X

گەڕان




كۆمه‌ڵكاری

بایه‌خدانی ئه‌ندام به‌ رواڵه‌تی ده‌رێ

3/11/2017 11:42:30 PM   |   1194 :بینراو

بایه‌خدانی ئه‌ندام به‌ رواڵه‌تی ده‌رێ

پێناسه‌ی كێشه‌كه‌:

   بریتیه‌ له‌و بایه‌خه‌ زۆره‌ی كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ به‌رده‌وام به‌ دیمه‌نی ده‌رێی خۆی و رواڵه‌تكاریی ده‌زگاو سیمای ئاشكرای كاروباره‌كانی ده‌دات. بایه‌خێكی زۆر به‌ پۆشاك و سه‌یاره‌و خۆ رێكخستن و كه‌شخه‌یی، مه‌سروفێكی زۆرو ئیسرافێكی خراپ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی وا خۆی نیشان دات كه‌ له‌ ئاستێكی کۆمەڵایەتی و ئابووری به‌رزتردایه‌!!

 

رواڵه‌تی كێشه‌كه‌:

1ـ سووره‌ له‌سه‌ر وه ‌ده‌ست خستن و پۆشینی ئه‌وانه‌ی رواڵه‌تی ده‌رێی ده‌ڕازێننه‌وه‌، وێڵه‌ به‌ دوای كه‌لوپه‌لی ماركه‌كاندا، نه‌ك هه‌ر له‌ سه‌یاره‌و دیكۆرو پۆشاك و بۆینباخ و عه‌ترو سه‌عاتیدا ته‌نانه‌ت له‌ قایش و چاویلكه‌و گۆره‌ویشیدا!!

2ـ خه‌فه‌ت خواردن له‌ فه‌وتان و له‌ده‌ستدان و به‌ نسیب نه‌بوونی!

3ـ هه‌واڵپرسینی زۆرو به‌ دواداچوونی ئه‌و داخوازیانه‌ی رواڵه‌ت..

4ـ تانه‌و ته‌شه‌ر دان له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌كو ئه‌م كه‌شخه‌ نین!

5ـ هه‌وڵدان بۆ ناساندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو خۆی نین، یان دیمه‌نی ئه‌و بایه‌خدانه‌كانییان به‌ هه‌رزانه‌ دێته‌ پێش چاو، كه‌ گوایه‌ له‌ ئاستی ئه‌مدا نین، یان لادێیین!!

6ـ كه‌ داوای كۆمه‌ڵكاریی لێ ده‌كرێت پۆزش دێنێته‌وه‌، وه‌كو سه‌یرانێكی به‌ كۆمه‌ڵ، یان میواندارییه‌كی جه‌ماعی، ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتی كاروانی حه‌جیشی پێ قبووڵ نیه‌!!

7ـ زۆر مه‌دح كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو خۆیین و بایه‌خ به‌ رواڵه‌تی ده‌رێیان ده‌ده‌ن..

 

هۆكاری ده‌ركه‌وتنی كێشه‌که‌:

1ـ په‌روه‌رده‌ خێزانیه‌كه‌ی: له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كه‌سه‌ له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندا گه‌وره‌ بووبێت، یان تاقانه‌ بووه‌و وەڵامی نازونووزه‌كانی دراوه‌ته‌وه‌، یان نیعمه‌تێكی زۆری خراوه‌ته‌ به‌ر ده‌ست و تێکەڵاویەکی وای له‌گه‌ڵ نه‌داراندا نه‌كردووه‌.. 

2ـ هاوڕێیه‌تی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌كو ئه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و رواڵه‌ت جێ بایه‌خیانه‌..

3ـ لاوازی په‌روه‌رده‌ی ئیمانییانه‌ی.

4ـ بایه‌خ نه‌دان به‌ كات و رێزنه‌گرتنی.

5ـ تێنه‌گه‌یشتن له‌ رۆح و ناوه‌رۆكی ئیسلامه‌كه‌و مه‌به‌ست له‌ هاتنی.

6ـ ته‌مه‌ن، ئه‌م بایه‌خدان به‌ رواڵه‌ته‌ زیاتر له‌ هه‌رزه‌كاراندا بڵاوە‌، كه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌موو شتێك و حه‌ز ده‌كه‌ن لاسایی گۆشه‌یه‌كی بكه‌نه‌وه‌..

7ـ زۆری كات، ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر نه‌فسی خۆت به‌ شتی باشه‌وه‌ خه‌ریك نه‌كه‌یت ئه‌و تۆ به‌ شتی خراپه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كاته‌وه‌..

8ـ كه‌م تێكه‌ڵ بوونی پیاوچاكان و ئارام گرتن له‌ كۆڕو كۆمه‌ڵیاندا..

9ـ هه‌ست به‌ كه‌م و كورتی كردن و خۆ ده‌رخستن له‌ ئاستێكی به‌رزتر له‌وه‌ی خۆی، بۆ نموونه‌ سه‌یاره‌یه‌ك ده‌كڕێت زۆر له‌ ئاستی ئابووریی خۆی به‌رزتره‌، خۆی ده‌كات به‌ژێر قه‌رزه‌وه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی وا نیشان دات كه‌ له‌ چینێكی به‌رزتره‌!

10ـ ئه‌میش له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ وا ده‌زانن رواڵه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌، یان به‌و رواڵه‌ته‌وه‌ ده‌توانێت تێخوڕێت و خۆی وه‌كو گه‌وره‌ نیشان بدات!!

 

چارەسەری كێشه‌که‌:

1ـ به‌هێز كردنی لایه‌نی ئیمانی كابراو قووڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ستی خواوویستی له‌ لای.

2ـ جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر زاهیدێتی و سووكی كۆڵی دنیایی..

3ـ به‌كارهێنانی كاته‌كانی ئه‌م كه‌سه‌ به‌ شتی چاك و به‌ پێی پلانێكی گونجاوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ووزه‌و حه‌زو تاقه‌تی خۆی.

4ـ بردنی بۆ كۆڕی پیاوچاكان و نیشاندانی كه‌سایه‌تیه‌ نموونه‌ییه‌كان..

5ـ روون كردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خوای په‌روه‌ردگار له‌ ژیان و له‌ دروست كردنی مرۆڤ و ناردنه‌ خواره‌وه‌ی وه‌حی..

6ـ رۆشنبیر كردنی به‌ هه‌واڵی موسوڵمانانی جیهان و باری ناله‌بارو دۆخی پڕ كێشه‌و كاره‌ساتیان و بڕی پێداوویستی و قه‌باره‌ی ئه‌ركی سه‌رشانی موسوڵمانانی تر به‌رامبه‌ریان.. ده‌شێت به‌ نموونه‌ پێی بسه‌لمێنرێت كه‌ نرخی ئه‌و بۆینباخه‌ ماركه‌ به‌ناوبانگه‌ی ئه‌م كڕیوێتی و دوو یان سێ جار زیاتر نایپۆشێت ده‌كاته‌ نانی یه‌ك مانگی هه‌ژارێكی موسوڵمان له‌ ووڵاتێکی تر.. یان ئه‌و قاته‌ زیاده‌ی كه‌ كردوێتی ده‌كاته‌ كه‌فاله‌تی ساڵێكی قوتابیه‌ك..

7ـ روون كردنه‌وه‌ی ده‌سپێكی شته‌ جێبایه‌خه‌كانی ژیانی، تا فێر بكرێت كه‌ چی بكاته‌ یه‌كه‌مین شتی جێ بایه‌خی و چی بكاته‌ دووه‌مین و سێیه‌مین..

8ـ باشتر وایه‌ داوای لێ بكرێت كه‌ هه‌ندێك كار هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی تا ئه‌نجامی بدات، وه‌كو هه‌ندێك چالاكی رۆشنبیریی و پیشه‌یی و شتی وا.

9ـ په‌یوه‌ست كردنی به‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی و خێزانی ده‌وڵه‌مه‌ندی خواناس و بێ هه‌واو فیزه‌وه‌، كه‌ هه‌م له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندترن و هه‌م له‌ویش خواوویست ترن ..

 


كۆمه‌ڵكاری