X

گەڕان




كۆمه‌ڵكاری

سیس بوونی رۆح و پیس بوونی

3/11/2017 11:49:18 PM   |   2196 :بینراو

سیس بوونی رۆح و پیس بوونی

 

پێناسه‌ی كێشه‌كه‌:

بریتیه‌ له‌ لاوازی كاریگه‌ریی باسه‌ ئیمانیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌و كه‌م وەڵامدانه‌وه‌ی هه‌ست و هۆشیی بۆ هۆشداریی و بیرخستنه‌وه‌كانی قیامه‌ت..

 

رواڵه‌تی كێشه‌كه‌:

1 ـ كه‌مبوونه‌وه‌ی ملكه‌چیی و زه‌لیلی ده‌ربڕین له‌ نوێژه‌كان و بێ هۆشیی له‌ زیكره‌كاندا.

2 ـ هه‌ست كردن به‌ دڵ ره‌قی.

3 ـ قورئان نه‌خوێندن و گوێ نه‌گرتن لێی، كه‌ خوێندیشی یان گوێی لێ بوو هۆشی ناداتێ و وه‌كو هه‌ر ئاوازێكی تر ده‌یبیستێت.. هه‌روه‌ها گوێ نه‌گرتن له‌ ووتارو باس و ئامۆژگارییه‌ دینیه‌كان.

4 ـ سست بوون له‌ چوون بۆ كۆڕی ئیسلامی و وانه‌ شه‌رعیه‌كان و سیمیناره‌ دینیه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌وانه‌ی خواوویستی بیر ده‌هێننه‌وه‌و گه‌شه‌ به‌ رۆح ده‌ده‌ن.

5 ـ ووشكی چاو: فرمێسكه‌كانی وه‌كو جاران له‌ خۆشه‌ویستی خواو یادی قیامه‌ت و هه‌ستی به‌رپرسێتی و حاڵه‌تی ئوممه‌تدا ناتكێن!

6 ـ نه‌خرۆشانی ویژدان: هه‌رچه‌ند فه‌رزی وه‌كو نوێژو رۆژوو قورئان خوێندنی له‌ده‌ست بچێت، دڵی بۆ هه‌ڵناقرچێت و هه‌ست به‌ كه‌مته‌رخه‌می ناكات.

7 ـ شه‌یدای زیاره‌تی ماڵی خوا نابێت، دڵی بۆ حه‌ج ناشنێت!

8 ـ وازهێنان له‌ قورئان خوێندن و سه‌ردانی گۆڕستان..

9 ـ زۆر چوونه‌ ناو رێدراوه‌كان (مباح) و هه‌ندێ جاریش گومانلێكراوه‌كان (شبهات) .

10 ـ گه‌ڕان به‌ دوای ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی ووتارو نوێژیان خێرا ده‌خوێنن

 

هۆكاری ده‌ركه‌وتنی كێشه‌که‌:

1 ـ واز هێنان له‌ قورئان خوێندن یان كه‌م خوێندنی.

2 ـ به‌ جیددی وه‌رنه‌گرتنی قورئانه‌كه‌و گوێ نه‌دان به‌ ئاڕاسته‌كانی.

3 ـ گرتنه‌به‌ری به‌رده‌وامی رێدراوه‌كان له‌سه‌ر حسابی فه‌رزه‌كان.

4 ـ وه‌رگرتنی ئه‌و فه‌توایانه‌ی ئاسانكاریی تێدایه‌ بێ گوێدانه‌ به‌ڵگه‌كانیان.

5 ـ وازهێنان له‌ شه‌ونوێژ.

6 ـ نه‌كردنی نوێژه‌كان له‌ كاتی خۆیاندا.

7 ـ نه‌كردنی نوێژه‌كان به‌ جه‌ماعه‌ت له‌ مزگه‌وت.

8 ـ خۆ دواخستن له‌ چوونه‌ مزگه‌وت.

9 ـ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ووتارو وانه‌ی بیرخستنه‌وه‌ی گۆڕو قیامه‌ت.

10 ـ خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ زانسته‌ شه‌رعیه‌كان و وازهێنان له‌وانی تر، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ شه‌رعناسیی (فقه‌) ده‌دات له‌سه‌ر حسابی زانستیه‌كانی تر، یان بایه‌خێكی زۆر به‌ بواری فیكر یان سیاسه‌ت ده‌دات له‌سه‌ر حسابی ته‌جوید یان ئوسوڵی شه‌رع یان فه‌رموده‌وانی..

11 ـ وازهێنان له‌ خێروخێرات، به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌كاتی ساڵانەی ده‌دات!

12 ـ به‌ خه‌یاڵیدا نایەت جارێك ـ بۆ یادی گۆڕو قیامه‌ت ـ بچێته‌ گۆڕستان یان نه‌خۆشخانه‌، یان بۆ لای كه‌سێك كه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگیدایه‌.

13 ـ زۆر خه‌ریك بوونی به‌ كه‌سابه‌ت و پاره‌سه‌ریه‌كنان، له‌سه‌ر حسابی گه‌نجینه‌ی قیامه‌تی.

14 ـ  هه‌بوونی هاوسه‌ری دنیاوویست، كه‌ بایه‌خی به‌ دینداریی نیه‌.

15 ـ  هه‌بوونی كێشه‌ی ماڵ.

16 ـ هه‌بوونی كێشه‌ی كار.

17 ـ گوێ نه‌گرتن له‌ قورئان و بایه‌خ پێ نه‌دانی.

18 ـ دۆستایه‌تی نه‌كردنی پیاوچاكان و بێزاربوون لێیان.

19 ـ هاوڕێیه‌تی كه‌سانی دنیاوویست و ئه‌هلی سوعبه‌ت و هه‌واوهه‌وه‌س و زۆر تێکەڵاوی و زۆر هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵیاندا..

20 ـ حه‌زكردن له‌ شه‌ڕه‌قسه‌و ده‌مه‌ ده‌مێ كردن.

21 ـ له‌ خۆ نه‌پرسینه‌وه‌.

22 ـ زۆركردنی سوعبه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌ی باتڵ و گاڵته‌وگه‌پی زۆر.

23 ـ چاونه‌گرتنه‌وه‌ له‌ نه‌زه‌ری حه‌رام.

24 ـ گوناح كردن و خۆنه‌پاراستن له‌ گه‌وره‌و بچووكی.. خوا لاماندا..

 

چارەسەری كێشه‌که‌:

1 ـ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر قورئان خوێندن، چونكه‌ ئایه‌ته‌كانی قورئان به‌رده‌وام دڵ و هه‌ست و هۆش به‌ نیشانه‌كانی خوای گه‌وره‌و راستیه‌كانی رۆژی دواییه‌وه‌ په‌یوه‌ند ده‌كه‌نه‌وه‌، پێچ و په‌ناكانی ده‌روونی مرۆڤ ده‌خه‌نه‌وه‌ پێش چاویی و چاره‌نووسی هاودیدو ره‌فتاری ده‌خه‌نه‌وه‌ پێش چاو له‌وانه‌ی ئاوا وه‌كو ئه‌م بێ هه‌ست و هۆش هاتن و به‌ كۆڵێ تاوانه‌وه‌، به‌ بێ گه‌نجینه‌ی چاكییه‌وه‌، به‌ مایه‌پووچی و سه‌رشۆڕییه‌وه‌ رۆیشتنه‌وه‌ به‌ر باره‌گای خواو سزای سه‌ختی خوای گه‌وره‌یان چێشت.. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌مێك زیاتر خۆیان كۆنترۆڵ كردو له‌ حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیان گرته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌مێك زیاتر تینییان له‌ خۆیان كردو چاكه‌ی زیاترییان مه‌ڵۆ كرد، پاداشتی جوانی خوای میهره‌بانیان وه‌رگرت..

   ئه‌م بیر خستنه‌وه‌ ئیمانیانه‌ زه‌روورین، چونكه‌ ده‌بنه‌ سوته‌مه‌نی و زادی رێ..

2 ـ چوونه‌ مزگه‌وت و نوێژكردن به‌ جه‌ماعه‌ت، ئه‌مه‌ ره‌فتارێكی زۆر كاریگه‌ره‌ به‌ڵام كه‌سێك قه‌دری ده‌زانێت كه‌ موماره‌سه‌ی كردبێت و چێژه‌كه‌ی چێشتبێت.. مزگه‌وت و ماڵ جیاوازییان زۆره‌، له‌ كوێ نوێژێك له‌ ماڵدا بكرێت كه‌ شوێنی قسه‌و حه‌وانه‌وه‌و نوستنه‌، له‌ كوێ هه‌ر ئه‌و نوێژه‌ به‌ جه‌ماعه‌ت بكرێت، له‌ مزگه‌وت، كه‌ شوێنی خواپه‌رستیه‌و هه‌موو كه‌س و دیمه‌ن و شته‌كانی هێمنی و سكونه‌تی رۆحن.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پاداشتی هه‌ر ركاتێكی نوێژی كۆمه‌ڵ كه‌ بیستوحه‌وت ئه‌وه‌نده‌ خێری بۆ ده‌نوسرێت.. ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ به‌ بێ زیكر كردن به‌ خواپه‌رستی هه‌ژمارد ده‌كرێت!

3 ـ زوو چوونه‌ مزگه‌وت و به‌ هه‌ل زانینی ئه‌و ساتانه‌ی پێش بانگ، یان پێش هاتنی ئیمام بۆ قورئان خوێندن و ویرده‌كان و یادی خوای مه‌زن، یان بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له‌به‌ری كردوون، یان فریا ده‌كه‌وێت و له‌و كه‌ش ودۆخه‌ هێمنه‌دا دوو لاپه‌ڕه‌ له‌ كتێبێكی ئیسلامی ده‌خوێنێته‌وه‌و شتێك فێر ده‌بێت.. هه‌ر نه‌بێ نه‌بێ ساتێكی موحاسه‌به‌ی نه‌فسی خۆی بۆ ده‌سازێت..

4 ـ واز هێنان و خۆبه‌دوور گرتن له‌ موناقه‌شه‌و شه‌ڕه‌ قسه‌، كه‌ ده‌بێته‌ مه‌یدانی سه‌رخستنی به‌ هه‌ق و ناهه‌قی نه‌فس! ده‌بێته‌ مایه‌ی قسه‌ی زۆری بێ سوود كه‌ قورئان ناوی (له‌غو)ی لێ ناوه‌و مه‌تحی ئه‌و موسوڵمانانه‌ ده‌كات كه‌ خۆی لێ ده‌گرنه‌وه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: (وَالَّذِينَ هُمْ عَنِ اللَّغْوِ مُعْرِضُونَ) المؤمنون/3 واته‌: ئه‌وانه‌ش كه‌ خۆیان له‌ له‌غوو لاده‌ده‌ن.. یان ده‌فه‌رموێ: (وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلامًا) الفرقان/12 واته‌: ئه‌وانه‌ به‌نده‌كانی خوا (عباد الرحمان)ن، كه‌ كاتێك نه‌فامه‌كان بۆ جه‌نگ و جیدال دێنه‌ به‌ره‌و ڕوویان، له‌ وەڵامیاندا ده‌ڵێن: سه‌لامی خواتان لێ بێت، ئێمه‌ خۆ ناخه‌ینه‌ ئه‌و جه‌نگ و جیداله‌ بێ هوده‌وه‌..

   پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (مَا ضَلَّ قَومٌ بَعدَ هُدَى كانوا عليهِ إلَّا أُوتُوا الْجَدَلَ)[1] واته‌: هه‌ر قه‌ومێك رێنمایی خوایان وه‌رگرتبێت و كه‌وتبنه‌ سه‌ر رێی راست، ئه‌گه‌ر بكه‌ونه‌ جه‌نگوجیدالی ناوخۆیانه‌وه‌، حه‌تمه‌ن رێی راستیان لێ بزر ده‌بێت و گومڕا ده‌بن.. چونكه‌ ئه‌و جه‌نگوجیداله‌ بێ هوده‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی زۆر قسه‌ كردنی بێ سوودو پاشان نه‌سه‌لماندنی هه‌ق و سه‌رخستنی نه‌فس و بۆچوونی چه‌وت، پاشان تووڕه‌ بوون و رق لێبوونه‌وه‌و بوغزاندنی یه‌كتریی.. به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستێت سه‌ر ده‌كێشێت بۆ گه‌له‌كۆمه‌كێی باتڵانه‌و موته‌فه‌ڕیغ بوون بۆبه‌زاندنی یه‌كتریی وه‌ك له‌وه‌ی هه‌ردوولایان به‌ به‌زاندنی ئه‌هلی كوفرو دوژمنانی خواوه‌ خه‌ریك بن.. ئه‌مه‌ش دژواری له‌سه‌ر دیندارێتی زۆره‌.. له‌وانه‌یه‌ دیندارێتی خاوه‌نه‌كه‌ی دوای بپوكێنێته‌وه‌ كارێكی بۆ خوا نه‌مێنێت

5 ـ چاوگرتنه‌وه‌ له‌ نه‌زه‌ر: ئه‌وه‌ش فه‌رمانی خوای گه‌وره‌و بەدەسەڵاتە، كه‌ له‌ سوره‌تی نووردا فه‌رمانی پێداوه‌.. نه‌زه‌ر بریتیه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی شتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ یان پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم به‌رهه‌ڵستی ته‌ماشا كردنیان كردووه‌، چونكه‌ وێنه‌و دیمه‌نی ته‌ماشاكراوه‌كه‌ له‌ بیرو مێشكدا ده‌چه‌سپێت و زۆرجار له‌ ناو نوێژو رۆژووه‌كه‌یدا دێته‌وه‌ به‌ر شاشه‌ی چاوی!! یان له‌و كاتانه‌دا كه‌ خه‌ریكی ده‌رس و ئامۆژگاری كردنی خه‌ڵكیه‌.. ئه‌مه‌ش دابڕينێتی له‌و كه‌شه‌ ته‌قواكارییه‌ی كه‌ خواپه‌رستییه‌كه‌ی بۆی دروست كردووه‌.. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشینان ووتوویانه‌: چاو پۆسته‌به‌ری دڵه‌.. هه‌روه‌ها ووتوویانه‌: نه‌زه‌ر ده‌سپێكی روداوه‌و پزیسك ده‌سپێكی ئاگره‌.. ئه‌و كه‌سه‌ی چاوی له‌ ته‌ماشای حه‌رام ده‌گرێته‌وه‌ بیرو هۆشی سافتره‌، هێمن و دابینتره‌، بۆیه‌ شایانتره‌ سه‌رنجی ئیماندارانه‌ له‌ نیشانه‌كانی گه‌وره‌یی و دەسەڵاتی خوا بدات..

6 ـ هاوڕێیه‌تی پیاوچاكان و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵیاندا.. چوونه‌ كۆڕو كۆمه‌ڵیان، چونكه‌ مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (المَرءُ عَلَى دِينِ خَلِيلِهِ فَلْيَنْظُرْ أَحَدُكُمْ مَنْ يُخَالِلْ)[2] واته‌: خه‌ڵكی له‌سه‌ر دیدو دینی هاوڕێكانیانن، با هه‌ر یه‌كه‌تان به‌ دیقه‌ت بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی هاوڕێیدا .. گومانی تێدا نیه‌ كه‌ هاوڕێیه‌تی پیاوچاكان و دینداران بیرخستنه‌وه‌ی نییه‌تی پاك و خواوویستیه‌و پارسه‌نگی ره‌فتارو ره‌وشته‌ و سه‌نگینی كه‌سایه‌یتیه‌..

7 ـ خێروخێرات كردن و به‌خشین له‌ پێناوی خوادا: با به‌وه‌ خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت كه‌ ساڵه‌و ساڵ زه‌كاته‌كه‌ی ده‌رده‌كات.. خێرو خێرات كردن دڵنه‌رم ده‌كات و هه‌ستی له‌ خوانزیكیی به‌ بكه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گوناح ده‌سڕێته‌وه‌و تاوانه‌كان ده‌كوژێنێته‌وه‌و كابرای خێره‌ومه‌ند ده‌خاته‌ ریزی ئه‌و موسوڵمانانه‌وه‌ كه‌ فریشته‌ی تایبه‌تی خوای گه‌وره‌ هه‌موو به‌یانیه‌ك دوعایان بۆ ده‌كه‌ن.. وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (اللَّهُمَّ أَعْطِ مُنْفِقًا خَلَفًا)[3] واته‌: خوایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌به‌خشێت قه‌ره‌بووی بده‌یته‌وه‌و بۆی پڕ كه‌یته‌وه‌.. ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات به‌رده‌وام له‌و هه‌ست و هۆشه‌دا بێت كه‌ خوای په‌روه‌ردگار كه‌ ئاوا سه‌روه‌ت و سامانی به‌م به‌خشیووه‌ كه‌سانێكی زۆری لێ مه‌حرووم كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ستگرۆیی نه‌داران و كه‌م ده‌رامه‌تان بكاته‌ ره‌فتاری رۆژانه‌ی و هه‌ستی دیندارانه‌ی.. ئاوا بۆ خوا ده‌ژی..

8 ـ رۆژووی سوونه‌ت: شەشەڵان، عارفه‌، دووشه‌ممه‌و پێنج شه‌ممان، رۆژانی سپی[4] هه‌موویان هه‌ستی له‌ خوا نزیكی و بۆ خوا سوڵحان له‌ ناخی عه‌بددا دروست ده‌كه‌ن، رۆژووگرتنی هه‌ر كامێكیان وویست و ئیراده‌ی خواوویست به‌هێزتر ده‌كات، حه‌زی دینداریی زیاتر ده‌كات چونكه‌ هۆكارێكی سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ پله‌كانی ته‌قواكاریی.. نابینیت خوای په‌روه‌ردگار چۆن ئاوای وه‌سف ده‌كات: (كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) البقرة/183 واته‌: رۆژووگرتنتان له‌سه‌ر فه‌رزه‌ وه‌كو كه‌ له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌ فه‌رز كرابوو، تا ته‌قواكاریتان بۆ دروست ببێت..

   رۆژوو زۆر له‌ حه‌زوو ئاره‌زووه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات، وه‌ك حه‌زی زۆر قسه‌كردن و موناقه‌شه‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕین! رۆژووه‌وان ده‌بێت به‌ حوكمی رۆژووه‌كه‌ی خۆی له‌ قسه‌ی بێ سه‌روبه‌ر بگرێته‌وه‌و هۆشی له‌ برسیانی ئوممه‌ته‌كه‌ی و برسێتی و تینوێتی رۆژی قیامه‌ت و زه‌لیلیی و چاوشۆڕی لای خوای گه‌وره‌ بێت.. رۆژووه‌كه‌ په‌ندو ده‌رسه‌كانی تری دێنێته‌وه‌ یادو دڵی زیاتر هێدی ده‌كاته‌وه‌و ره‌فتاری زیاتر پارسه‌نگ ده‌كات..

9 ـ دوعاو نزاو پاڕانه‌وه‌: پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (الدُّعاءُ هوَ الْعِبَادَةُ)[5] واته‌: دوعاو پاڕانه‌وه‌ خۆی خواپه‌رستییه‌.. خواپه‌رستیش زه‌لیلی نواندن و ملكه‌چیی و گوێڕایه‌ڵیی خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌تی صلی اللە علیە وسلم ، پاڕانه‌وه‌ نیشانه‌ی په‌شیمانی و ئیعتیراف و ته‌سلیم به‌ خوا بوونه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌پاڕێته‌وه‌ ـ به‌ تایبه‌تی ئه‌وی به‌ كوڵ و دڵ ده‌پاڕێته‌وه‌ ـ لاوازیی و بێ دەسەڵاتی خۆی نیشان ده‌دات، خۆی به‌ نه‌بوو ده‌زانێت، هه‌ست ده‌كات هاتۆته‌ خزمه‌ت خاوه‌ن هێزی ره‌های بوون، هه‌موو هیواو ئومێدێكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانێت وا خۆی نیشان دا كه‌ شایانی به‌زه‌یی و له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوای خاوه‌ن هێزی ره‌ها بێت.. چونكه‌ ئه‌می موسوڵمان له‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ هێزو دەسەڵات و توانای خوای گه‌وره‌ بێ هاوتایه‌و داڵده‌ی هه‌ر كه‌سێك بدات هێز نیه‌ له‌ بونه‌وه‌ردا تینی بۆ بهێنێت، دڵنیایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ره‌زامه‌ندی خوای خاوه‌ن هێزو به‌زه‌ییه‌ ره‌هاكه‌ بۆ خۆی مسۆگه‌ر كات ئه‌وه‌ ده‌ستی له‌ شتێك گیربووه‌ كه‌ به‌رامبه‌ری نیه‌.. له‌م روانگه‌وه‌یه‌یه‌ ده‌بینیت ته‌قواكاران كه‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆیان زه‌لیل نیشان ده‌ده‌ن من و تۆی عه‌بدی گوناحكار به‌زه‌ییمان پێیاندا دێته‌وه‌[6].. خوای گه‌وره‌ش ئه‌و جۆره‌ پاڕانه‌وه‌و لاڵانەوەو خۆشكاندنه‌ی پێ خۆشه‌ كه‌ عه‌بدێكی ده‌یكات..

10 ـ خوێندنی ویرده‌كانی به‌یانیان و ئێواران: ئه‌گه‌ر موسوڵمان خووی به‌ خوێندنی ئه‌م ویردانه‌وه‌ گرت و له‌گه‌ڵ زانینی ماناكانیاندا به‌ هۆشه‌وه‌ خوێندنی ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رییان و دڵ و ده‌روونی ده‌جۆشێت و رۆحی پێیان ده‌شنێت، چونكه‌ ویرده‌كان هه‌ندێكیان دیمه‌نه‌كانی دنیاو رواڵه‌ته‌كانی ژیانی دێنێته‌وه‌ پێش چاو، هه‌ندێكی تریان گه‌وره‌یی خواو دەسەڵاتی ره‌های و هه‌ندێكی تریشیان قیامه‌تی دێننه‌وه‌ پێش چاو به‌ سزاو پاداشتیه‌وه‌.

   كه‌ ده‌ڵێ : (أصْبَحْنَا وَأَصْبَحَ الْمُلْكُ للهِ)[7] واته‌: به‌یانیمان كرده‌وه‌، خاوه‌نێتی هه‌موو شتێكیش بۆ خوا بۆوه‌.. هه‌ست ده‌كات ئه‌میش یه‌كێكه‌ له‌ دروست كراوانی خوای گه‌وره‌ كه‌ ته‌سلیمی وویستێتی.. ئه‌و خوایه‌ی كردگارو كارزان و به‌ئاگایه‌..

   كه‌ ده‌چێته‌ ناو جێگاكه‌ی و ئه‌م دوعایه‌ ده‌كات: (بِاسْمِكَ اللهُمَّ أموتُ و أحْيَا)[8] واته‌: خوایە به‌ ناوی تۆوه‌ ده‌مرم و ده‌ژیم.. هۆشێكی بۆ ژیان بۆ خواو مردن له‌ پێناوی خوادا ده‌ڕوات.. هه‌ستێك به‌ مردن ده‌كات و خۆی بۆ ئاماده‌ ده‌كات، ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكی تۆبه‌كردنی.. ئینجا ئاسوودانه‌ خۆی ته‌سلیم به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌كات و ده‌خه‌وێت.. به‌لێم ئه‌گه‌ر هیچی له‌م زیكرانه‌ نه‌ده‌زانی، یان ده‌یزانی و بیری چووبوونه‌وه‌، یان ده‌یزانی و نه‌یده‌خوێندن، هه‌ر به‌ خه‌یالێتێكی چه‌ند سه‌عاتی پووچی دنیاییه‌وه‌ سه‌ر ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رین و ئه‌وه‌نده‌ی تر بیر ئاڵۆز ده‌بێت..

   كه‌ له‌ ماڵ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌و زیكره‌كانی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌خوێنێت و ده‌ڵێ: (بِاسْمِ اللهِ تَوَكَّلْتُ عَلَى اللهِ وَلا حَوْلَ ولا قُوَّةَ الَّا بِاللهِ)[9] واته‌: به‌ ناوی خوا، پشتیوان خوایه‌، خوا به‌هێزه‌و كه‌س خاوه‌نی هیچ تواناو هێزو ووزه‌یه‌ك نیه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی خوا به‌خشیبێتی.. هه‌ست ده‌كات خوای له‌گه‌ڵدایه‌، له‌ژێر چاودێری خوادایه‌، هۆشی لای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی پشت به‌ خوای خاوه‌نی ببه‌ستێت، به‌مه‌ش شه‌یتانی لێ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌..

11 ـ یادكردنه‌وه‌ی گوناح: بیر له‌ گوناحه‌كانی بكاته‌وه‌ كه‌ پێش و دوای هیدایه‌تدان و پابه‌ندبوون و دیندارێتیه‌كه‌ی كردوونی.. ئه‌مه‌ش هاوكاریی په‌شیمان بوونه‌وه‌و تۆبه‌ ده‌كات.. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی خه‌می قبووڵ نه‌بوونی تۆبه‌كه‌یدا زیاتر هیممه‌ت ده‌كات پیاوچاكتر بێت، دیندارتر بێت.. ئه‌مه‌ وا ده‌كات به‌رده‌وام له‌ تۆبه‌كردندا ده‌بێت..

12 ـ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ژیانی كه‌ڵه‌پیاوانی ئه‌م ئوممه‌ته‌ له‌ پیاوان و ژنانی سه‌له‌ف، له‌ تابعین و قوتابیان و شوێن كه‌وتووانیان.. سه‌رنج بداته‌ خواناسییان، خواپه‌رستییان، فێربوون و فێرخوازییان.. كه‌ نموونه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بینێت شه‌رم له‌ خۆی ده‌كات خۆی بخاته‌ ریزی بچوكترینیان، ئاوا بێ هه‌واوفیز ده‌رده‌چێت.. له‌ روانگه‌ی ئه‌و نموونانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ خۆی و زوو ده‌كه‌وێته‌ چاكسازیی خۆی..

13 ـ سه‌ردانی گۆڕستان: له‌ سوودمه‌ندترین هۆكاری بیرخستنه‌وه‌ی قیامه‌ته‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ هۆش وگۆش و دڵی زیندووه‌وه‌ بچێته‌ گۆڕستان هه‌ست به‌ لاوازی و تاوانباری خۆی زیاتر ده‌كات و هۆشی تۆبه‌كردنی زووتر دێته‌وه‌ به‌ر.. بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ: (كُنْتُ نُهِيتُكُمْ عَنْ زِيارَةِ الْقُبُورِ فَزُورُوهَا فَإنَّهَا تُذَكِّرُكُمْ الآخِرَةَ )[10] واته‌: رێم لێتان گرتبوو بچنه‌ سه‌ر گۆڕ، ئێستا رێتان ده‌ده‌م، بچن..  چونكه‌ گۆڕستان رۆژی دواییتان دێنێته‌وه‌ یاد..

15ـ ئیعتیكاف كردن: واته‌ مانه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتدا به‌ ئومێدی پاداشت وه‌رگرتن.. له‌ ره‌مه‌زاندا بێت یان له‌ مانگه‌كانی تردا، هه‌رچه‌نده‌ ئیعتیكاف له‌ ره‌مه‌زاندا چێژێكی تری هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كه‌سێك توانی هه‌ر ده‌ رۆژه‌كه‌ی كۆتایی ره‌مه‌زان هه‌ر له‌ مزگه‌وتدا بمێنێته‌وه‌و نه‌یاته‌ ده‌ره‌وه‌.. تامی ئه‌مه‌ كه‌سانێك ده‌یزانن كه‌ خۆیان ئاوا ماونه‌ته‌وه‌و ئه‌و ده‌ رۆژه‌یان له‌ خۆشه‌وویستی خوادا ـ دوور له‌ چاوی خه‌ڵكی ـ به‌ نوێژو تاعه‌ته‌وه‌، به‌ زیكرو قورئان خوێندنه‌وه‌، به‌ دوعاو نزاو پاڕانه‌وه‌وه‌، به‌ وه‌رگرتنی زانستی شه‌رعیه‌وه‌، به‌ موحاسه‌به‌ی نه‌فسی خۆیانه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌..

 



[1]  الالباني: صحيح الجامع الصغير (5509).

[2] الالباني: صحيح الجامع الصغير (5509).

[3] بوخاري (1443) ، موسليم (1010) .

[4] (14 و 15 و 15) ی مانگە عەرەبيەكان. ئەبوداوود (1479)، ترمذي (2969)، شێخی ئەلباني لە (صحيح سنن الترمذي 3/138) دا بە سەحيحي داناوە..

5  ئه‌بوداوود (1479)، ترمذي (2969)، شێخی ئه‌لبانی له‌ (صحیح سنن الترمذي 3/138) دا به‌ سه‌حیحی داناوه‌..

[6] حه‌سه‌نی به‌سری ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت شه‌وو رۆژێك گریا، هه‌تا هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌زه‌ییان پێدا هاته‌وه‌، كه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوون و لێییان ده‌پرسی بۆچی ده‌گریت؟ ئاخری فه‌رمووی: گوناحێكم بیر كه‌وته‌وه‌ كه‌ كردوومه‌! یان ره‌بیعی كوڕی خوسه‌یم هه‌موو شه‌وێك ئه‌وه‌نده‌ ده‌گریا دایكی لێی كه‌وته‌ گومانه‌وه‌و پرسی : رۆڵه‌ پێم وایه‌ كه‌سێكت كوشتبێت بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆت به‌ تاوانبار ده‌زانیت؟ كێیه‌ پێمان بڵێ با سوڵحیان له‌گه‌ڵ كه‌ین!! ئیتر فه‌رمووی: به‌ڵێ دایه‌ گیان نه‌فسی خۆمم كوشتووه‌..

[7] له‌ زیكره‌كانی محمد سعید القحطانی كۆی كردۆته‌وه‌و شێخی ئه‌لبانی توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی كردووه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ ده‌فه‌رموێ : سه‌حیحه‌.. 

[8] بوخاري (6324).    

[9] ئه‌بوداوود (5095 )، ترمزی (3426) شێخی ئه‌لبانی رحمه‌الله‌ له‌ (صحیح أبی داود) دا به‌ سه‌حیحی ناساندووه‌.     

[10] موسلیم (977)، ترمزی (1054)، نه‌سائی (2033) .. له‌ ریوایه‌تێكی تردا ده‌فه‌رموێ : (فإنَّهَا تُژَكِّرُكُم المْوتَ) واته‌ مردنتان ده‌خاته‌وه‌ یاد..  موسلیم (976)، ئه‌بوداوود (3234)، نه‌سائی (2034)، ئیبنوماجه‌ (1572)، مه‌سنه‌دی ئه‌حمه‌د (2/441).  


كۆمه‌ڵكاری