویستی به‌وه نیه به له‌فز نیه‌تی خواپه‌رستیه‌کان بھێنێت.[8]
ئه‌مه نیه‌تی ده‌ستنوێژو نوێژ‌و رۆژوو خواپهرستیهکانی تریشه که له مزگه‌وتی کورده‌واریدا له ره‌مه‌زاندا ھاواری بۆ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: نیه‌تی رۆژووی سبه‌ینێ به فه‌رز بھێنن، ئینجا ھه‌ر که‌س به ده‌نگی به‌رز نیه‌تی رۆژووبوونی سبه‌ینێی ده‌ھێنێت!
بابه‌تی دووه‌م
له‌فزی پێچه‌وانه‌ی نیه‌تی دڵ
ھه‌رچه‌نده نیه‌ت ھێنان به له‌فزی زوبان بیدعه‌یه به‌ڵام رێ له‌وه ناگرێت ھه‌ندێک حوکمی شه‌رعی له‌سه‌ری روون که‌ینه‌وه:
١- ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ:[9] ئه‌گه‌ر که‌سێک به زوبان نیه‌تێکی غه‌یری ئه‌وه‌ی دڵی ھێنا، حوکمی شه‌رعی له‌سه‌ر ویستی دڵێتی نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به زوبان وتوێتی. وه‌کو ئه‌وه‌ی نیازی وایه نوێژی عیشا بکات به‌ڵام به له‌فزی زوبان وتی: نیه‌تمه دوو رکاتی نوێژی وتر ده‌که‌م.
٢- ئه‌گه‌ر به له‌فزی زوبان نیه‌تی خواپه‌رستییه‌کی ھێنا به‌ڵام له ناخیدا نیازی نه‌بوو بیکات حوکم له‌سه‌ر نیازه‌که‌ی دڵی ده‌بێت نه‌ک له‌سه‌ر له‌فزه‌که‌ی که وتوێتی. چونکه نیه‌تی دڵ له توخمی ویست و ئیراده‌یه.[10]
[1]. ابن رُشْد، بِدَايَة المُجْتَهِدُ: ١/٦؛ المَجْمُوع: ١/٢٧٤؛ ابن عَبدُالبَر، التمهيد: ٢٢/١٠٠.
مه‌رج: بریتیه له هۆکارێک که ئه‌گه‌ر نه‌هاته دی مه‌رج لهسهركراوهکهشی نایاته دی، مه‌رج پێش مهرجكراوهکهیه، بۆ نموونه ده‌ستنوێژ مه‌رجی نوێژه، ئه‌گه‌ر که‌سێک ده‌ستنوێژی نه‌بوو، نوێژیش بكات لێی قبووڵ ناكرێت و وه‌ک ئه‌وه‌یه که نه‌یكردبێت.
[2]. بُخَاري: ١؛ مُسْلِم: ١٩٠٧.
[3]. بِدَايَة المُجْتَهِد: ١/٦؛ المَجْمُوعُ: ١/٣٧٤؛ التَّمْهِيدُ: ٢٢/١٠٠.
[4]. بدائع الصَّنَائِعِ: ١/١٩.
[5]. ابن مُفْلِحْ، الفُرُوع: ١/٢٤٣.
[6]. النَّوَوِيّ، المَجْمُوع: ١/٣٨٥؛ ابن عُثَيمِين، الشَّرْحُ المُمْتِعُ: ١/١٦٥.
[7]. ابن تَيْمِيَّة، مَجْمُوعَةُ الرَّسَائِلِ الكُبْرَى: ١/٢٤٣.
[8]. اِبْنُ القَيِّم له هه‌ر سێ كتێبی: زَادُ المِعَاد: ١/١٩٦؛ إِغَاثَةُ اللَّهْفَان: ١/١٣٤؛ بَدَائِعُ الفَوَائِدِ: ٣/١٨٦؛ ابن مُفْلِحْ، الفُرُوع: ١/١١١؛ ابن عُثَيمِين، الشَّرْحُ المُمْتِعُ: ١/١٥٩.
[9]. ئیبنوته‌یمییه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت زۆر شێوه‌ی ئه‌م راجوێییه‌ی نێوان زانایانی له كتێبی «مجموع الفتاوی: ١/٣٨٥) باس كردووه.
[10]. ابن تَيْمِيَة، مَجْمُوعَةُ الرَّسَائِلِ الكُبْرَى: ١/٢٤٣.