پاکژی چوار پله‌یه؛ له خواره‌وه باس له‌م پلانه ده‌که‌ین:
١- پاکردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه له ھه‌موو پیسییه‌کی به‌رجه‌سته‌یی (ماددی) و واتایی (مه‌عنه‌وی).
٢- پاکردنه‌وه‌ی ره‌فتارو ره‌وشت له گوناح و تاوان.
٣- پاکردنه‌وه‌ی دڵ و ده‌روون له ھه‌ر جۆره حه‌زی خوارو خێچێک.
٤- پاکردنه‌وه‌ی نییه‌ت له غه‌یری خواویستی.
ئه‌وانه‌ی بۆ خوا سوڵحاوو ئیراده به‌ھێزن ھه‌ست به ھه‌ر چواری ده‌که‌ن و له مه‌یدانی ململانێی شه‌یتان و نه‌فسدان و روویان له سه‌رکه‌وتنه، ئه‌مما ئه‌وانه‌ی کورتبینن ته‌نھا دیارده‌و رواڵه‌ت ده‌بینن؛ یه‌عنی ھه‌ر پله‌ی یه‌که‌می ئه‌م پاکژییانه! هه‌ندێکیش ته‌نانه‌ت ئه‌م پله‌یه‌ش به ته‌واوی نابینن و ته‌نها لایه‌نێکی به‌دی ده‌که‌ن!
ئه‌وی له بواری فیقهدا باسی ده‌کرێت پاکژی شه‌رعییه (پله‌ی یه‌که‌م) که زانایان کردوویانه به دوو به‌شه‌وه:
١- پاکژی واتایی (حوکمی): بریتیه له پاک‌بوون له جه‌نابه‌ت (له‌شپیسی) و نه‌بوونی ده‌سنوێژ یان ته‌یه‌مموم.
٢- پاکژی به‌رجه‌سته (حه‌قیقی): واته پاک‌بوون له پیسی به‌رجه‌سته‌و دیار. ئه‌مه‌ش له جه‌سته‌و پۆشاک و جێگادایه.
باشتر وایه ئێمه‌ش وه‌کو ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی زۆرینه‌ی شه‌رعناسان بۆ باسه فیقھیه‌کان کردوویانه باس به باس بێینه سه‌ر بابه‌ته‌کانی پاکژی که به جۆره‌کانی ئاو ده‌ست پێ ده‌کات.