X

گەڕان




دیدارەکان

دیداری زادی له‌گه‌ڵ مامۆستا كرێكار

12/12/2022 10:54:22 PM   |    :بینراو

چاوپێکەوتنی زادی لەگەڵ مامۆستا کرێکار

مامۆستا كرێكار: زانايان لە ئیسلامدا مەرجەعییەتی ئاڕاستەکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەن..

چاوپێکەوتنی زادی لەگەڵ جەنابی مامۆستا کرێکار

 

زادی لە ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕەکەیدا بۆ یەکەم جار چاوپێکەوتنێك لە خزمەت جەنابی مامۆستا کرێکار، دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی دەخاتە خزمەتی خوێندکاران و خوێنەرانی بەڕێزی، تا هەر بەڕێزێك هاوچەشنی ئەم پرسیارانەی لاگەڵالە بووە، وەڵامەکەی لەماڵپەڕی خزمەتی زانست و زانستخوازاندا وەرگرێت.

زادی: له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵی زیندانیتاندا. به‌رهه‌می زانستی شه‌رعی مامۆستا كرێكار بۆ موسڵمانان و فێرخوازانی شه‌رع چیه‌.؟ 

مامۆستا كرێكار:

بسم اللە الرحمن الرحیم

الحمدللە والصلاة والسلام علی رسول اللە وعلی آلە وصحبە ومن والاه. اما بعد..

   زۆر لە کۆنەوە حەزم لە نووسینی تەفسیر بوو. بەڵام بارودۆخی دادگاو زیندانی کردنەکانی سەرەتا(٢٠٠٢ تا ٢٠٠٨) ئەو پرۆژەیەی پێ دوور دەخستمەوە. کە لە (٢٠٠٧)دا بڕیاری دەرکردنم لەم ووڵاتە درا، وام دانا کە ئیتـر ئەوەم پێ نایاتە دیی.. پرسیارم لە پارێزەرەکانم کرد کە ئەم دەرکردنە کەی دەکرێتە عەمەلیـی؟ ووتیان تا عێـراق دەبێتە ووڵاتێکی دیموکراسی! ووتم جا ئەوە مەحاڵە! دوو سێ ئەوەندەی تەمەنی منیش بڕوات تۆوەکەی ناڕوێنرێت. کەوابوو زاهیـرەن لێـرە دەمێنمەوە! ئەو کاتە ئومێدی نووسینی تەفسیرەکەم لا گەشایەوە، بەڵام کە پێش زیندانی ئەم چوار ساڵەی دوایی کتێـبی نوێژەکەم نووسیی هەر دەبوو تەواوکردنی ئەویان بخەمە پێش، بۆیە لە هەفتەکانی یەکەمەوە لە زیندان کەوتمە نووسینی باسی نوێژو پاشان زەکات و رۆژوو و حەج و ناچار کەوتمە ناو پرۆژەیەکی ترەوە کە نووسینی (مەوسووعە)یەکی بەرفراوانی ئەحکامەکانی شەرعە، کە لەوانەیە بە یارمەتی خوای گەورە ( ١٤) بەرگی گەورەی وەکو نوێژەکە دەرچێت..

 

لە لایەکی تریشەوە بە یارمەتی خوای گەورە خەریکی نووسینی بەرنامەیەکی تۆکمەی خوێندنی شەرعی بووم، تا خوێندنەکەی پەیمانگای ئیبنوتەیمییەمان (کە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتە )بەرفراوان بکەین. بۆ ئەمەش کتێـبی سێ قۆناغی دوا ناوەندییم نووسی، کە خوێندکار دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی بڕوانامەی (چالاکوانی ئیسلامی) وەردەگرێت. ئینجا کتێبـی دوو قۆناغی پەیمانگایەکم نووسی ، کە خوێندکار دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی بڕوانامەی (شارەزای ئیسلامی) وەردەگرێت، ئومێدەوارم کتێبەکانی دوو قۆناغی تری تایبەتمەندیی (تەخەسسوس)یشی بۆ بنووسم، کە خوێندکار دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی بڕوانامەی (پسپۆڕی ئیسلامی) وەردەگرێت.

زادی: جه‌نابتان له‌ پێشه‌كی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌تان دا ئاماژتان به‌ دوو خالی پرۆژه‌ كرد له‌مانگی ره‌مه‌زاندا. كه‌ به‌ندایه‌تی و زانستی شه‌رع بوون. گرنگی خاڵی دووه‌م بۆ ئه‌مرۆی موسڵمانان له‌چی دایه‌؟

مامۆستا كرێكار: من دوای ئەم ئەزمونەی تەمەن (٦٠ ساڵم) و بەرفراوانبوونی رۆشنبیرییم (زیاتر لە پێنج هەزار کتێبم - لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەی دواییمدا - خوێندۆتەوە والحمدللە) هەروەها  شیکاری ووردەکارانەم بۆ واقیعـی مێـژووی نوێی کوردرستان، بۆم دەرکەوت کە نەوەی تەمەنی من و دوو تەمەنی تری دوای منیش (زیاتر لە پەنجا ساڵ ) دوو روکـنی سەرەکیی پێکهاتەی کەسایەتی ئیسلامیمان نوقسان بووە:

یەکەمیان لایەنی عەقیدە.

دووەمیان لایەنی عیلمی شەرعی..

   یەکەمیان لەبەر ئەوە بوو کە ئیخوان (یەکگرتووی ئێستاش) هیچ بایەخیان بە لایەنی عەقیدە نەدا، بە تایبەتی وەلاء و بەراء، بۆیە زۆر ئاسایی دەبوونە سەربازی بەعس و ئێستاش پێیان زۆر ئاساییە بەرەی پارتی و یەکێتـی بەرامبەر تەنزیمـی دەولە بە بەرەی شەرعیی بزانن (چ هەڵوێستی رەسمی حزبەکە چ هەڵوێستی کەسانی وەکو مامۆستا سەید ئەحمەد ( قسەکانی لە خزمەت پێشمەرگەکاندا لە بەرەکانی شەڕ) یان وازهێنان لە حزبەکەیان و چوونە ناو پارتێکی عەلەمانیی! وەکو دکتۆر یوسف محمد و چوونە ناو بزوتنەوەی گۆڕان. یان مامۆستا عبدالرحمان صديق و خزمەتی ئەو لایەنە موخابەراتییەی وەلائی خۆیی داوەتێ! ئەمە ئەنجامی شلگرتنی عەقیدەکەو یەقکردنەوەی ئیمانە. کە سەیید قوتبی رەحمەتی پـێی دەفەرموێ: (تەمییـعی عەقائیدیی) و بەرەڵایی ئیمانی! ئەمە ئەنجامی سروشتی پەروەردە بوونە فیکرییەکەیە کە لەسەر حسابی پاکێتێ عەقیدەکە بوو، ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ ئاوا رۆیشتین! ئەوەش بەرهەمەکەی بوو!

   دووەم نوقسانیمان: نەبوونی عیلـمی شەرعی بوو. دیسان ماوەی زیاتر لە شەست ساڵە مەلای کورد هەقـی بەسەر فێـر کردن و کتێب دانانەوە نەماوە. خوێندنی حوجرە کە چەقبەستوو مابۆوە نەیتوانی بەری مۆنجـی عەلەمانییەتی کوردی بگرێت. هەر لە پاشەکشەدابوو، هەتا ئەمیش وەکو کڵێسای رۆژئاوا پووکایەوەو رۆڵی نەماو کەوتە لاوە.. ئەم دوو کەلێنە بوو، رێگای بۆ مەدخەلیەکانی سعوودیە کردەوە. ئاوا مەدخەلییەکان (کە مورجیئەن و لەسەر دینـی ملوکن)بە تەوحیدە نوقسانەکەی شێخ محمد بن عبدالوهاب رحمەاللە و فیقهـی حەنبەلی سعوودیی کەلێنەکەیان پڕ کردەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی شکستخواردووی کوردایەتی بواری تەواویان بۆ رەخساندن و ئازادیی تەواویان بۆ مەیسەر کردن، چونکە مەدخەلییەکان بێ بەزەییانە لە هەموو ئیسلامییەکانیان دەداو دەسەڵاتی عەلەمانیەتی کوفری کوردییان دەشەرعاند.. باوەڕیشیان بە فرە دیدیی ئیسلامی نەبووەو نییە.. چونکە وەهابییەکان -کە سەرچاوەی دیدو رێی ئەمانن - هەموو موخالیفینی خۆیان کوشت کە هەر ئەهـلی ئیسلام بوون، لەوانە شێخ عەبدواللەی زەواویی موفتی گەورەی شافیعییەکان لە مەککە! ئەمانیش لە دیدیاندا موسامەحە نییە> شوکرانەی خوامان لەسەرە کە بێ چەکن.. مەرجەعییەتی ئەمان و تەنزیمـی دەولە، یەکە. سەرچاوەی دیدو تێڕوانیـنی مەدخەلیەکان  زانایانی رەسمی ئێستای سعوودیەکانەو سەرچاوەی دیدو تێڕوانینـی تەنزیـمی دەولە هەر شێخ محمد بن عەبدولوەهاب و ئەولادو ئەحفادەکانی و زانایانی نەجدە (تا پێش دروستبوونی دەوڵەتی سعودییە). یان روونـتر بڵێم بزاوتی وەهابیەکان دوو باڵ بوون:

- سیاسییەکانی ئال سعوود، کە تا ئێستاش حوکم هەر بەدەست ئەوانەوەیە. مەدخەلیەکان لە هەر کوێ بن سەر بەم باڵەن.

 

-  باڵی فەیسەڵ الدوێش کە سعوودییەکان . دوای بەگەڕخستنی ووزەیان ئەمیرەکەیانیان کوشت و کەناریاندان! تەنزیمـی دەولە سەر بەم باڵەی بزاوتی وەهابییەکانە، ئەمانەی کە پێیان دەوترا ئیخوان. کە لە ١٩٧٩ دا جوهەیمانولعوتێبی رحمە اللە بزاوتێکی چەکدارانەی نابەرابەری دژی ئال سعوودو دەسەڵاتیان ئەنجامداو تیێدا کوژرا.. ئەمە بەدواداچوونێکی قووڵتری دەوێت.. با لێی گەڕێین.

   بە هەر حاڵ ئەوەی ئێستا نەوەی نوێی ئیسلامییانی کوردستان پێویستی پێیەتی وەرگرتـنی عەقیدەی سەلەفە بە دیدیی راستەقینەی سەلەف، لەگەڵ بایەخدان بە زانستی شەرعی لە سەرچاوە سەرەکیەکانیەوە کە قورئان و سوننەتن، بەڵام بە هەموو ئەحکامەکانی عەقیدەو پەرستن و مامەڵەو دەستوورو حوکم و داوەرییەوە. 

زادی: به‌ڕێزت (وه‌كو له‌ وتاره‌كانتان ده‌رئه‌كه‌وێ) له‌زه‌مانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیشدا گرنگیه‌كی زۆرتان ئه‌دا به‌ دروستكردن و په‌روه‌رده‌كردن و پێكه‌ونانی ليژنه‌یه‌ك بۆ زانایان. ئه‌مه‌ له‌ پێناو چ ئامانجێك بوو؟

مامۆستا كرێكار: زانا لە ئیسلامدا مەرجەعییەتی ئاڕاستەکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەن.. چاوت لەوە نەبێت کە ئێستا مەلاو مەلایەتـیی سووک بووە. ئەسڵ ئەوەیە کە زانایانی ئیسلام میراتگریی وەحی پێغەمبەرانن علیهم السلام. ئەمەش یەعـنی ملکەچبوونی هەمووان (کاربەدەستان و رەعییەتەکە) بۆیان. بەڵام کوا مەرجەعییەتی ئێمەی ئەهلـی سوننەت و جەماعەت؟! ئایا مەلاکانن کە مووچەخۆری پارتی و یەکێتین؟ یان سەر ڕووتە فیکرییەکانن؟ کە پاشکۆی دیدو هەڵوێستی پارتی و یەکێتـی و ئیحتیلال و ئـێرانن!! هیچیان مەرجەع نین.. بەڵام مەترووکەش نین.. یەکێک لە فەزڵی خوای گەورە لەسەرمان ئەوەیە کە مەنهەجی ئەهـلی سوننەت و جەماعەت نوسراوەتەوەو (على أصوله المستقرة) ماوەتەوە. ئەگەر نا حاکمی مونحەریف و زانای پاشکۆ و سیاسەتچی "ئیسلامی" دەمێک بوو رێساکانیان بەسەر یەکەوە نەدەهێشت..

   بەڵێ راستە لە زەمانی بزوتنەوەو پێش بزوتنەوەشمدا باسی ئەم دەلاقە گەورەیەم دەکرد کە لە دیدو ڕێی ئەهـلی سوننەتدا دروست بووە. بە تایبەتی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەورەی ئێـران و دەرکەوتـنی کاریگەریی مەرجەعییەتی ئایەتواللەکانی شیعە. منیش وەکو هەر کەسێکی تری دیندار خەفەتم بۆ ئەم زیانە گەورەیە دەخوارد کە لێمان کەوتووە، کە دیارە لە دوای نەمانی دەوڵەتی عوسمانییەوە زۆر پەرتەوازەو هەتیوو کەوتین. ئەمە هەر لای من و جەنابت نییە، ئەمە هەستێکی بزربوون و سەرگەردانییە کە ئەهلـی ئیسلام لە هەموو ووڵاتێکی موسوڵماناندا پێوەی موبتەلان و بە خەمیەوەن..

زادی: ئه‌مه‌ به‌چ پرۆژیه‌كه‌وه‌ ئه‌چێته‌ پێش.؟

مامۆستا كرێكار: هەبوونی مەرجەعییەت خۆی پرۆژەی ئوممەتەکەیە، ئەرکێکی گەورەیە.. نابینیت وا شێخ یوسف قەرەزاویی و زانایانی ئیخوان و نزیک لە ئیخوان هەوڵی بۆ دەدەن.. یان زانا سەربەخۆکانی ووڵاتی حەرەمەین. حکومەتە رەزاقورسەکانیش هەموویان بۆ دروست نەبوونی ئەم مەرجەعییەتە، زانای سەر بە خۆیانیان دروست کردووەو پارەیان بۆ هەڵڕشتوون. وەکو کە لە کورستانیش (ئیتتیحادولعولەمایان دروست کردووە) ..

   پرۆژەی وا بۆ ئێستای کوردستان زووە.. ئیسلامییەکانی کوردستان لەسەر دەرسێکی تەجوید رێناکەون ئیتــر ئەو هەورازە چۆن دەگرنە بەر؟!

زادی:  ئێستا له‌ كوردستان هه‌ست پێ ده‌كرێ سیاسه‌تێك له‌ دواوه‌ی فه‌توا شه‌رعیه‌كان هه‌یه‌ و هیچ فه‌توایه‌ك نیه‌ سیاسیه‌كان ئاراسته‌ بكات. ئه‌مه‌ هۆی نه‌بوونی عیلم. یا. ته‌قوا یان جورئه‌ته‌.؟

مامۆستا كرێكار: نەبوونی فەتوا وەک جەنابتان دەڵێن - یان زانا وەکو من دەڵێم - کە سیاسییەکان ئاڕاستە بکات وجودی نییە. هۆی ئەمە هە ر نەمانی ئەو مەرجەعییەتەیە.. زانای خواناس هەیە بەڵام دەڵێ من دەرەقەتی واقیعەکە نایەم. بۆیە تاک کەسانە ئەدای بەرپرسێتی خۆی دەکات.. مەلای ئازاش هەیە بەڵام پشتی چۆڵە‌! مەلای هەڵەپاسیش زۆرن کە دەمێکە وەکو عارەب دەڵێ:(بائع و مخلص) دینەکەی فرۆشتووەو لێبۆتەوە. لە ناو ئێمەی کورددا دەمێکە ئەوە نەماوە سیاسەتمەدار گوێ لە زانای دیـنی بگرێت، چونکە شۆڕشە نوێکانی کورد، عەلەمانییەکان سەرکردایەتییان کردووەو فـێریش کراون کە دەبێت مەلا تابیعیان بن! مەلاشیان زۆر دەسکەوتووە کە ئەو رۆڵەیان بۆ ببینێت.. هەر ئەمەشە وای کردووە فەتوای رەسمی تابیعی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتـی بێت.. بەڵام کێ گوێ لەو فەتوا رەسمیانە دەگرێت؟! خۆ ئەمانە لە ئەزهەر ناودارتر نین و لە مەلا رەسمییەکانی سعوودییەش کاریگەرتر نین.

  گەنجی دینداری کورد دینـی لە مەلا وەرنەگرتووە تا تابیعی بێت. هەموو لەو رابوونەوە وەریانگرتووە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان بە تایبەتی ئیخوان ئاڕاستەوانی بوون. ئیخوان تا ساڵانی حەفتاکان تاکە خاوەن فەزڵە - دوای خوای گەورە - لەو هۆشیاریی و رابوونە ئیسلامییەدا، لەو کاتە بەدواوە سەلەفی و جیهادییش دەرکەوتوون.

زادی: كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستا عه‌مامه‌ پاكه‌كان له‌ وتار دوورخراونه‌ته‌وه‌، هه‌یانه‌ نزیكه‌ی ٢٠ ساڵه‌ وتارێكی جومعه‌ی نه‌خوێنتدۆته‌وه‌، و ئاستیشی گه‌شتووه‌ به‌ دكتۆرا! زۆریشیان هه‌ره‌شه‌ی قورسیان له‌سه‌ره‌. وه‌كو له‌ چه‌ند مانگی رابردوو ته‌قه‌ له‌مامۆستایان كراو په‌لاماری ریشی سپیان درا و لابران. و كه‌سانی ناشایسته‌ خرانه‌ شوێنیان، كێ به‌ر پرسه له‌ كپ كردنی سه‌دای خواویستی.؟‌  ئایا برا ئیسلامییه‌كان به‌رپرسن.؟

مامۆستا كرێكار: ئەوەی دژ بەو مامۆستا جوامێرانە کراوە هەڵوێستی سروشتی ململانێـی کوفرو ئیمانە. خۆ پێغەمبەران سەلامی خوایان لێ بێت لەو زانا عەمامە پاکانەی ئێمە چاکتر بوون، هەموویان ناسۆری زۆریان چێژتووەو کۆسپی زۆریان هێنـراوەتە ڕێ، هەشیانە شەهید کراوە وەکو سەیدنا زەکەرییاو سەیدنا یەحیا.. هۆیەکەی ئەوەیە کە کوفر تەحەممولی دیتـنی حەق ناکات. کوفر دەسەڵاتی موتڵەقی وەکو فیرعەونیشی هەبێت لە خەون و خەیاڵێک دەترسێت کە بووترێت مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەیە.. ئەوەی لە کوردستانییشدا روو دەدات هەر وا لە چوارچێوەی ئەم رێسایەی ململانـێی وجوددا. مەسەلەکە دکتۆراو مکتۆرا نییە.. خۆ مامۆستا شێرزاد لە هەولێـر یان مامۆستا عادل شێخانی لە سلێمانی کە دوور خراونەتەوە لە ووتارو ئیمامەت (کە بە بێ مووچە دەیانکرد) لەبەر ئەوە نەبووە کە نەخوێندەوارن! خۆ مامۆستا عادل دکتۆرای هەیە. هەموو مەلاکانی سەر بە پارتی و یەکێـتی بەحسێکی وەکو دکتۆرانامەکەی ئەویان پێ نانوسرێت، کە لە ئاستێکی زۆر باڵای جیهانیدایە. مامۆستای وا هەیە دووریان خستۆتەوە لە میحرابەکەی هەموو پارلەمانتارەکانی کوردستان بە ئیسلامیەکانیشەوە بە قەدەر ئەو شارەزای (أصول الفقه) نین، کە بریتیە لە فیقـهی دەستووریی..  میسرییەکان نوکتەیەکیان هەیە دەڵێن: دائـیرەی ئەمن دەیویست هەندێک کارمەند تەعین کات، ئیعلانیان بۆ کرد، سەدان کەس هاتن، زۆریان شەهادەی زانکۆکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. سەرۆکی لیژنەکە پێـی ووتن: ئەو کەسەی کە خوێندەوارە بێتە لای راست و ئەوی نەخوێندەوارە بێتە لای چەپ. دوو ریز درووست بوون، بەڵام هەندێ کەس لەو نێوانەدا مابوون! ووتیان ئێوە چین؟ ووتیان نازانین! نازانین کە خوێندەوارین یان نەخوێندەوار! سەرۆکی لیـژنە لە خۆشیاندا هاواری کرد ووتی: ئێ ئێمە ئێوەمان دەوێت. براکەم پارتی و یەکێتیش کۆیلەی ئاوایان دەوێت..

   ئەمما کێ بەرپرسە لەو واقیعە؟‌ ئەوە دەبێت لە سەرانی کۆمەڵ و ئینشیقاقییەکانیان بپرسیت کە بزوتنەوە چەکدارییەکەیان دا بە عەرزا.. ئەو زەمانەی خوای گەورە بە جیهادەکە بە عیززەتی کردبووین ئەو رەفتارە دوژمنکارییانە رووی نەدەدا.

   یەکێـتی سێ برای تەنزیمـیی بزوتنەوەیان لە پێنجوێن گرتبوو، مامۆستا جەلال جەوهەری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکمان کە لە خورماڵ دادەنیشت، چەند پێشمەرگەیەکی خۆی بانگ کردو ووتی بڕۆن لە سەیتەرەکەی سەیدصادق سێ پێشمەرگەی یەکێـتی بگرن و بیانهێنن. چوون و ‌هێنایانن. مامۆستا جەلال پـێی ووتن: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئێوەدا نییە. مەشترسن.. هەواڵی نارد کە تا ئەو برایانەمان لە پێنجوێن ئازاد نەبن ئەمانەی یەکێتـی هەر لێـرە دەبن.. نەگەیشتینە شێوان برایانمان لە پێنجوێن ئازاد کران. ووتیان مامۆستا جەلال جەنابیشت رەهینەکان ئازاد کە. ووتی: نا، با برا گیراوەکانمان بێن و بیانبینم.. ئەوانیش هاتن، مامۆستا جەلال لێـی پرسین کامتان لێتان دراوەو چۆن؟ یەکێکیان ووتی لەگەڵ گرتنمدا قۆناغە تفەنگێکیان داوە بە ناو شانمداو زۆریان جنێو پێداوین، مامۆستا جەلال بە حیمایەیەکی خۆیی ووت هەستە قۆناغە تفەنگێک بە ناوشانی یەکێکیان بکێشەرەوەو لە جنێوەکانیشیان گەردنیان ئازاد بێت، خۆ ئێمە جنێو بە خوشک و دایکی ئەوان نادەینەوە.. ئینجا بە ڕێزەوە برانەوە بۆ سەیتەرەکەی یەکێتی.. ئاو بێنەو دەست بشۆ..

 

زادی: جه‌نابتان له‌ زیندانتاندا داواتان له‌ گه‌نجی كورد كرد كه‌ له‌كوردستان بمێننه‌وه‌و خه‌ریكی زانستی شه‌رعی بن و روو له‌ساحه‌ی جیهادی سووریا نه‌كه‌ن. ئه‌مه‌ هۆی چی بوو.؟

مامۆستا كرێكار: نا ناڵێم روو لە ساحەی سوریا نەکەن، چونکە:

یەکەم: خەڵک ئازادن لە چوونییاندا بۆ ئەوێ بۆ جیهاد کردن دژی رژێـمی بەششارو هاوسەنگەرانی. منیش مافی ئەوەم بەسەر خەڵکیەوە نییە ڕێیان لێ بگرم. بەڵام ووتوومە کە دەچن نەکەونە ململانێـی نێوان کۆمەڵە جیهادییەکانەوە، یان نەکەونە شەڕی بەرهەڵستکارەکانی تری رژێم با عەلەمانیش بن مادام هەموو لایەک دژی رژێم بن. ئێوە یەک رۆحتان هەیە، بزانن چۆن لە پێناوی خوادا بەختی دەکەن.

دووەمیش: چوونە جیهاد لە سوریا کارێکی شەرعییەو نە من نە کەسی تر ناتوانێت رێ لە چوونی موسوڵمانان بگرێت. چونکە زۆر شوێنی ئازادکراوی سوریای ئەمڕۆ جێـی ئیمان و هیجرەت و جیهادە، جێـی داڵدەدان و پشتگیرییە.. ئەم چوونە سوریایە فەرزی عەین نییە لەسەر تاک تاکی موسوڵمانانی کورد. بۆیە ووتوومەو دەڵێم پێویستە گەنجە خواناسەکانمان زیاتر بۆ وەرگرتنـی زانستی شەرعیی لێ بـبڕێن و بایەخی پێبدەن. مەبەستیشم قاڵ و قووڵ بوونەوەیانە نەک شەهادە وەرگرتن، کە زۆر جار دەدرێت بە هەڵگرانی زانیارییەکی سەتحیانە!

 

زادی: ئێستا كه‌خۆتان ئازادن الحمدلله پرۆژه‌تان چیه‌ بۆ گه‌نجی كورد له‌سه‌ر تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی به‌زانسته‌ شه‌رعیه‌كان.؟

مامۆستا كرێكار: پرۆژەی ئێستام لە چەند بازنەیەکدا داڕشتووە:

یەکەم: تەواوکردنی مەوسوعە فیقهییەکە. تا وەک سەرچاوەیەکی حوکمی شەرعی لەبەر دەست رەوتەوانان و مەلا گەنجەکان و داعیەکاندا هەبێت، تا زووتر فێـر ببن و کاتی زۆریان لە دۆزینەوەی حوکمی شەرعیی رەفتارەکاندا لەدەست نەچێت.

دووەم: بە گەڕخستنی قۆناغەکانی ئەو خوێندنەی ئاماژەم پێدا. کە پلانم وایە ئەگەر خوای گەورە یارمەتیم بدات لە مەدای چوار ساڵی داهاتوودا هەموو کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنەکە تەواو ببێت..

زادی: ئەمە چۆن ده‌كرێ به‌ واقیعێكی مه‌یدانی.؟

مامۆستا كرێكار: دوای ئامادەکردنی تەواویی مەنـهەجەکە خوێندنەکە دەست پێدەکاتەوە. خوێندکاری نوێ لە پۆلی یەکەمی ئامادەیی ئامەد وەردەگیرێت. ئەوانەی کە پۆلی یەکەمیان خوێندووەو لە تاقیکردنەوەکاندا دەرچوون ( کە نزیکەی ٨٠ کەسن) دێنە پۆلی دووەم دەخوێنن و ئامادەی تاقیکردنەوەی پۆلی دووەم دەبن. ئەمە هەمووی لەسەر ئینتەرنێت دەبێت. شێوازی تاقیکردنەوەکان لە ئاستێکی زانکۆ نێو دەوڵەتییەکاندایە.. لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەین لە ووڵاتێکی وەکو تورکیا بینای خوێندنەکە لەسەر ئەرز دابمەزرێنین. لە هەوڵیشداین والحمدللە.

زادی: بایەختان بە زانستی شەرعی و  هاندانی گەنجان بەو زانستەوە، هۆکارەکەی نەبوونی داعی بە تواناو کەسانی شارەزایە لەو بوارە، یان بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەموو خیلافات و جەنگ و جیدالەی ناو موسڵمانانە؟

مامۆستا كرێكار: یەکەم بۆ ناسینەوەو جوداکردنەوەی وەحیە خواییەکەیە لە نێوان ئەو هەموو دیدو ڕێ و مەنهەجانەی کە شوێنکەوتووانی هەر یەکەیان دەڵێ: ئەمن هەوم ئەتوو هەڵێ.. وەکو دکتۆر عەلی شەریعەتی نوسیوێتی.. دژوارییەکەش لەوەدایە کەس نایەوێت گوێ لە بەڵگەی بەرامبەرەکانی بگرێت.. پێم وایە هۆکاری ئەمە ئاست کەمیی زانستی شەرعیمانە..

دووەم: بۆ قاڵ و قووڵ بوونەوەمانە لە ئوصولی زانستە شەرعییەکاندا کە یارمەتیمان دەدەن لە تێگەیشتنی دەقەکان و زانینی (مناط التکلیف) واتە ئەو کات و شوێن و خەڵکەی دەقەکەیان بەسەردا دەچەسپێنرێت.. ئێمە لە سەتحێتی ئاستی زانیاری دەوروبەرماندا هەر یەکەمان خۆمان لێ بۆتە ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئەحمەد!

سێیەم: کە تێهەڵکێش دەبێتەوە لەگەڵ خاڵەکانی پێشوودا: بۆ دۆزینەوەی کۆلکە هاوبەشەکانی نێوان ئیسلامییەکانە تا لەسەریان رێکەوین.. دەلاقەی نێوانمان تا دێت گەورەتر دەبێت و موخابەرات و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و ناوچەش ئیش لەسەر ئەمە دەکەن و پوازی زیاتر دەخەنە ناو ریزەکانمانەوە.. ساڵ بە ساڵ پەرتەوازەتر دەبین! خۆ ئێمەی ئیسلامیان و موسوڵمانەکانی تر هەموو لەسەر ئەوە رێکین کە شەراب حەرامە، دەی بۆچی ناتوانین لەسەر بەرهەڵستی ئەم مونکەرە رێکەوین؟!

زادی: تەکفیکردن و فەتوای کوشتن و خۆ پەسەندی خەڵکانێکی بێ ناو و ناونیشان، بە کارێکی موخابەراتی ئەزانیت، یاخود نەبوونی زانست و دانایی و ڕەوشت؟

 

مامۆستا كرێكار: هەردووکیانە.. نەزانیمانە وا دەکات موخابەراتی دوژمنانی خوا ریزەکانمان بسمن. ئەم نەزانینەشە وای لێکردووین زۆر بێ روحم و رەدا بین بەرامبەر یەکتریی. چونکە نەزانین و توندوتیژیی و دەمارگیریی و سەرپەڕبوون سەر دەکێشن بۆ رەفز کردنی یەکتریی.. ئەمەش یەکەم هەنگاوی ململانێ و شەڕەپاڵە، گومانت لەوە نەبێت ئەمە ئاسایی سەر دەکێشێت بۆ تەکفیر کردنەکە.. بە داخەوە زۆر کەس تەکفیری کردۆتە جوێن.. لە جیاتی ئەوەی (دوور لە رووی ئێوە )بڵێ سەگباب یان خراپتر، دەڵێ: هەی مورتەدد! ئەمە نابێت لە ئەحکامی شەرعدا خۆ بگرێت هەر وەکو ئەوەی کەسێک لە کەسێکی تر تووڕە بێت و بڵێ: هەی تەڵاق کەوتوو! هەر وەکو کە بەم قسە جنێوە تەڵاقەکە ناکەوێتك بەو تەکفیرە جنێوەش بەرامبەرەکە کافر ناکرێت.. تەکفیر حوکمی شەرعەو لە دوو لایەنەوە سەیر دەکرێت کە لە ریوایەتەکەی عوبادەی کوڕی صامتدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم زۆر رۆشن فەرمووی (إِلَّا أَنْ تَرَوْا كُفْرًا بَوَاحًا عِنْدَكُمْ مِنْ اللَّهِ فِيهِ بُرْهَانٌ)فتح الباری (٦٦٤٧) دەرکەوتنی کوفری ئاشکراو راشکاو کە تاوانەکەیەو(تجریم الفعل)ی پێ دێتە دیی. ئینجا هەبوونی بەڵگە شەرعییە رۆشنەکەی کە گومانی تێدا نابێت. بەمەش (تجریم الفاعل) ەکە دێتە دیی.. ئینجا لە دادگادا دەسەلمێت، نەبادا (مەوانع) هەبێت وەکو نەزانین و ناچارکردن و تەئویل و بەربەستی تری موعتەبەر.. بە تەمام ئەگەر خوای گەورە یارمەتیدەرمان بێت ئەمەش وەکو کێشەی (حکم بغیر ما انزل اللە)کە روون بکەمەوە. چونکە کەسانێک دەبینیم زوو دەکەونە حوکمدانی تەکفیرەوە لە بەرامبەریشدا "ئیسلامی" وامان لێ پەیدا بووە نەک مورجیئە، جەهمێتی لە ئاستیاندا خەواریجە.. ئەوروپاشی پێ کافر نییە! ئێمە نابێت بهێڵین مورتەددەکان حوکمەکە لە خۆیان دوور بخەنەوەو بیکەنە مایەی جەدەلی نێوان ئێمەی خاوەن مەنهەجەکە.. دەبێت ئەو رێسا عەقائیدییەمان پارسەنگانە راگرین کە دەفەرموێ: (من كفَّر مسلما فقد كفر، و من لم يكفِّر الكافر فقد كفر). نابێت بهێڵین ئەهلی کوفرو ریددە لە ئەماندا بن و تەکفیرە شەرعییەکە -کە رووی لەوانە- بکەوێتە ناو موسوڵمانانەوە..

ئەم ناشەرعیی تەکفیرکردنە کراوە بە بەشێک لە ململانێی بێ روحم و خوێناوی ناو مومسوڵمانان، بە تایبەتی لە ناو عەرەبدا.. بۆ ئەوەی هەنجەتی کوشتن و تەسفیە کردنی موخالیفانی خۆی و کۆمەڵەکەی دەست کەوێت دەڵێ کافر بووە! هەر وەکو کە ئێران سوننی ئیعدام دەکات و دەڵێ وەهابین و سەر بە سعوودیەن! لە کاتێکدا ئێران خۆی دەزانێت کە هەندێک لەوانە حکومەتی سعوودی بە کافر دەزانن و هیچ پەیوەندییەکیان بە سعوودیەوە نییە.. دکتۆر محمد میسعەریی کە دکتۆرای لە فیزیای ئەتۆمدا هەیەو راوێژکاری دەزگای نەوەویی عەرەبستان (سعوودیی)بوو کە داوای مافی مرۆڤی کرد لە ووڵاتەکەیدا لە هەموو وەزیفەیەک دەریان کردو دایان بە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی ئەفکاری موعتەزیلەی هەیە!! کەوابوو زۆر لە تەکفیر کردنەکان کە مومارەسە دەکرێن یان جنێون یان تۆمەتبارکردنی سیاسی.

زادی: تەکفیرکردنی زانایان و کەسانی خاوەن زانست بە بێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی شەرع و مانیعەکانی تەکفیر چۆن دەبینیت؟

مامۆستا كرێكار: ئەمە هەر ئەو خاڵەیە کە ئاماژەم پێدا. کە:

- شارەزا نەبوونمان لە ئەحکامەکەنی شەرع لەم کێشەیەو

- رەچاونەکردنی ئەدەبی سەلەف لە راجوێی و

- پەلەکردن لە دەرکردنی حوکم و

- تەسفیەکاریی حساباتی ململانێی ساحەو نفووز.

   ئەمانەیە وا دەکەن تەکفیر کردن ببێت بە چەکی دوژمندارێتی ناوخۆیی.. لە کاتێکدا کە ئوممەتی ئێمە زیاتر لە سەدوپەنجا ساڵە ململانێی بەرامبەر بەو عەلەمانیەتەیە کە رۆژئاوای ئیستیعمار هێنای و تا ئێستاش بە زەبری هێزی عەسکەریتاریا دەیپارێزێت..

زادی: وتەبـێژی دەوڵەتی ئیسلامی و شوێن کەوتووەکانیان دکتۆر ئەیمەن زەواهیـری و ئەندامانی بەرزی قاعیدەیان بە لادەر لە مەنـهەج وەسفکرد! ئایا مەنـهەج مەبەستیان پێچييە؟ ئایا دەرچون و جیابونەوە لێیان هۆکارەکەی ئەوەیە کەوتونەتە بازنەی کوفر، وەیان رازی بونیان بە دیموکراسی و بەرنامەکانی ئەهلی کوفرەوە؟

مامۆستا كرێكار: پێم وایە دەبێت ئەو پرسیارە لە برایانی دەولە بکرێت تا بزانرێت ئایا مەبەست لێی مەنهەجە وەحییە خواییەکەیە یان بەرنامەو ئەساسنامەیەکە کە خۆیان پێشتر لەسەریی رێکەوتوون و پاشان راجوێی و ناکۆکییان بە هۆیەوە کەوتۆتە نێوانەوە.. واش نازانم پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئێمەوە هەبێت.. من هەردوو لایان بە دوو کۆمەڵی ئیسلامی موجاهید دەزانم، ناکۆکیی نێوانیانم پێ ناخۆشە، واشنابینم هیچیان لە شەرعێتی جیهادکردنیان دەرچووبن، چونکە هەردوو لایان دیدو ڕێ و ئاڵاو ئامانجیان ئیسلامییەو رۆشنە، هەردوو لایان ئەهلی سووننەو جەماعەتن. ئەمیری هەردوو لایان خوا بیانپارێزێت موسوڵمانی خواناس و هیممەتبەرزو راستگۆن.. من هیچ کۆمەڵێکی جیهادیی تەزعیف ناکەم.. ئەم بۆچوونەشیان زۆر جار لە دادگاکانی نەرویج لێ کردووم بە تۆمەت و تاوان و وەڵامیشم هەر ئەوە بووە کە من ئەو بۆچوونە دەردەبڕم کە پێم وایە لەگەڵ رادەی سادەیی خۆم و کەمیی ئاستی شەرعزانیمدا دەگونجێت.. لە دەربڕینی ئەوەشدا کە پێم وایە حەقە ڕاڕا نابم و راشکاوو رەوان دەریدەبڕم و باجەکەی دەدەم..

زادی: ماڵپه‌ری زادی ڕێمان پێ ئه‌نێته‌ یه‌كه‌م ساڵی بڵاو بوونه‌وه‌ی، ئومێدو ئامۆژگاری جه‌نابتان چیه‌ بۆ به‌ره‌و پێشچوونی.؟

مامۆستا كرێكار: بایەخدانتان زۆرتر بە رێساکانی عەقیدەو بە زانستی شەرعی بێت و کارکردنتان بکەنە شێوەی موئەسسەساتی. هەوڵ بدەن ژمارەتان زۆرتر بێت تا هەر یەکەو بوارێکی سایتەکە بگرێت. بۆ نموونە دوو یان سێ کەس بەرپرسی دەنگ و رەنگ بن. کەسێک یان دوو کەس بۆ رێکخستنی وەڵامە شەرعیەکان، دوو کەسی تر بۆ پێداچوونەوەی سەنەدی ریوایەتەکان وە هەروەها.. خوای گەورەش یارمەتیدەرتان بێت.. پێم وایە کاری ئەم ساڵەی رابوردووتان لە ئاستێکی باشدا بوو.. ئەمساڵی داهاتوو بە پشتیوانی خوای گەورە دەبێت دووبەرابەرو سێ بەرابەر بچنە پێش ان شاء اللە چونکە تەحەدداکانی بەرامبەریشتان گەورەتر بوون.. خوای گەورە لێتان قبووڵ کات.


دیدارەکان