X

گەڕان




كۆمه‌ڵكاری

12/27.. یادی شەهیدانی ئیسلام لە کوردستان

12/27/2018 6:10:35 PM   |   5537 :بینراو

27/12 .. یادی شەهیدانی ئیسلام لە کوردستان

   لە 14/12/1993 وە  لە 23 بیستوسێ شارو شارۆچکەی باشووری کوردستانەوە، یەکێتی طاغووت (لە شەڕی سێیەمینجارییدا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا) هێرشێکی گشتگیریی بێ ئامانی کردە سەر بزوتنەوەی ئیسلامیی، کە تا 14/1/1994 بەردەوام بوو. ژمارەی شەهیدانی بزوتنەوە گەیشتە 199 شەهید، جگە لەوانەی دواتر مەیتیان دۆزرایەوە، برینداران 274 کەس و دیلەکان و تەنزیمییە گیراوەکانیش زیاتربوون لە 380 کەس.. کەناڵی تەلەفزیۆن و دوو ئیزگەو 41 جیهازی راکاڵ (نێودەوڵەتییە)و زیاتر لە پەنجا سەیارە کەوتە دەست یەکێتی.. پۆلێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی شەهیدبوون وەکو مامۆستا مەغدیدی بەرپرسی نوسینگەی سەربازیی، جگە لە دیل کەوتن و پاشان شەهیدکردنی چەندین ئەندامی تری وەکو مامۆستا شەریف و هەشت یاوەرەکەی کە لە 27/12/1993دا دوای دەستبەستنیان لەسەری چیای ماکۆک/پشت بێتواتە (کە سەرکردایەتی بزوتنەوەی لێبوو) بە فەرمان و ئامادەیی جەبار فەرمان _سەرۆکی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی_ رەمیکران.. مامۆستا حەسەن بابەکری کۆمەڵی ئیسلامییشیان لەگەڵدابوو، کە خوای گەورە بە برینداریی قوتاریکرد، تا ببێتە شاهیدو شەهیدی زیندوو. (بەڵام بە داخەوە لە جیاتی سکاڵا تۆمارکردن لە لاهای/هۆڵەندا، دواتر چووەوە لای جەبار فەرمان و تەوقەی لەگەڵدا کرد!!) هەروەها دیلکردن و شەهیدکردنی ناودارانی وەکو کاک خدر کۆساری شاعیر (لە گوندی ماخوبزنانی مامۆستا عەلی باپیر، کە کاک عەلی حەمە غەریبیشی لەگەڵدابوو، ئەمیش مایەوە تا ببێتە شاهیدو شەهیدی زیندوو، کە ئێستا لە ئیدارەی نەخۆشخانەی بەخشینی کۆمەڵە لە سلێمانی) هەروەها کۆمەڵێک کادیریتری رێکخستن وەکو مامۆستا مەلا عبدالحمیدی شەقڵاوە، کە لە شەقامەکانی هەولێردا بە دوای سەیارەدا رایانکێشا، کاک ئەحمەدی براشی بەهەمان شێوە) کادیرانی راگەیاندن و پەیوەندیی جیهازو دەزگایتر لە هەموو مەڵبەندو ناوچەکان. ئەمە جگە لە بەدیلکەوتنی مامۆستا مەلا عوسمانی رابەری رەحمەتیی، کە جەبار فەرمانی طاغووت لەکاتی دەسگیرکردنییەوە تا کاتی گەیشتنی بەلای مەسعوود بارزانی سووکایەتیی پێدەکرد..

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا یەکێتی بە چاوپۆشیی پارتی و هاندانی دەرەکیی هێرشێکی گشتگیریی لە بیستوسێ شوێنەوە کردە سەر بزوتنەوەی ئیسلامیی و کارەساتێکی گەورەی بەسەر بزووتنەوەدا هێنا کا نابێت ئەهلی ئیسلام بیریان بچێتەوە..

ئەمە دوای رێکەوتنێکی هاوبەشبوو کە هەردوولا لە 28_31/10/1993دا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی (ئەو کاتە لە هەولێر بوو) کردبوویان.. 

   دوای تێپەڕبوونی بیستوپێنج ساڵ بەسەر ئەو دۆکۆمێنتانەدا، وا بە ئەمانەتەوە هەندێکیان دەخەینەڕوو، تا لە لایەکەوە نەوەی نوێی کوردستانی بزانێت کە یەکێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە راپەڕینەری پلانی دوژمنان بووەو نەیهێشتووە تاکو کۆی شایستەو دڵسۆزی کورد رۆڵیان هەبێت، لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی کوردستانی و ئیدارەی دەسەڵاتییدا. ئەمەش هەڵوێستی بووە بەرامبەر هەر هەموو کۆمەڵ و پارت و بزاوتە کوردستانییەکان، نەک هەر ئەوانەی باشوور بەڵکو ئەوانەی رۆژهەڵات و باکوورییش!

   لە یادی بیستوپێنجەمی ئەم کارەساتەدا چەند بڕگەیەکی دانیشتن و رێکەوتنی سەرکردایەتی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامیی بڵاودەکەینەوە تا بزانرێت کە یەکێتی چەند ئەهلی غەدرو خیانەت بوو، لەو کاتەی لەسەر کاغەز بارودۆخەکەی هێوردەکردەوە، بە نهێنیی پلانی دوژمنکاریی و سازکردنی لەشکرو هێرشکردنی دادەڕشت.. لەو کاتەی بە ناوی کوردایەتیی و دیموکراسی و پەرلەمان و حکومەتی نیشتیمانییەوە دەدوا، نەخشەی گشتگیریی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤی دەکرد..

   ئەگەر ئەمە راستە کە دەوترێت حزب قوتابخانەی گەلە، بە راستیی یەکێتی قوتابخانەی کوفرو بەرەڵایی و خیانەتی ناوخۆو کرێگرتەیی دەرەکیی و دزیی و راووڕوت و گەندەڵیی و داوێنپیسیی و هەموو رەوشتە نزمەکانی کۆمەڵگە بەرەڵاو دواکەوتووەکان بووە.. بۆیە پێمان وایە لادان و رادانی فەرزێکی شەرعیی و ئەرکێکی نیشتیمانیی و زەروورەتێکی واقیعییە.. 


كۆمه‌ڵكاری