من چۆن بتوانم ته‌شخیسی بکه‌م که که‌سێک کافره؟ موسوڵمان و کافر چۆن له‌یه‌ک جودا ده‌کرێنه‌وه؟
کافر ئه‌و که‌سه‌یه که بڕوای به ئیسلام نه‌هێناوه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، شایه‌تمانی نه‌هێناوه‌و باوه‌ڕی به ئیسلام نییه؛ ئه‌مه کافره. ئینجا کافره له ئیعتیقاد و بیر‌و باوه‌ڕیداو ته‌بعه‌ن له موماره‌سه‌کانیشیدا ئه‌مه ده‌رده‌که‌وێت، واته که ئیعتیقادی نییه، ئیتر نوێژ‌و رۆژوو و زه‌کات و حه‌جه‌که‌ش ناکات، کرده‌وه ئیسلامییه‌کانی تریش ناکات.
به‌ڵام که‌سێک که پێشتر موسوڵمان بووه‌و دواتر موڕته‌د بۆته‌وه، ئه‌وه پێویسته بزانین که موڕته‌دبوونه‌وه به‌وه ده‌بێت که ئیعتیقاد و باوه‌ڕی هه‌بووه به ئیسلام و ئێستا ئیعتیقاده‌که‌ی نه‌ماوه؛ ئه‌وه ئێمه نازانین که ئایا ئیعتیقاده‌که له دڵ و ده‌روونیدا ماوه یان نا، چونکه لێمانه‌وه ده‌ر ناکه‌وێت و شتێکی شاراوه‌یه، بۆیه ده‌بێت کوفره‌که‌ی به شتێکی تر بسه‌لمێت، به گوفتارێکی کوفرین یان به ره‌فتارێکی کوفرین؛ گوفتاری کوفرین ئه‌وه‌یه که بۆ نموونه (خوا په‌نامان بدات) جنێو به خوا‌و پێغه‌مبه‌ر (علیه الصّلاة والسّلام) بدات. ره‌فتاری کوفرینیش ئه‌وه‌یه که کرده‌وه‌یه‌ک بکات که کوفره وه‌ک سووکایه‌تی کردن به قورئان و سووتاندنی بۆ ئیهانه کردن یان شتێک له‌و بابه‌ته، ئه‌وه پێی کافر ده‌بێت.
جا گوناح خۆی له خۆیدا دوو جۆره: جۆرێکیان پێی ده‌وترێت گوناحی فسقین که کابرا پێی فاسق ده‌بێت؛ بۆ نموونه کابرا شه‌رابی خواردۆ‌ته‌وه به‌ڵام به حه‌ڵاڵی نه‌زانیوه، ده‌خواته‌وه تا کۆتایی عومری یان ته‌وبه‌ی لێ ده‌کات، ئه‌مه پێی کافر نابێت. به‌ڵام یه‌کێکی که شه‌راب ناخواته‌وه به‌س فه‌توا بۆ خه‌ڵک ده‌دات و ده‌ڵێت شه‌راب حه‌ڵاڵه! ئه‌مه پێی کافر بووه ئه‌گه‌رچی نه‌شیخواردۆ‌ته‌وه؛ به‌م جۆره گوناحه ده‌وترێت گوناحی کوفرین! که‌واته ئه‌گه‌ر که‌سێک حه‌رامێک به حه‌ڵاڵ بزانێت یان به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه پێی کافر بووه.
به شێوازێکی گشتی رێگاکانی ناسینه‌وه‌ی کوفر‌و ئیمان زۆر‌و ناسراون و بێگومان هه‌ندێک جاریش ورده‌کارییان ده‌وێت.